بابەتتەندروستی

گەر دەتانهەوێت تەندروست بن، فێر بن چۆن دەستەکانتان بە شێوازێکی دروست بشۆن

گەر دەتانهەوێت تەندروست بن، فێر بن چۆن دەستەکانتان بە شێوازێکی دروست بشۆن.

شۆردنی دەست بۆ لەناوبردنی میکڕۆب و هەروەها بۆ ڕێگری لە تووشبوون بە نەخۆشیگەلێک وەک COVID-19 باشترین ڕێگایە.

 

ئەگەر لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ یان COVID-19 نیگەرانن یا تەنانەت لە بڵاوبوونەوەی ئەنفلوەنزای وەرزیش دەترسن، ڕێگایەکی ئاسان بۆ بەرگریکردن لە تووشبوون بەم جۆرە نەخۆشیانە هەیە: دەستشۆردن. سەنتەری بەرگری و چاوەدێریی نەخۆشییەکان دەڵێت شۆردنی دەست بۆ بەرگریی لە تووشبوون بە نەخۆشی و بڵاوبوونەوەی میکڕۆبەکان یەکێک لە گرینگترین هەنگاوەکانە. ئەوان هەروەها ئاماژە بەمە دەکەن کە خاوێنی سەرەتایی دەتوانێت بەرگری بکات لە بڵاوبوونەوەی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە وەک هەواپەتا یا ئەنفلوەنزا و نەخۆشیی سکچوون وەک نۆرۆڤایرۆس.

شۆردنی دەست چەندە کاریگەرە بۆ پێشگرتن لە تووشبوونی نەخۆشی؟

لە کاتێکدا زۆربەی خەڵک بۆ پاراستنی خۆیان لە COVID-19، دەمامک دەکڕن، ڕێکخراوە جیهانییەکانی تەندروستی پێشنیار دەکەن کە ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشی دەبن بۆ پاراستنی دەوروبەرەکانیان، دەمامک بەکار بێنن. بەهۆی ئەوەیکە کاتێک کەسێکی نەخۆش دەپژمێت، بەکارهێنانی دەمامک بەرگری دەکات لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس لە هەوادا. بەڵام دەست لێدان لە ڕووبەری پیس و دواتر لە دەموچاو، کە لە ڕۆژدا ڕەنگە زیاتر لە ٥٠ جار وابکەین، تووشی نەخۆشیمان دەکات.

کەواتە باشترین کار شۆردنی زووزووی دەستە. ئەگەر زانیاری خەڵک لە بابەتی شێوازی شۆردنی دەست بەرز بێتەوە، ڕادەی تووشبوون بە نەخۆشی کۆئەندامی هەناسە لە سەدا ۱۶ بۆ۲۰ و ڕادەی تووشبووان بە سکچوون لە سەدا ۴۰ دادەبەزێنێت.

 لە چ کاتێک و چەند جار دەبێ دەستمان بشۆین؟

دەبێت لەم کاتانەدا دەستتان بشۆن: پێش و دوای ئامادەکردنی چێشت و پێش خواردن، پێش و دوای چاوەدێری لە نەخۆش یا دەست لێدان لە نەخۆش، دوای بەکارهێنانی گەرماو یان گۆڕینی دایبیی منداڵ، دوای دەست لێدان لە ئاژەڵ و هەروەها خواردنی ئاژەڵ یا پاشماوەی ئاژەڵ، دوای لووت سڕین، کۆکە و پژمین، دوای دەست لێدان لە زبڵ و لە کۆتاییدا پێش تێخستن و دەرهێنانی لێنزی چاو.

شێوازی دروست بۆ شۆردنی دەست چییە؟

دەستتان بە ئاوی شیلەوتین تەڕ بکەن. سابوون لە دەستتان بدەن. دڵنیا بن کە پشتی دەستتان، نێوان قامکەکانتان و ژێر نینۆکەکانتان کەفی سابوونی لێ درابێت. ۲۰ بۆ۳۰ چرکە دەستتان بشۆن، زۆربەی گەورەساڵان تەنیا ۶ چرکە دەستیان دەشۆن. دەستتان وشک بکەنەوە، دەستی تەڕ بە ئاسانی میکڕۆب دەگوازێتەوە.

شۆردنی دەست باشترین ڕێگایە بۆ لەناوبردنی میکڕۆب، بەڵام بەکارهێنانی خاوێنکەرەوەیەک کە لە سەدا ۷۰ی ئەلکۆلی تیدا بێت جێگرەوەیەکی باشە.

 

نووسەر: Rachel Feltman

ئامادەکردن: ئەژین جەلالی

 

وشەکان:

کۆئەندامی هەناسەدان respiratory

هەواپەتا cold

سکچوون diarrheal

نۆرۆڤایرۆس  norovirus

ڕووبەر surface

 

سەرچاوە:

https://www.popsci.com/story/health/how-to-wash-your-hands-avoid-illness/

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button