
دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی زیاتر بە هۆکاری ترس لە هەلومەرجە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت کە بە شێوەیەکی بەرەنگاربوونەوەی گونجاو، دەکرێت نیشانەکانی کەم بکرێتەوە.
کەسێکی لەو چەشنە کاتێک لەناو خەڵکدایە، ڕەنگە هەست بکات لەسەر شانۆیە و بینەر چاوەڕێیە تا هەڵخلیسکێت؛ زۆر جاریش لە ترسی شەرمەزاری، ناوێرێ لەگەڵ خەڵک دەمەتەقێ بکات و پەیوەندی بگرێت.
کێشەی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی کە جاران فۆبیای کۆمەڵایەتیی پێ دەگوترا لەوانەیە وردە وردە پەرە بستێنێت.
بە گوێرەی ئامارەکانی یەکیەتیی نیشتمانیی نەخۆشییە دەروونییەکان (NAMI)، کێشەی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی لەوانەیە ببێتە هۆی ترس و تۆقینێکی یەگجار زۆر و لەناکاو کە سەرچاوەیەکی ڕاستەقینەی نییە و پێی دەگوترێ پانیک، بەڵام ناسینەوە و دەستنیشانکردنی نیشانەکانی، دڵەڕاوکێکە کاڵ دەکاتەوە و تا ڕادەیەکی زۆر دەیڕەوێنێتەوە.
دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی و شەرمنی، دوو بابەتی جیاوازن.
هەندێ کەس، بە هەڵە، پێیان وایە شەرمنی و دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی یەک چەمکن و لێیان تێکەڵ دەبێت، بەڵام کێشەی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی، حاڵەت و شێوازێکی دیاریکراوە و شەرمنی تایبەتمەندییەکی کەسایەتییە.
دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی زۆر جار ژیانی ڕۆژانە تێک دەدات، بەڵام کەسێکی شەرمن، بە هۆی شەرمنییەکەی پەکی ناکەوێت؛ بۆ نموونە دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی، کەسی تووشبوو وا لێ دەکات خۆی لە کار و پەیوەندی بدزێتەوە، بەڵام کەسی شەرمن، زیاتر خۆی لە جەماوەری زۆر و رێوڕەسمی کۆمەڵایەتی بەدوور دەگرێ؛ تووشبووانی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی، جاری وایە خۆیان تووشی تێکەڵاوییەکی زیاتر دەکەن و لە ئەنجامدا زیاتر تووشی کێشە و ناخۆشییەکانی ژیان دەبن.
دڵەڕاوکێ کۆمەڵایەتی بەردەوام، بە واتای شەرمنی نییە. لەوانەیە زۆر جار لەگەڵ خەڵکدا هەست بە ئاسوودەیی بکەن و بەس لە کاتی تایبەتی وەک پیاسەکردن لە شوێنێکی گشتی، وتاربێژی یان هەڵکردن لەگەڵ کەسانی بێگانەدا، هەست بە دڵەڕاوکێ بکەن.
کەواتە ئەو جۆرە لە دڵەڕاوکێیە بە واتای شەرمنی نییە. تووشبووان لەوانەیە زۆر جار لەگەڵ خەڵک هەست بە ئاسوودەیی بکەن کەچی لە دۆخە تایبەتەکان وەک پیاسەکردن لە شوێنێکی گشتی، وتاربێژی یان هەڵسوکەوت لەگەڵ کەسانی بێگانە، هەست بە دڵەڕاوکێ بکەن.
وەرگێڕان: هێمن مەلەکی
هەڵەگر: ڕزگار ئاوەزانی
