📖 کاتێک ژیریی دەستکرد دەنووسێت؛ ئایا دەنگی تاکەکەسیی مرۆڤ بەرەو کاڵبوونەوە دەچێت؟

لەراستیدا زمان تەنها ئامرازێک نییە بۆ گەیاندنی زانیاری و دروستکردنی پەیوەندی، بەڵکوو دەلاقەیەکە بەرەو قووڵایی ناسنامە، کەسایەتی، تەمەن، ئاراستەی فکری و ژینگەی دەروونی و کۆمەڵایەتیی نووسەرەکەی، بەڵام کاتێک بۆ چاککردنەوە و داڕشتنەوەی نووسینەکانمان، بەردەوام پەنا دەبەینە بەر مۆدێلە گەورەکانی زمان¹ وەک جێمینای² چەتجیپیتی³ و هتد ، ئایا ئەگەری هەیە ئەو جیاوازییە زمانەوانی و کلتوورییەی نێوانمان وردە وردە لەناو بچێت؟
توێژینەوەیەکی نوێ لە گۆڤاری بەناوبانگی نێیچڕ هیومن بیهێیڤییێر³دا بڵاو کراوەتەوە کە تێیدا پرسیارێکی جیدی سەبارەت بەو بابەتە دەخاتە ڕوو. توێژەران بە شیکردنەوەی زیاتر لە ٨٨٠,٠٠٠ دەق، لە سێ تاقیکردنەوە و حەوت کۆمەڵەداتای⁴ جیاوازدا، بەڵگەی بڕواپێکراویان دۆزیوەتەوە کە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد وەک یاریدەدەری نووسین، فرەچەشنی شێوازی زمانی بەرەو کەمبوونەوەیەکی خێرا دەبات.
١. پاراستنی واتا و کاڵکردنەوەی شێواز
یەکێک لە دەرئەنجامە سەرەکییەکانی توێژینەوەکە ئەوەیە کە مۆدێلە زمانییەکان مانای سەرەکیی دەقەکان دەپارێزن، بەڵام شێوازی نووسینەکان یەکدەست و هاوشێوە دەکەن. کاتێک دەقی نووسراوی مرۆڤ لەلایەن ژیریی دەستکردەوە “پاک و پۆشتە” یان دووبارە دەنووسرێتەوە، جیاوازی لە ئاڵۆزی و شێوازی زماندا بە ڕێژەی ٢١% تا ۵٠% کەم دەکاتەوە. ئەمە واتە ئەگەرچی دەقەکان لە ڕووی واتاوە هەر هەمان شت دەڵێن، بەڵام دەنگ، هەست و ئاماژە شێوازییە تاکەکەسییەکان کاڵ دەبنەوە و نووسینەکان زیاتر لە یەکتر دەچن.
٢. سڕینەوەی نیشانەکانی ناسنامە و لادان بەرەو شێوازە باڵادەستەکان
شێوازی نووسینی هەر کەسێک بڕێکی زۆر لە نیشانەی نادیار، بەڵام گرینگی تێدایە کە دەکرێت ڕەگەز، تەمەن، ئاراستەی سیاسی، هاوسۆزی و تایبەتمەندییە کەسایەتییەکانی دیاری بکات. توێژینەوەکە نیشانی دەدات کە دوای دەستکاریی دەقەکان لەلایەن مۆدێلەکان، توانای پێشبینیکردنی ئەم تایبەتمەندییانە بە ڕێژەی نزیکەی ۶% دابەزیوە.
گرینگتر لەوە، ئەم گۆڕانکارییانە هەڕەمەکی نین، بەڵکوو مۆدێلەکان شێوازی نووسینەکان بەرەو تایبەتمەندییە باڵادەستەکان لادەدەن. لە شیکارییەکاندا دەرکەوتووە کە دەقە دووبارەنووسراوەکان زیاتر وەک نووسینی کەسانی گەورەساڵ، پیاوان، لایەنگرانی چەپ یان لیبراڵ و پرۆفایلی کەسایەتیی دیاریکراو دەردەکەون، لە کاتێکدا ئاماژەکانی هاوسۆزی و گەرموگوڕیی زمانی کەمتر دەبنەوە. بڕیار و داڕشتنەوەکانی ژیریی دەستکرد نەک تەنها نیشانە تاکەکەسییەکان دەسڕنەوە، بەڵکوو دەقەکان بەرەو شێوازێکی زاڵ و یەکدەست ئاراستە دەکەن.
٣. لێکەوتە دوورمەوداکانی ئەم یەکدەستبوونه
کەمبوونەوەی فرەچەشنی زمانی، تەنها کێشەیەکی ئەدەبی یان ڕێزمانی نییە، بەڵکوو کاریگەریی کلتووری و زانستیی قووڵی هەیە کە بریتین ە:
تێکچوونی شیکارییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان؛
لە بوارەکانی وەک دەروونناسیی کلینیکی، دەستنیشانکردنی تەندروستیی دەروونی، پرۆسەکانی دامەزراندن و شیکاریی بازاڕدا، پشتبەستن بە شیکاریی دەق زەحمەتتر دەبێت، کاتێک ئاماژەکانی ناسنامە و کەسایەتی بشاردرێنەوە.
داخرانیخولگەی ڕاهێنان⁶؛
کاتێک مۆدێلە نوێیەکانی ژیریی دەستکرد لەسەر دەقی نوێی ئینتەرنێت ڕادەهێنرێن—کە خۆیان بە ژیریی دەستکرد یەکدەست کراونەتەوە—خولگەیەکی گەڕاوە دروست دەبێت کە مەودای دەربڕین، بیری جیاواز و فکری مرۆڤ ڕۆژ بە ڕۆژ بەرتەسکتر دەکاتەوە.
دەرەنجام:
هاوسەنگی لە نێوان ڕووننووسی و پاراستنی دەنگی خۆمان
ئەم ئەنجامانە هۆکار نین بۆ ئەوەی دەستبەرداری ژیریی دەستکرد ببین، توانای ئەم ئامرازانە بۆ ڕوونکردنەوە، چاککردنی ڕێزمان و ئاسانکردنی نووسین بێپێوانەیە، بەڵام توێژینەوەکە ئاگادارمان دەکاتەوە کە “باشترکردنی” دەق بەبێ نرخ و باج نییە، چونکە هەر جارێک دەقێک بۆ ڕێکخستنەوە دەسپێرینە ژیریی دەستکرد، بەشێک لە دەنگی تاکەکەسی و ناسنامەی خۆمان لەدەست دەدەین.
مەترسییەکە تەنها ئەوە نییە کە نووسینەکانمان فەرمیتر یان ڕوونتر بن، مەترسییە گەورەکە ئەوەیە کە بە هێواشی فێر بین هەموومان وەک یەک بیر بکەینەوە و وەک یەک بنووسین و لە ئەنجامدا ئەو دەوڵەمەندییە فکری، ڕەنگاڵەیی و فرەچەشنییە زمانییە بدۆڕێنین کە بڕبڕەی پشتی کلتوور و ناسنامەی مرۆڤە.
1. large language models (LLMs)
2. Gemini
3. ChatGPT
4. Nature Human Behaviour
5. Datasets
6. Training Loop
ئامادەکردن: ئەحمەد سۆفی مەحموودی
پێداچوونەوە: هێمن عەبدوڵڵاپوور



