بابەتزانستە بنەماییەکان

سێگۆشەزانی و بابلییەکان

سێگۆشەزانی و بابلییەکان

گڵنووسێکی کەڤناری بابلی، دەری دەخات کە ئەوان گەلێک بەر لە یۆنانییەکان زانستی سێگۆشەزانییان بەکار هێناوە

 

زانستی سێگۆشەزانی، لقێک لە بیرکارییە کە باس لە پەیوەندییەکانی نێوان درێژایی و سووچ، لە ناو سێگۆشە‌دا دەکات و دەمێک بوو گومان ­دەکرا کە بە نووسراوەکانی “هیپارکۆس” -ئەستێرەناسی یۆنانی،کە لە ­نزیک سەدەیەک بەر لە‌ زایین ژیاوه- دەست ‌پێکراوە.

ئێستا توێژەرانی زانکۆی “نیۆ ساوت وێڵز” بەڵگەیەکیان لەسەر سێگۆشەزانی دۆزیوەتەوە، کە لەسەر گڵنووسێکی بابلی و بە ڕێنووسی بزماری (شێوازی لەمێژینەی نووسین) نووسراوە و دەگەڕێتەوە بۆ پتر لە هەزار ساڵ پێش هیپارکۆس. بە بڕوای ئەو توێژەرانە لەوانەیە ئەندازیارانی کەون، بە مەبەستی لێکدانەوەی چلۆنایەتی بونیاتنانی کۆشک و پەرستنگە و ئاوەڕۆ کەڵکیان لێ وەرگرتبێت.

ئەم گڵنووسە کە بە پلیمپتۆن۳۲۲ ناسراوە، لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، لەو شوێنەی وا ئێستا بووەتە باشووری عێراق لە لایەن کەڤنارناسی ئەمریکی، “ئێدگار بەنکس“-ئەو پیاوەی کە دەڵێن کەسایەتییەکەی چیرۆکی “ئیندیانا جۆنز” لەو وەرگیراوە- دۆزراوەتەوە.گومان دەکرێت ئەم گڵنووسە دەوری ۱۸۰۰ ساڵ بەر لە زایین، لە “لارسا“، شارە کەڤنارەکەی سوومێر، دروست کرابێت.

دوکتۆر “دەنیێڵ مەنسفیڵد“، توێژەری لێکۆڵینەوەکە دەڵێت :”نهێنیی هەرە گەورە، هەتا ئێستاش ٫٫مەبەست٫٫ لەم کارەیە؛ ئەوەی کە بۆچی نووسەرانی ئەم گڵنووسە، ئەرکی قورسی پێکهێنان و پۆلێنکردنی ڕەقەمەکانیان کێشاوە. لێکۆڵینەوەکانی ئێمە ئاشکرای دەکەن کە پلیمپتۆن۳۲۲، بە کەڵکوەرگرتن لە ڕێکارێکی نوێی سێگۆشەزانی، کە لەباتی سووچ و بازنه لەسەر بنەمای ڕێژەکان دامەزرابوو، ڕوونکردنەوە لەسەر بیچمەکانی سێگۆشەی گۆشەڕاست دەدات. ئەمە کارێکی بیرکارییانەی سەرسووڕهێنەرە کە نیشاندەری بەهرەیەکی حاشاهەڵنەگرە”.

۱۵ ڕستە لەو گڵنووسە، ڕیزبەندێک لە سێگۆشەکان ڕوون ‌دەکەنەوە، کە خشتەیەکی سێگۆشەزانی دادەڕێژن چارتێک کە پەیوەندیی نێوان سێ لای سێگۆشەیەکی گۆشەڕاست بەوردی پێشان دەدات.

“نۆڕمەن وێڵدبێرگێر“، توێژەری ئەم کارە دەڵێت:”خەزێنەیەک لە گڵنووسە‌ بابلییەکان هەن، بەڵام تەنیا بەشێکی بچووکیان هەتا ئێستا خوێندراونەتەوە. جیهانی بیرکاری تازە خەریکە وەخەبەر دێت و لەو ڕاستییە تێده­گات کە ئەم کولتوورە بیرکارییە کەڤنار و لە هەمان کاتدا ئاستبەرزە، شتی زۆرتری بۆ فێرکردنی ئێمە پێیە”.

 

گڵنووسی “پلیمپتۆن ۳۲۲” بە قەبارەی ۹×۱۳ سانتیمەتری دووجا، بارتەقای تەلەفۆنێکی زیرەکی گەورەیە

ئامادەکردن: ڕەحمەت نادری – سۆران چەرخەست

سەرچاوە:

bbc focus, issue 313, october 2017, p.22

 

Trigonometry

Length

Angles

Hipparchus

New South Wales

Cuneiform script

Plimpton 322

Edgar Banks

Indiana Jones

Larsa

Daniel Mansfield

Circles

rations

Shapes

Right-angled Triangles

Three sides of a right- angled triangle

Norman Wildberger

 

 

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button