گۆڤاری هۆژین – ژمارە ٤

گۆڤاری هۆژین – ژمارە چوار

لەم ژمارەیەدا

یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکان لە سەرەتای زۆربەی توێژینەوە کردارییەکاندا بواری کەڵک و بەکارهێنانی ئەو توێژینەوەیە. بۆیە زۆر ئاساییە کە خوێنەرانی هۆژین ڕووبەڕووی ئەو پرسیارەمان بکەنەوە کە خوێندنەوەی ئەم گۆڤارە چ قازانج و کەڵکێک بە خوێنەر دەگەیەنێت؟! ئەم ژمارەی هۆژین کۆمەڵێک وتار لە خۆ دەگرێت کە زۆربەیان ڕاستەوخۆ پرسەکانی ژیانی ڕۆژانەمان دەخەنە بەر باس و وەڵامدەری پرسیارەکانی چینێکی تایبەت یان سەرجەم کۆمەڵگان.

سەرەتا و لە دەستپێکی بەشی زیندەوەرناسی و پزیشیکدا وتارێکی تێروتەسەل لەسەر “هەڵەکانی ناو دی.ئێن.ئەی و سازبوونی شێرپەنجە” دەخوێننەوە. گرینگیی ئەم وتارە باسکردنی چۆنیەتیی سازبوونی شێرپەنجە لە ئاستی زیندەوەرناسیدایە و بنەمای تیۆریکی سازبوونی زۆرینەی شێرپەنجەکان خراوەتە بەر باس. لە درێژەی ئەم بەشەدا لەسەر دوو نەخۆشیی باو دەخوێنینەوە کە ئەوانیش بریتین لە “جەڵتەی مێشک” و “شەکرە یان دیابێت”.

کارەساتی هەژێنەری بوومەلەرزەی کوردستان هانی داین بۆ ئەوەی کە لە ڕوانگەی زانستییەوە لەسەر بوومەلەرزە و ڕەهەندە پەیوەندیدارەکانی بنووسین. فایلی تایبەتی ئەم ژمارەمان تەرخان کراوە بۆ بوومەلەرزە. هۆکارەکانی ڕوودانی بوومەلەرزە، پێوانی بوومەلەرزە، پێشبینیی بوومەلەرزە، کاریگەریی بوومەلەرزە بەپێی جۆری زەوی، بوومەلەرزە و بیناسازی ئەو بابەتانەن کە لەم بەشەدا باس کراون. بەو پێیەی کە ناوچەیەکی بەرفراوان لە کوردستان لە مەترسیی بوومەلەرزەدایە هیوا دەخوازین کە ئەم هەوڵە بچووکەی ئێمە بۆ توێژینەوە و ئاگادارکردنەوەی هاوڵاتیان درێژەی هەبێت و پێشوازی لە بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی پەیوەندیدار بەم بوارە دەکەین.

لە بەشی زانستدا کۆمەڵێک دیاردە باس دەکرێن کە بابەتی توێژینەوەی زانستی فیزیکن. سازبوونی بڵقێکی دەستکرد لە دەوری زەوی، تایبەتمەندیی کوانتۆمیی باڵندەی ڕۆبینی ئەورووپی بۆ ناسینەوەی ڕێگە، پلەکانی گەرمی لە چینەکانی ئەتمۆسفێری خۆر و شەپۆلەکانی کێشکردن ئەو بابەتانەن کە لەم بەشەدا هاتوون.

بەشی ئەندازیاری بە وتاری “ماددە ئامانجدارەکان” دەست پێدەکات، ئەو ماددانەی کە بەپێی دۆخ، تایبەتمەندییان دەگۆڕیت بۆ تایبەتمەندیی گونجاو بۆ ئەو دۆخە. “خانە هەتاوییەکان” ناونیشانی بابەتێکی ترە کە باس لە چۆنیەتیی کارکردنی خانە هەتاوییەکان دەکات. لە درێژەی بەشی ئەندازیاریدا وتارێک بە ناوی “ژیرا: یەکەم سیستمی تایپی ئاخاوتنی کوردی” دەخوێننەوە کە کۆتا بەشی زنجیرەی ناسینەوەی ئاخاوتنی کوردییە و یەکەم سیستمی تایپی ئاخاوتنی کوردی کە لەسەر دەستی ئەندازیارانی کورد بەرهەم هاتووە لەو وتارەدا ناسێنراوە. ئێوەی خوێنەریش ئەگەر داهێنانێکی زانستی، توێژینەوە یان بەرهەمێکی پیشەسازیی سەرنجڕاکێشتان هەیە، هۆژین دەلاقەیەکە بۆ ناساندنی داهێنانەکانتان. کورتە باسێک لەسەر “وێبی تاریک” و پلانی سازکردنی “مۆزەخانەی نیشتمانیی کوردستان” بابەتەکانی تری بەشی ئەندازیاری پێکدەهێنن.

خوێنەرانی خۆشەویستی گۆڤاری زانستیی هۆژین، گۆڤارەکەمان بە هەوڵی بەڕێوەبەران و ئەندامانی “ڕێکخراوەی زانستیی فەرهەنگیی هۆژان” بەبێ وەستان ساڵی یەکەمی خۆی تێپەڕ کرد و بەرەو ساڵی دووهەمی هەنگاو دەنێت. بەو هیوایەوە بەرەو بەهاری ساڵی دووهەم دەڕۆین کە بەهاری هۆژینیش بێت و لە بەجێهێنانی ئەرکەکانمان کە بڵاوکردنەوەی زانست و پەرەی زمانی زانستیی کوردییە پەرەسەندووتر و پێگەیشتووتر هەنگاو بنێین.

سپاسی نووسەران، ڕازێنەر و بەڕێوەبەران دەکەین کە ئەوپەڕی هەوڵیان داوە تاوەکوو بەرهەمێکی جێگەی ڕەزامەندیی ئێوەی خۆشەویست پێشکەش بکەین.

 

سەرنووسەر

موحەممەد موحەممەد ئەمینی

editor@hojan.org

 

بابەت نووسەر
سەروتار موحەممەد موحەممەدئەمینی

زیندەوەرناسی و پزیشکی

هەڵەکانی دی.ئێن.ئەی و سازبوونی شێرپەنجە دیاکۆ ئیبراهیمی
ئایا دەکرێت مێشک لە مردن ڕزگار بکەین؟! سەلاح قادری
من مرۆڤم یان ڤایرۆس؟! دیاکۆ ئیبراهیمی
دیابێت یان شەکرە یەکێک لە نەخۆشییە باوەکانی دنیای مۆدێڕن ڕەحمان بەنوورە
کاریگەرییەکانی پێڵاوی پاژنەبەرز لەسەر لەش نەسیبە بارانی

بوومەلەرزە

بوومەلەرزە چییە و چۆن ڕوو دەدات؟  ئەرشەد شاموحەممەدی
بوومەلەرزەکان و بیناکان  جەلالەددین (چیا) فاتمی

زانست

بڵقی دەستکرد حەسەن بەلەدە
باڵندە خێوەکییەکان و سەرچاوەی ژیان حوسێن حوسێنی
نزیکی و دژانبەری ئەیوب مەحموودی
لە گەرمەوە بۆ گەرمتر وریا فەیزی
هەویرە ددانی فیل فاڕووق ئەحمەدی
شەپۆلەکانی کێشکردن بەڵگەن بۆ هەڵاوسانی گەردوون سولەیمان مەعرووفی

ئەندازیاری و تەکنۆلۆژی

ماددە ئامانجدارەکان شۆڕشێک لە دنیای ماددەکاندا ئەمیر پەڕغازە
خانە هەتاوییەکان ئاوات محەمەدی
ژیرا: یەکەم سیستمی تایپی ئاخاوتنی کوردی هادی وەیسی، محەممەد محەممەدئەمینی، هاوڕێ حوسێنی
چیت: یەکەم هارد درایڤی یەک بیتیی کیمیایی جیهان فاڕووق ئەحمەدی

گەشتێک بەرەو شوێنە شاراوەکانی دنیای وێب

مەھدی سەربازی
موزەخانەی نیشتمانیی کوردستان سارا زینەتی

لە هەر زانستێک چەمکێک

داهاتن، لەکارکەوتن، شکان ئەمیر پەرغازە
لایدار  کامران قادری
فریاکەوتنی سەرەتایی  ئەیوب مەحموودی
دەنگی خوێنەر 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button