بابەتژینگە

بوونەوەرانی دەریایی ئوسترالیا بوونەتە قوربانیانی نەبینراوی ئاگرکەوتنەوەی ئەو وڵاتە

بوونەوەرانی دەریایی ئوسترالیا بوونەتە قوربانیانی نەبینراوی ئاگرکەوتنەوەی ئەو وڵاتە

 

خۆڵەمێش و قوڕ و جڵیتاو بۆ ناو ڕووبارەکان ڕاماڵدراوە و ناوچەکانی کەناری دەریا و ئێکۆسیستێمی ژێرئاو دەخنکێنێت.

ئاگرە گەورەکەی ئوسترالیا زەوی و دارستانەکانی ئەو وڵاتەی وێران کردووە و تا ئێستا مەزەندەکراوە یەک ملیار ئاژەڵی سەر زەویی کوژراون. بەڵام لە لایەکی دیکەشەوە لێکۆڵەران لە بابەت قوربانیبوونی بوونەوەرانی دەریایی نیگەرانن.

بە پێی ڕاپۆرتی دێپارتمانی ژینگە و وزەی ئوسترالیا (DEE) زۆرتر لە ۱۷/۱ ملیۆن هیکتار زەوی لە سەرانسەری ئوسترالیادا سووتاوە. ئادریان مدر، هەڵمەتبەری دەریایی لە کۆمەڵی پاراستنی دەریایی ئوسترالیا (AMCS) دەڵێ: ئەم ئاگرە بەشێکی زۆری گیای سووتاو و خۆڵەمێش بەجێ دەهێڵێت.

قوڕ و جڵیتاو دەچێتە ناو کۆئەندامی هه‌ناسه‌کێشانی ماسی و پێش لە تیشکی هەتاو دەگرێت. گیا و قەوزەی دەریایی بۆ پێویستیان بە تیشکی هەتاوە و نەبوونی تیشکی هەتاو دەیانخنکێنێت.

ئاگرەکەی ئوسترالیا دارستانێکی زۆری لە نزیک کەناری دەریا سووتاندووە و بۆتە هۆی لەناوچوونی ئەو جۆرە گیایەی کە دەبنە هۆی پاڵاوتنی قوڕ و جڵیتاو و خۆراکی زیادە.

زۆربەی ئەو بوونەوەرانەی بە مەبەستی بازرگانیی سەیر دەکرێن وەک ماسی سەرپان، ڕۆبیان و جۆراوجۆری گوێچکە ماسی ژیانی خۆیان لە دەریاچەکانی کەناری دەریا و قەوزەی دەریایی دابین دەکەن. ئەم ژینگانەی کەناری دەریا بۆ هێلکەکردنی بوونەوەران وەک ئەسبی دەریایی باشن. وێرانکردنیان دەتوانێت شەپۆلێکی نەرێنی بێت بۆ سەرانسەری ئێکۆسیستێمی گەورەتر.

بە پێی DEE هەرئێستا بڕێک لەم کاریگەریانە هەستی پێدەکرێت. ئەم ئاگرکەوتنانە لە باشووری نیوساوت ولز و ویکتۆریا و لە دوورگەی کانگورۆ، کێشەی بۆ ڕاوگەی ماسی و پەروەردەکردنی بوونەوەری ئاوی دروست کردووە.

کاتێک بارینی باران لە نیوساوت ولز دەستی پێکرد، ئەندامانی Darkinjung، کە ئەنجوومەنێکی ناوخۆیی ژینگەییە، بەربەستیان بۆ ڕاگرتنی لافاوی قوڕ و جڵیتاو و ئاوی پڕ لە خۆڵەمێش بۆ ناو ڕووبارەکان و دەریاچەکان و ڕێژگەکان ئامادە کرد. بە پێی ڕاپۆرتی کلوین جانسون ئەفسەری پایەبەرزی بەڕێوەبەرایەتی خاک، هەرئێستا بڕێک ماسی مردوو لە ڕووبارەکانی دەوروبەر بینراوە.

جانسون دەڵێ: ئاگرکەوتنەوە و ئاسەوارەکانی بووەتە هۆی ئەم کێشانە و دەتوانێت ببێتە هۆی زیانی کەلتووری.

هەرچەندە بۆ زانینی ئاستی زیانەکە زۆر زووە، بەڵام ئەگەر ئاگرکەوتنەکە، ئازاری بە گوێچکە ماسییەکان و گیاندارانی ئاوی قاوغدار، ماسی سەرپان و ماسی بوری گەیاندبێت، دەبێتە نیشانەی خەسارێکی کەلتووری گەورە.

مانگی ڕابردوو، دەوڵەتی فێدرالی ئوسترالیا ئابوونەیەکی چاککردنەوی ۵۰ ملیۆن دۆلاری بۆ گەڕاندنەوە و پاراستی ئێکۆسیستمی زیانپێگەیشتوو ڕاگەیاند. بەڵام بۆ ناوچەی دەریایی و ئاوی هیچ پلانێکی تایبەتی پێشبینی نەکراوە.  DEE ئاشکرای کرد دا کە بڕێک لەم ئابوونەیە لەوانەیە بۆ دەستێوەردانی خێرا وەک کۆنترۆڵی ڕاماڵین بۆ تێڕژانی لیته لەناو ئێکۆسیستمی ئاوی بەکار بهێنرێت.

ئۆقیانووس و کەناری دەریا یارمەتیی تایبەتیان دەوێت. هەرچەندە وێرانبوون لەسەر زەوی زیاتر دیارە، سروشتی ئۆقیانووس و زەوی بەیەکەوە گرێ دراوە.

 

نووسەر: Doug Johnson, Hakai Magazine

ئامادەکردن: ئەژین جەلالی

 

وشەکان:

ئادریان مدر Adrian Meder

هەڵمەتبەر campaigner

خۆراکی زیادە excess nutrients

ماسی سەرپان  flathead

ڕۆبیان prawns

 گوێچکە ماسی shellfish

نیو ساوت ولز New South Wales

ویکتۆریا Victoria

 دوورگه کانگورو Kangaroo Island

 ڕاوگەی ماسی fisheries

 ڕێژگە  estuary  

کلوین جانسون Kelvin Johnson

 گیاندارانی ئاوی قاوغدار    crustaceans

ماسی بوری  mullet

 ئابوونەی چاککردنەوە recovery fund

 ڕاماڵین erosion

 تێڕژانی لیته sediment flows 

 

سەرچاوە:

https://www.scientificamerican.com/article/australias-marine-animals-will-be-bushfires-unseen-victims/

 

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button