بابەتتەکنەلۆجیا

هەرچی زانیاریت هەیە لەسەر چاپکەری سێ ڕەهەندی، لە بیری بەرەوە؛ “لەبەرگرەوە”ی نوێ دادێت

هەرچی زانیاریت هەیە لەسەر چاپکەری سێ ڕەهەندی، لە بیری بەرەوە؛ “لەبەرگرەوە”ی نوێ دادێت
لەبەرگرەوەیەکی نوێ داهاتووە کە لە جیاتی ئەوەی وەک چاپکەری سێ ڕەهەندی بە شێوەی چین چین شتەکان دروست بکات، ڕووناکی لە ماددەیەکی شلەمەنی دەدات و ئەو مادەیە خۆی دەگرێت و بەم شێوەیە پێکهاتەی گشتیی ئەو شتە دروست دەکات کە دەمانهەوێت.
توێژەرەران چاپکەرێکی سێ ڕەهەندی دروست دەکەن کە یەکجێ ئەو شتەی دەمانهەوێت دروستی دەکات و ئەو کارە بە شیوەی سەریەکنانی چین چینی ماددەکان ئەنجام نادات. ژۆزێف دەمیسۆن پسپۆڕی کیمیا لە زانکۆ کارۆلینای باکوور لە کەپیتڵ هیل دەڵێت “ئەمە پێشکەوتنێکی سەرنجڕاکێشە کە دەکرێت لە ڕێگەیەوە شتە بچوک و ڕوونەکان بە خێرایی دروست بکەین.”
بەپێی زانیارییەک کە سەبارەت بەم ئامێرە لە گۆڤاری سایێنسدا بڵاو کراوەتەوە، ئامێرەکە پێچەوانەی پشکنینی تۆمۆگرافی ژمێرکاریکراو (CT) کار دەکات. لە ماشینگەلی CTدا، بۆریی تیشکی ئیکس بە دەوری نەخۆشێکدا دەسووڕێتەوە و چەندین وێنە لە ناوەوەی لەشی کەسەکە هەڵدەگرێت. پاشان کۆمپیوتەرێک لە ڕێگەی پرۆجێکشنەوە وێنەیەکی سێ ڕەهەندی دروست دەکات.
تیمی توێژەران زانییان کە دەکرێت ئەو پێواژۆیە پێچەوانەش جێبەجێ بکرێت. سەرەتا مۆدێلی کۆمپیووتەری تەنێکی سێ ڕەهەندیمان هەیە و سەیری دەکەین کە لە گۆشەی جیاجیاوە چۆن دەردەکەوێت، پاشان وێنەی دووڕەهەندی بەرهەمهاتوو لەم کارە دەدەین بە پرۆجێکتۆرێکی ئاسایی. پرۆجێکتۆرەکە وێنەکان دەنێرێت بۆ دەفرێکی لوولەکی کە ئەکریلەیتی تێدایە. ئەکریلەیت جۆرێک شیلەیە.
لەگەڵ ئەوەی کە پرۆجێکتۆرەکە بە دەوری شتەکەدا ٣٦٠ پلە دەگەڕێت، دەفرەکەش بە هەمان پلە دەسووڕێت. لەگەڵ سووڕانی دەفرکە، ڕووناکییەکی پێدەگات. ئەگەر بڕی رووناکییەکە لە ئاستێک زیاتر بێت لەو شوێنەدا شیلەکە خۆی دەگرێت و دەبێتە پلاستیک. ئەمەش بە هۆی ئەوەیە کە لە ئاستێک بەرەو سەر شیلەکە فۆتۆنەکان هەڵدەمژێت. ماددەی ئاکریلەیت بە قۆناغی پۆلیمێربووندا تێدەپەڕێت و مۆلکیولەکان لە زنجیرەیەکدا یەک دەگرن و پلاستیکی خۆگریان لێ دروست دەبێت.
بۆ تەنێک کە تەنیا چەند سانتیمەتر درێژە، ئەو قۆناغانە هەمووی نزیکەی دوو خولەک درێژە دەکێشن. توێژەران وەک نموونە پەیکەری ئاگۆست ڕۆدینیان دروست کرد کە درێژییەکەی چەند سانتیمەترە. کارکردن بەم شێوازە زۆر لە چاپکردنی ئاسایی سێ ڕەهەندی کارایی زیاترە، بۆ وێنە دەکرێت تەنێک دروست بکەین کە دەچێتە ناو تەنێکی دیکەوە. هەروەها ئەو پێکهاتەی دروست دەکرێت زۆر ڕێکترە لەوەی کە بە چاپکەرە سێ ڕەهەندییە باوەکان دروست دەکرێت و ئەوەش بۆ بەرهەمهێنانی پارچەکان یارمەتیدەر دەبێت.
زانایان پێشنیار دەکەن کە لەم شێوازە بۆ بەرهەمهێنانی پارچە پێویستیەکان لە بواری پزیشکیدا کەڵک وەربگیرێت.

سەرچاوە:

https://www.nature.com/articles/d41586-018-07798-9

نووسینی: محەممەد محەممەدئەمینی

وشەکان:

Replicator لەبەرگرەوە
Computed Tomography تۆمۆگرافی ژمێرکاریکراو
Container دەفر
Acrylate ئەکریلەیت
Polymerization بەپۆلیمێربوون
Resin شیلە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button