بابەتتەندروستی

قوڕقوشم بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی بیرتیژیی نیوەی دانیشتووانی ئەمریکا

دابەزینی ئاستی بیرتیژیی نیوەی ئەمریکییەکان بە هۆی بەرکەوتن لەگەڵ ماددەی قوڕقوشم لەڕێگەی ئەگزۆسی ئۆتۆمبێلەکانەوە، دەستپێکی دەرەنجامە وێرانکاری و کاولکارییەکانە.
ئارۆن ڕەوبن، کاندیدی دکتۆرا لە دەروونناسیی پزیشکی لە زانکۆی دوک، هۆشداری دا و گوتی: ملیۆنان مرۆڤ زەمانێکە بەرکەوتنیان هەیە لەگەڵ ماددەی قوڕقوشمدا.
بۆیەی پێکهاتوو لە قوڕقوشم یاخود ئاو و هەوا و خاکی پیسبوو بە قوڕقوشم، سەرچاوەی سەرەکین بۆ ژەهراویبوون بە قوڕقوشم لە منداڵاندا.
بەڵام ئەگەر بزانیت کە بەرکەوتنت بە گازی قوڕقوشمی ئەگزۆسی ئۆتۆمبێل لە منداڵیتدا ژمارەیەکی زۆر لە بیرتیژیی تۆی دزیوە، چی؟

ئەگزۆسی ئۆتۆمبێلەکان گەورەترین هۆکارن بۆ بڵاوبوونەوەی قوڕقوشم بەناو ملوولەکانی خوێنی مرۆڤدا و هەروەک ئاشکراشە قوڕقوشم خرایە ناو پێکهاتەی بەنزینی بزوێنەری ئۆتۆمبێل بۆ زیادکردنی خێرایی بزوێنەرەکەی و ئەمەش بوو بە هۆکار بۆ زیادبوونی خواست لەسەر بەکارهێنانی قوڕقوشم لە ساڵەکانی ١٩٦٠دا و زۆر بەخێرایی و زیاتربوونی خواست بۆ زۆر زیاتر لە ساڵەکانی ١٩٧٠دا. لە ساڵی ١٩٧٠وە ئەو کێشە تەندروستییانەی کە لە ماددەی قوڕقوشمەوە سەرچاوەی گرتبوو بەدیار کەوت. لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٩٦دا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەکارهێنانی بەنزینی قوڕقوشماویی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانی قەدەغە کرد. بەداخەوە هەرچەندە بۆ ئەم بڕیارە زۆر درەنگ بووبوو بەڵام ڕۆبن و هاوکارەکانی لە زانکۆی ویلایەتی فلۆریدا دۆزییانەوە کە تەواوی ئەو کەسانەی لەنێوان ئەم دوو دەیەیە لەدایک ببوون بە دڵنیایی ڕووبەڕووی مەترسیی بەرکەوتن لەگەڵ ماددەی قوڕقوشمی ئەگزۆسی ئۆتۆمبێلەکان بوونەتەوە.
توێژینەوە نوێیەکانی ڕۆژنامەی ئەکادیمیای نێودەوڵەتیی زانست دەڵێت: بەرکەوتن لەگەڵ ماددەی قوڕقوشم لەنێو تەمەنی منداڵاندا نزیکەی ٨٢٤ ملیۆن خاڵی لە ئاستی بیرتیژیی ١٧٠ ملیۆن ئەمریکی کە لەمڕۆدا دەژین، بردووە کە دەکاتە نیوەی ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

دەرەنجامە کوشندەکان:

قوڕقوشم جۆرێکە لە ژەهری دەماری کە دەتوانێت گۆڕانکاری بکات لە چالاکییە ئاساییەکانی ناوەندی کۆئەندامی دەمار.
پسپۆڕانی تەندروستی سەبارەت بە وەبەرکەوتنی قوڕقوشم دەڵێن: هیچ ئاستێکی هێمن بوونی نییە و تەنانەت کەمترین ڕێژەی قوڕقوشم بۆ تەندروستی مەترسیدارە.
قوڕقوشم بکوژێکی بێدەنگە، کاتێک چووە ناو لەشت، وردە وردە ڕێگەی خۆی دەدۆزێتەوە و دوای چەند ساڵی دیکە کاری خۆی دەکات! منداڵان بەتایبەت ژێر ٦ ساڵان، لە بەرامبەر قوڕقوشم یەکجار زۆرتر لە مەترسیدان.
یەکەمین بەرکەوتنی قوڕقوشم لەگەڵ مرۆڤدا و گەیشتنی بە ملوولەکانی خوێن بەشێوەی تۆز لەڕێگەی هەواوە یان بەشێوەی خواردن و ئاوی بەکارهاتووەوە دەبێت.
هەر لەناو ملوولەکانی خوێنەوە دواتریش لەڕێگەی خوێنبەرەوەکانەوە دەتوانێت خۆی بگەیەنێتە مێشکی مرۆڤ.

کاریگەریی تەندروستیی درێژخایەن:

لە ساڵی ٢٠١٥دا، زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی ئەمریکا هەر لە منداڵییەوە ڕێژەیەکی قوڕقوشم لەناو خوێنیاندا هەبووە کە ئەمەش هۆکار بووە بۆ دابەزینی ئاستی بیرتیژی و تووشبوون بە ئاستێکی مەترسیداری تەندروستی و نەخۆشیی درێژخایەن. بۆ نموونە:
١- کەمبوونەوەی قەبارەی مێشک
٢- ئەگەری زۆرتری تووشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەکان
٣- ڕێژەی زۆرتری نەخۆشییەکانی دڵ لە گەورەساڵاندا

باجی قوڕقوشم زۆر ترسناک بوو. بەرکەوتن لەگەڵ قوڕقوشم لەنێو منداڵاندا بووەتە هۆی سڕینەوەی ئاستی بیرتیژیی کۆکراوەی ئەمریکییەکان بۆ ئاستی ٨٢٤ ملیۆن خاڵی خەمڵێنراو واتە بە نزیکەی سێ خاڵ بۆ هەرکەسێک بە تێکڕایی!
توێژەرەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەوانەی لە دوای ساڵی ١٩٦٠ەوە لەدایک بوون هەر لە منداڵییەوە ٦ خاڵیان لە ئاستی بیرتیژییەکەیان لەدەست داوە. هەروەها ئاماژە بەوەش دەکەن ئەو منداڵانەی ڕێژەی قوڕقوشم لە خوێنیاندا بەرزە، هەشت جار بیرتیژییان کەمترە لە ئاستی بیرتیژیی منداڵی ئاسایی و لەمە خراپتریش لەدەستدانی حەوت خاڵ لە ئاستی بیرتیژیی بەتێکڕاییە. هەرچەند کەمکردنی چەند خاڵێک لە ئاستی بیرتیژی لەوانەیە فەرامۆش بکرێت، بەڵام توێژەرەکان تێبینی ئەوەیان کرد کە ئەم گۆڕانکارییانە بەسە بۆ گۆڕینی ئەو کەسانەی کە توانای بیرتیژییان کەمترە (لە ئاستی بیرتیژی لە خوار ٨٥ خاڵ) بۆ ئەوەیکە پۆلێن بکرێت وەک هەبوونی کەمیی ژیری (واتە بۆ ئاستی بیرتیژیی لە خوار ٧٠ خاڵ).
ئەمە وەکوو ئەوە نییە کە تۆ تووشی ڕووداوێکی ئۆتۆمبێل بیت و کەمێک بگریت و پاشان دوای ماوەیەک برینەکانت ساڕێژ ببن و دواتر باش بیتەوە. وا دەردەکەوێت شتێکی بێبەها بێت لە لەشدا بە شێوازی جیاواز کە ئێمە هێشتا هەوڵ دەدەین لێی تێ بگەین بەڵام ئەمە دەتوانێت کاریگەری هەبێت لەسەر ژیانی مرۆڤایەتی.

وەرگێڕ: شاڵاو عوسمان
چاودێری زمانی: حەسەن مووسازادە

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

Back to top button