بابەتزانستە بنەماییەکانڤیدیۆ

کۆنترۆڵی ئافاتی کشتوکاڵ

یەکێک لە ڕێگاکانی بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵی ئافاتی کشتوکاڵ، کۆنترۆڵی بایۆلۆژیکە. لەم شێوە کۆنترۆڵییەدا لەجیاتی بەرهەمهێنانی مێشکوژ و گیراوە کیمیاییەکان، لە مێرووەکان یان ئورگانیزمەکانی دیکە وەک بەکتریا، کەڕوو و ڤایرۆس کەڵک وەردەگرن و بەم شیوە ژمارەی ئافاتەکان کۆنترۆڵ دەکەن و لە زیادکردنیان بەرگری دەکەن.
یەکێک لە شێوازەکانی کۆنترۆڵی بایۆلۆژیک، پارازیتەکردنی ئەو ئافاتەیە کە مەبەستی ئێمەیە و دەمانەوێت کۆنترۆڵی بکەین. واتە ئەو بوونەوەرەی کە بۆ کۆنترۆڵی بایۆلۆژیک هەڵبژاردراوە، هێلکەکانی خۆی لەناو یان لە ڕووبەری لەشی ئافاتی خانەخوێدا دادەنێت. پاش دەرهاتنی کرمۆکەکان لە هێلکە و گەشەکردنیان، دەست دەکەن بە خواردنی لەشی ئافاتەکە. پاشان بە دەرهاتن لە لەشی خانەخوێیەکە دەبنە هۆی گیان لەدەستدانی. کەواتە بەم شێوە ئافاتەکە بەر لەوە کە بەتەواوی گەورە ببێت و ببێتە هۆی لەناوبردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، خۆی لەناو دەچێت. لە ئێستادا لە وڵاتە پێشکەوتووەکان، لەجیاتی کۆنترۆڵی کیمیایی، لە شێوازی کۆنترۆڵی بایۆلۆژیک کەڵک وەردەگرن چونکە ئەمە ڕێگایەکی زۆر سەلامەت و بێمەترسییە بۆ گیانلەبەرەکانی سەر زەوی.

سەبارەت بە ڤیدیۆکە:
لەم ڤیدیۆیەدا ئێوە دەبینن کە کرمۆکەی پەپوولە کە تا ئاستێکی یەکجار زۆر زیان دەگەیەنێت بە گژوگیاکان، لە لایەن هێلکەی مێرووی زەردەواڵەوە، کۆنترۆڵی بایۆلۆژیک دەکرێن. هێلکەکان هەر کە دەچنە ناو لەشی خانەخوێیەکەوە، بەخێرایی دەبن بە کرمۆکە و ئەم کرمۆکانە بۆ زیندوومانەوە و گەشەکردن، پێویستیان بە خانەخوێیەکەیە و بەوردی ئاگادارن کە زیان نەگەیەنن بە ئەندامە گرینگەکانی کرمۆکەکەی خانەخوێ. پاش ئەوەی کە بە ڕادەی پێویست گەشەیان کرد، دەست دەکەن بە هاتنە دەرەوە لە لەشی خانەخوێیەکە، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانن هەموویان بێنە دەرەوە، پێش هاتنەدەرەوە مادەیەکی ژەهراوی لەناو لەشیدا بەجێ دەهێڵن و دەبنە هۆی ئیفلیجیی کاتیی خانەخوێ.
لە لایەکیشەوە، هەر لە سەرەتاوە مێرووەکە لەگەڵ هێلکەکانی خۆی، جۆرە ڤایرۆسێکیش دەخاتە ناو لەشی خانەخوێیەکە و ئەم ڤایرۆسانە پاش دەرهاتنی کرمۆکەی مێرووەکە لە لەشی خانەخوێیەکە، دەبنە هۆی گۆڕانی هەڵسوکەوتی و وا دەزانێت کرمۆکەکانی مێرووەکە منداڵەکانی خۆین و بەم شێوە چاودێریان دەکات و ناهێڵێت هێرش بکرێتە سەریان. بەڵام خۆی پاش ماوەیەک وردە وردە لاواز دەبێت و دەمرێت.

pest ئافات
agriculture کشتوکاڵ
pesticide مێشکوژ
chemical compounds گیراوە کیمیاییەکان
insect مێروو
parasite پارازیتەکردن
host خانەخوێ
egg هێلکە
larva کرمۆکە
parasitoid ئەو بوونەوەرەی وا بۆ کۆنتڕۆڵی بایۆلۆژیک هەڵدەبژێردرێت.

ئامادەکردن: ئاوات دێهقان

سەرچاوەکان:
https://extension.umd.edu/hgic/topics/parasitoid-wasps-hymenoptera
https://biocontrol.entomology.cornell.edu/what.php

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button