بابەتزانستە بنەماییەکان

پێناسەی کیلۆگڕام دەگۆڕێت، ئەمە بەواتای چییە؟

پێناسەی کیلۆگڕام دەگۆڕێت، ئەمە بەواتای چییە؟

 

لەکۆتاییدا، پاش 130 ساڵ لە دامەزرانی کیلۆگڕام، ماوەیەکە باس لە خانەنشینکردنی یەکەی پێوانەیی کیلۆگڕام دەکرێت. بەڵام ئەو بابەتە بەو ساناییەوە نییە، پاش لابردنی ئەو پێناسە پێوانەییە پێویستە پێناسەیەکی نوێ بۆ کیلۆگڕام بدۆزرێتەوە کە وەک ڕێکترین و دروستترین پێوانەی کێش هەژمار بکرێت. لە ڕۆژی ١٦ نۆڤێمبەردا، کۆنفرانسی گشتی پێوانەکان و کێشەکان(CGPM) لە ڤێرسایلس بە فەرمی دەنگی بە گۆڕینی یەکەی پێوانەیی کێش واتا کیلۆگڕام دا.

هەرچەند زۆربەی جەماوەری ئاسایی سەبارەت بە پێوانەناسی(زانستی پێوان) وەک مژارێکی گرینگ و بەرچاو بیر ناکەنەوە، بەڵام بۆ زانایان ئەو مژارە بابەتێکی زۆر گرینگ و ئەستەمە. سیستەمی گشتی پێوان تەنیا سیستەمێک بۆ پێوان لە جیهاندا نییە، بەڵکو سیستەمێکە کە زانستوانان دۆزینەوەکانی خۆیانی پێ شرۆڤە دەکەن. دروستی و وردبینیی ئەو سیستەمە دەتوانێت کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر هەر چەشنە تاقیکارییەک و هەر لێکۆڵینەوەیەک هەبێت. بەم پێیە سیستەمی پێوانی هەر دیاردەیەکی زانستی پێویستە زۆر وردبین بێت و لەسەر بنەمای یاسا گشتییەکانی جیهان دامەزرابێت.

بەگشتی لە شەش یەکەی بنەمایی سیستەمی ناونەتەوەیی یەکەکان(SI)، چوار یەکە لەسەر بنەمای نەگۆڕە فیزیکییەکان نین و پێناسەکانیان بەپێی گرێبەست دیاری کراوە. ئەمپێر (بۆ ڕەوتانە)، کلوین(بۆ  پلەی گەرمی)، مۆل (ڕادەی هێمانەکان) و کیلۆگڕام (ماددە). بە گشتی لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەوڵی زانستوانان بۆ ئەوە بووە کە یەکەکانی پێوان لەسەر بنەمای نەگۆڕە فیزیکییەکان پێناسە بکرێن تا بتوانن پێناسەیەکی نەگۆڕ و هەمیشەیی ساز بکەن و ئەو بنەمایە بە شێوازێکی جیهانی لە هەر شوێنێک نەگۆڕ بێت.

بۆ نموونە یەک مەتر ئاوا پێناسە دەکرێت: مەودایەک کە ڕووناکی لە ماوەی 1.299792458 چرکەدا و لە بۆشایی دەیپێوێت. چرکە خۆی لەسەر بنەمای ماوەیەکە کە ئەتۆمی سیزیۆم 9192631770 کەڕەت دەلەرێتەوە. بەڵام کیلۆگڕام لەسەر بنەمای کیلۆگڕام پێناسە کراوە!!!

کێشی یەک کیلۆگڕام لەسەر بنەمای نموونەی سەرەتایی نێونەتەوەیی کیلۆگڕام(IPK) پێناسە کراوە کە لە ساڵی ١٨٨٩ لە ٩٠٪ پلاتینیۆم و ١٠٪ ئیریدیۆم ساز کراوە و ئێستاکە لە ئەستوونێکی تایبەتی لە بنکەی سەرەکی ئیدارەی ناونەتەوەیی پێوانەکان و کێشەکان BIPM ڕادەگیڕێت و چاودێری دەکرێت. لە ڕاستیدا کیلۆگڕام تەنیا یەکەی بنەمایی SIیە کە ئێستاکەش بە ماکێکی فیزیکی پێناسە دەکرێت.

کۆپیگەلێکی زۆر لەو نموونە سەرەتاییە لە شوێنی جیاواز لە جیهاندا بڵاو بوونەوە. ئەو نموونەگەلە وەک ستانداردێکی نەتەوەیی لە وڵاتە جیاوازەکان کەڵکیان لێوەردەگیرت و جاروبار بۆ هەڵسەنگاندن لەگەڵ نموونەی سەرەکی دەنێردرێنەوە بۆ فڕەنسا. گرفتی سەرەکی ئەو شێوازە پێناسەکردنە هەر لێرەوە دەست پێدەکات. لەڕاستیدا ئەو کۆپیگەلەی کە لە IPK ساز دەکرێن پاش ماوەیەک لە کێشی نموونەکە دوور دەکەونەوە و جیاوازیی لە نێوانیاندا ساز دەبێت. ئەوە ڕوون نییە کە ئاخۆ کۆپییەکان کێشی خۆیان لەدەست دەدەن یاخود ماکی IPK زۆر دەکات، بەڵام ئەوە ڕوونە کە هیچ کام لەو دوو بژاردەیە بۆ وردبینی پێوانی زانستی ئایدیاڵ و نموونە نین، بەتایبەت ئەگەر مژاری پێوان لە ئاست ژێر میکرۆگڕامدا بێت.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا پێوانەناسەکان سەبارەت بە پێویستیی ستانداردێکی نوێ بۆ پێناسەکردنی کیلۆگڕام زۆر لێدوانیان هەبووە. ئێستاکە، زانستوانان لەسەر پێناسەکردنی کیلۆگڕام لەسەر بنەمای نەگۆڕی پلانک کە ڕێژەی وزە لەمەڕ لەرەی فۆتۆنێکە ڕێککەوتوون. لە ڕاستیدا بۆ پێناسەکردنی کیلۆگڕام بە یارمەتیی نەگۆڕی پلانک پێویستە ئەو یەکەیە بە یارمەتیی سێ تێرمی فیزیکی پێناسە بکەین: نەگۆڕی پلانک، لەرەی ڕێزۆنانسی ئەتۆمی سیزیۆم و خێرایی ڕووناکی. ئەم پێویستییە بەم هۆیەوە ساز دەبێت کە یەکەی نەگۆڕی پلانک Kg.m2/s یە و بەم پێیە پێویستە سەرەتا مەتر(لەسەر بنەمای خێرایی ڕووناکی) و چرکە (لەسەر بنەمای ئەتۆمی سیزیۆم لە کاتژمێری ئەتۆمیدا) پێناسە بکرێن. کەواتا، بەپێی پێناسەی نوێ بڕی یەک کیلۆگڕام پێویستە بە ڕێککردنی بڕی ژمارەیی نەگۆڕی پلانک بە چەشنێک کە ڕێک هەڤیەکی 10-34*…6.626069 مریس دەکرێت کە یەکەی SI دەبێت ب Kg.m2/sە  کە هەڤیەکی  هەژمار دەکرێت. ئەو پێناسەیە بە فەرمی لە 20ی مەی 2019ی زایینی وەک پێناسەی فەرمی کیلۆگڕام ڕادەگەیێندرێت و لە سیستەمی نوێی SIیدا یەکەی کیلۆگڕام بۆ Kg.m2/s دەگۆڕدرێت.

ئەو گۆڕانکارییە هیچ گرفتێک لە ژیانی ڕۆژانەی جەماوەری ئاساییدا ساز ناکات و هەر وەک ڕابردوو کیلۆیەک سێو هەر کیلۆیەک دەمێنێتەوە. گۆڕانی ئەو بنەمایە زۆرتر بۆ باسە زانستییەکان و پێوانە گرینگە زانستییەکان پێویستە. هەر وەک پێشتر باس کرا ستانداردی بنەمایی یەکەکان دەتوانێت کاردانەوەی لەسەر یەکەی تریش هەبێت. گۆڕانی بنەمای پێوانەیی کیلۆگڕام دەتوانێت کاردانەوەی لەسەر یەکەی ئەمپێر، کاندێلا و هتد هەبێت و پێویستە ئەو یەکەگەلەش پێناسە بکرێنەوە.

ئەم گۆڕانکارییە دەرگایەکە بەرەو ڕووی زانستوانان بۆگەشەی بێکۆتا لە وردبینی پێواندا و ئیزن بە زانستوانان دەدات بە وردبینییەکی زۆر دەگمەنەوە چەندێتیی زۆر گەورە و بچووک بپێون. هەڵبەت پێویست نییە نیگەرانی IPK بن. ئەو کوتە کانزاییەی کە بۆ ساڵانێکی زۆر وەک شتێکی بەنرخ هەڵگیرابوو هەر لە دۆخی کۆنتڕۆڵکراوی خۆیدا دەمێنێتەوە. ئەو پێناسە نوێیە زۆر ئەستەم نییە و پاش ماوەیەک ڕاهێنان خوێندکاران بە ئاسانی لێی تێدەگەن و دەتوانن خووی پێوە بگرن.

ئامادەکردنی: فاڕووق ئەحمەدی

سەرچاوە:

General Conference on Weights and Measures (CGPM)

Versailles

Le kilogramme est mort, vive le kilogramme

metrology

International System of Units (SI)

constants of physics

ampere

current

kelvin

substance

International Prototype of the Kilogram (IPK)

platinum

iridium

International Bureau of Weights and Measures

Planck constant

ratio of energy to frequency of a photon

Term

the resonant frequency of the caesium atom

the speed of light

 numerical value

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button