بابەتزانستە بنەماییەکان

پڕۆفیسۆر ئیبراهیم کەریمی، زانای کوردی کوانتۆم بناسە!

وتووێژی ماڵپەڕی کوردستان کڕۆنیکڵ لەگەڵ پڕۆفیسۆر ئیبراهیم کەریمی 

ئیبراهیم کەریمی، مامۆستای بەشی فیزیکی زانکۆی ئۆتاوا، کە خەڵکی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لەم دواییەدا خەڵاتی پڕبایەخی میداڵی یادەوەریی ڕەزرفۆردی لەلایەن کۆمەڵەی شاهانەی کەنەداوە پێ بەخشرا. پ. کەریمی کە لە زانکۆی شاری کرمان خوێندوویەتی، ئێستا گەیشتووەتە کەنەدا، لەوێ وانە دەڵێتەوە و توێژینەوەی زانستی ئەنجام دەدات.

پڕۆفیسۆر ئیبراهیم کەریمی

میداڵی یادەوەریی ڕەزرفۆرد، ساڵانە لەلایەن کۆمەڵەی شاهانەی کەنەداوە بە مەبەستی ناساندن و پاڵپشتی لە توێژینەوە هەڵبژێردراوەکان لە فیزیک و کیمیادا دەبەخشرێت. ئەم خەڵاتە کە بە ناوی زانای بەناوبانگ، ئێرنست ڕەزرفۆردەوە ناو نراوە، بەڵگەیە لەسەر کارە پێشکەوتووەکانی پ. کەریمی لە بوارەکەیدا.

میداڵی یادەوەریی ڕەزرفۆرد

گەورەبوون لە جەنگەی شەڕی نێوان ئێران و عێراق لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، ڕوانگەی ئەوی سەبارەت بە زانست و توانای یارمەتیگەیاندن بەو کۆمەڵگەیانەی کە ڕووبەڕووی لێقەومان دەبن، لە قاڵب داوە. بە تێفکرین لە ئەزموونەکانی منداڵیی خۆی، باسی لەوە کرد کە چۆن دیتنی فڕێدانی بۆمب بەسەر شارەکەیدا، ئیلهامبەخش بووە بۆ گەڕان بەدوای دیاردە سروشتییەکان، وەک ئامرازێک بۆ تێگەیشتن و بەشداریکردنی ئەرێنی لە جیهانەکەماندا.

 

کەریمی پێی وایە، سەرەڕای ئەو بەربەستانەی کە منداڵانی کوردستان یان ناوچە ئاڵۆزەکانی دیکە وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە کاتی گەورەبووندا ڕووبەڕووی دەبنەوە، پێویستە بە داهاتوویان هیوادار بمێننەوە. ئەگەر بە وردکۆڵی و تامەزرۆیی بمێننەوە و خۆیان بخەنە سەر ڕێبازی ڕاست و لە ڕێگەدا لەلایەن ڕاهێنەرەکانەوە پشتگیری بکرێن، زۆر شت هەیە کە دەتوانن بەدەستی بهێنن.

کەریمی لە وتووێژەکەیدا لەگەڵ ماڵپەڕی کوردستان کڕۆنیکڵ گوتی: ئەگەر لەسەر ڕێگەی ڕاست بمێنیتەوە، ئەگەر ئامرازی گونجاو و مامۆستای شیاوت هەبێت، داهاتوویەکی گەش چاوەڕێی تۆیە.

پەیوەندییە کوانتۆمییەکان

پ. کەریمی سەبارەت بە کارە پێشەنگەکانی خۆی لە جیهانی سەرنجڕاکێشی فیزیکی کوانتۆمدا ڕوونکردنەوەی دا. ئەو، لەگەڵ تیمەکەی خۆی لە زانکۆی ئۆتاوا، بەشدارییەکی بەرچاوی لە پەیوەندیی کوانتۆم و مایکرۆسکۆپی و فۆتۆنیکدا کردووە.

هۆگریی پ. کەریمی بە فۆتۆنیکی کوانتۆم، لە خواستی تێگەیشتن لە بچووکترین تەنۆلکەکانی گەردوونەکەمانەوە دەستی پێ کرد. ئەو ڕوونی کردەوە کە هەر شتێک کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، لەم تەنۆلکە سەرەتاییانەوە پێک هاتووە. بۆ نموونە وا بیر دەکرێتەوە کە فۆتۆنەکان بچووکترین یەکەکانی ڕووناکی بن. 

جیهانی کوانتۆم، لەژێر یاسایەکی جیاواز لە جیهانی کلاسیکی ئێمەدا کار دەکات. تێیدا هەر شتێک بەپێی «ئەگەر»ەکان هەڵسوکەوت دەکات و هیچ ڕاستییەکی دیاریکراو بوونی نییە.

 

کەریمی دەڵێت: لە دونیای کلاسیکی ئێمەدا ئەگەر لە کاتی ڕاکردندا خۆم بە دیوارێکدا بدەم، دەوەستم؛ بەڵام لە ڕوانگەی کوانتۆمدا، تەنەکانی کوانتۆم، بۆ نموونە ئەلیکترۆنەکان، دەتوانن بە ئەگەرێکی دیاریکراوەوە بە بەربەستەکانی وەک دیوارێکدا تێبپەڕن. ئەم جۆرە دیاردانە لێڕوانینمان بۆ ڕاستییەکان دەخەنە گومانەوە و پرسیاری قووڵ سەبارەت بەوەیکە چۆن لە هەبوونی خۆمان تێدەگەین، دەورووژێنن.

تیمەکەی پ. کەریمی بە بەکارهێنانی فۆتۆنەکان بە مەبەستی پەیوەندییەکی هێمن و پارێزراو، لەم جیهانە پڕ لە مەتەڵەیان کۆڵیوەتەوە. بە پێچەوانەی شێوازە کۆنەکان، کە لەسەر بنەمای حیساباتێکی ئاڵۆزی بیرکارین و لە بەرانبەر هێرش و مەترسییەکان لەسەر ئاسایشی ئەلیکترۆنیدا لاوازن، ئەوان بە بەکارهێنانی بنەماکانی فیزیکی کوانتۆم، کەناڵی پەیوەندیی نەبڕاوە و بێکونوکەلێنیان دروست کردووە.

 

یەکێک لە دەستکەوتە بەرچاوەکان، پەرەپێدانی تەکنیکەکانی پەیوەندیی کوانتۆمی ژێر ئاو بووە. بە گوازتنەوەی داتا لە نێوان دوو خاڵ لەژێر ئاودا، چ لە شوێنێکی ئازاد، یان لە ڕێگەی تەلی فایبەرئۆپتیکەوە، بەبێ ئەوەی ئاسایشی پەیوەندییەکە لە مەترسیدا بخەن، یان له خێراییەکەی کەم بکەنەوە، ڕێگەیەکی نوێیان بۆ پەیوەندیی جیهانی دروست کردووە.

پێشکەوتنێکی تر، بریتی بوو لە دروستکردنی ئامرازێکی شۆڕشگێڕانە، کە پێی دەگوترێت: «مایکرۆسکۆپی کوانتۆم». لە شێوازە کۆنەکانی وێنەگرتندا، زۆر جار تیشکێکی زیانبەخش وەک تیشکی ئێکس بەکار دەهێنرێت کە بۆ تەندروستی، مەترسی دروست دەکات. بەڵام بە بەکارهێنانی تەکنیکێکی بێکارلێک بە ناوی «وێنەگرتنی جندۆکە» کە بە شێوەیەکی ئەزموونی لەلایەن تیمی پ. کەریمییەوە پەرەی پێ دراوە، توێژەران دەتوانن شتەکان دەستنیشان بکەن بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکیان پێ بگەیەنن. ئەمەش ڕێگەیەکی هێمنترە بۆ وێنەگرتن.

 

پڕۆفیسۆر کەریمی شرۆڤەی کرد: «ئێمە ویستمان بزانین ئایا دەکرێت چاودێریی تەنێک بکەین بەبێ ئەوەی شوێنەواری لەسەر دابنرێت و سەرکەوتوو بووین! ئەم تەکنیکە ڕێگەمان پێ دەدات لە یەک کاتدا شتەکان لە شوێنی جیاوازدا دەستنیشان بکەین».

 

کاتێک سەبارەت بە بەکارهێنانی کردەوەیی کارەکانیان پرسیاری لێ کرا، کەریمی ئاماژەی بەوە کرد کە کەنەدا لە ئێستاوە شوێنی چەندین ستارتاپ و کۆمپانیای پێشەنگە کە تایبەتن بە گەڕان بە دوای پەیوەندییە کوانتۆمییەکانەوە. تیمەکەی، لە ڕێگەی تاقیکردنەوەکانیان لە تاقیگە توێژینەوەکاندا، یارمەتیی پێشخستنی تیۆریی کوانتۆم دەدەن.

ئەوانەی سەردانی تاقیگەکەی پڕۆفیسۆر کەریمی دەکەن، بە دیتنی تەکنۆلۆجییە پێشکەوتووەکانی وەک وێنەگرتنی جندۆکەی کوانتۆم، سەریان سووڕ دەمێنێت. تەنانەت کەسایەتییە بەرچاوەکانی سیاسەت و زانکۆش، بە دیتنی ئەو پێشکەوتنانە و ئەو کارانەی کە بە کەڵکوەرگرتن لەم پێشکەوتنانە دەکرێت، سەرسام بوون.

تێڕوانینێک بۆ داهاتوو

پ. کەریمی تیشکی خستە سەر ئەوەیکە ئەم بوارە داهێنەرە چۆن بڕیارە بەم زووانە، شۆڕشێک لە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیانی ڕۆژانەدا بکات.

 

ئەو ئاشکرای کرد: پێشبینی دەکرێت بازاڕی تەکنۆلۆجیی کوانتۆم، تا ساڵی ٢٠۴٠ بگاتە ژمارەی سەرسووڕهێنەی ١٠٠ ملیار دۆلار. بەو توانا بێئەندازەیەوە، سەیر نییە کە وڵاتانی جیهان، لەسەر بەرنامە نیشتمانییەکانی کوانتۆمدا، وەبەرهێنانێکی زۆر دەکەن. کەنەدا لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٣۶٠ ملیۆن دۆلاری بۆ تەکنۆلۆجیی کوانتۆم تەرخان کردووە. لە هەمان کاتدا، ئەڵمانیا تەنیا بۆ بەرنامەی نیشتمانیی خۆی، دوو ملیار دۆلاری وە بەر هێناوە.

 

پ. کەریمی جەختی لەوە کردەوە کە جیهان لە لێواری ئەو شتەیە کە ئەو پێی دەڵێت «شۆڕشی کوانتۆمی ٢.٠»، سەردەمێکی نوێ کە پەیوەندی و هەستکردن و حیسابکردن دەگۆڕێت. هەروەک چۆن جیهان لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنە قورس و زەبەلاحەکانەوە بۆ ئامێرە بچووکەکان کە دەخرێنە ناو گیرفان و لە پەیوەندیی لە ڕێگەی تەلەوە بۆ تۆڕەکانی وای-فای گوازرایەوە و شایەتحاڵی پێشکەوتنەکانی وەک تەکنۆلۆجیای 5G و 6G بوو، تەکنۆلۆجیی کوانتۆمیش مزگێنیی توانا بێوێنەکان دەدات.

 

کۆمپیوتەری کوانتۆم وەک یەکێک لە پێشکەوتنە بەڵێندەرەکان لەناو ئەم بوارەدا دیارە. کۆمپانیاکانی وەک IBM و Google لە ئێستاوە خاوەنی نموونەی سەرەتایی توانان کە بە شێوەیەکی کارا و خێرا، هێزی ئەنجامدانی ئەرکەکانی بیرکارییان هەیە. ئەم پێشکەوتنە کاتێک کە بوارەکانی وەک چاودێریی تەندروستی لەبەرچاو دەگیرێت، هێندەی تر گرنگتر دەبێتەوە. بە دەستڕاگەیشتن بە کۆمپیوتەری کوانتۆم، پزیشکان دەتوانن چارەسەرەکان لەسەر ئاستی تاکەکەسی بە پشتبەستن بە زانیاریی ورد سەبارەت بە چۆنیەتیی کاردانەوەی دەرمانەکان لەگەڵ جەستەیەکی تایبەتدا دابڕێژن.

 

ئەو سوودانەی کە لە هێزی کۆمپیوتەر وەردەگرترێن، زۆرترن، چونکە پەیوەندییە هێمنەکانیش لەم سەردەمە گۆڕانکارییەدا جێگەی سرنجن. لە کاتێکدا کە ڕەنگە سیستەمە کۆنەکانی پەیوەندی، ببنە نێچیری هاکەرە چەکدارەکان بە کۆمپیوتەرە بەهێزەکانەوە. میکانیکی کوانتۆم لە ڕێگەی «تیۆریی بێهاوتا»ەوە ڕێوشوێنی ئەمنیی بێهاوتا دەخاتە ڕوو. ئەو زانیارییانەی کە لە ڕێگەی کەناڵە کوانتۆمییە هێمنەکانەوە دەنێردرێت، ناکرێت بەبێ هەڵە ڕوونووس بکرێت، ئەمەش بە شێوەیەکی بنەڕەتی وای کردووە کە بە هیچ شێوەیەک بۆ هێرشە زیانبەخشەکان، نەتوانرێت بچنە ژوورەوە.

 

لایەنێکی سرنجڕاکێشی تر کە کەریمی تیشکی خستووەتە سەر، هەستکردنی کوانتۆمە. ڕادار و مایکرۆسکۆپی کوانتۆم وردبینییەکی بەرزتر پێشکەش دەکەن. ئەمەش وامان لێ دەکات تەنانەت بچووکترین ماکەکانیش دەستنیشان بکەین بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکیان پێ بگەیەنین. ئەم پێشکەوتنە بێهاوتایانە لە بواری تەکنۆلۆجیدا، ئامادەن پیشەسازییەکان لە بەرگری و چاودێریی تەندروستییەوە تا بەرهەمهێنان و زۆر شتی تر، سەرلەنوێ دابڕێژنەوە.

 

بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی ئەم گەشتە پێشکەوتووە، ڕەچاوکردنە ئەخلاقییەکان دەردەکەون. کەریمی سوورە لەسەر گرنگیی دیاریکردنی ئەوەیکە کێ دەبێت دەستی بەو جۆرە تەکنۆلۆجییە بەهێزانە بگات. پرسەکانی سەبارەت بە دەستڕاگەیشتن بە پەیوەندییە هێمنەکان و ئەگەری خراپبەکارهێنانی، بە پێویستی دەزانێت چوارچێوەیەکی ئەخلاقیی بەهێز دەربخرێت کە لەم گۆڕەپانە نوێیەدا ڕێنمایی کردەوەکانی زانایان بکات.

 

بەهرەی زانستی و داهاتووی کوردستان

کەریمی ڕوانگەی خۆی بۆ پێشخستنی توێژینەوە و پەروەردە لە هەرێمی کوردستاندا تاوتوێ کرد. لەسەر گرنگیی ڕۆڵی سیستەمی زانکۆی سەربەخۆ لە بەرەوپێشبردنی پێشکەوتنی زانستی پێداگریی کرد، ئەو پێی وایە پێویستە ڕێگە بە زانکۆکان بدرێت بڕیاری خۆیان بدەن. هاوکات پێویستە وەزارەتی خوێندنی باڵا، توێژینەوەی زانستیی بوارە جیاجیاکان بەتایبەت زانستی توێژینەوە وەپێش بخات. هەروەها پێشنیار دەکات کەرتەکانی توێژینەوە و پەرەپێدان بۆ هاندانی هاوکاریی نێوان ئەکادیمیا و پیشەسازی، یەک بگرنەوە.

پ. کەریمی ئاماژەی بە قسەی هاوکارەکەی “جێگری سەرۆکی توێژینەوە و داهێنانی زانکۆی ئۆتاوا” کرد، کە گوتبووی: «بەهرە دراوێکی نوێیە».

 

کەریمی پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت پشتیوانی لە کوردە تواناکان بکات کە هێشتا لەلایەن دامەزراوە ئەکادیمییەکان یان ڕێکخراوەکانی دیکەوە نەدۆزراونەتەوە.

 

لە هەمان کاتدا، ئەو پێی وایە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان «لە ڕێبازێکی دروست» بۆ گەشەپێدان و بەختیاریدایە.

هەروەها دوو ئامۆژگاریی سەرەکی بە لاوە بەهرەمەندەکانی کورد دا:

 

«بە ئازادی بیر بکەوە بەبێ ئەوەی بە هۆی سنوورەکانی داراییەوە، سنووردار بکرێیت»، چونکە زۆر جار بیرۆکەکان لە بیرکردنەوەی داهێنەرانە لەدایک دەبن نەک لە سەرچاوەیەکی ماددی و «هەرگیز واز مەهێنە»، چونکە سەرکەوتن بەئاسانی بەدەست نایەت بەڵام پێویستی بە کۆڵنەدان هەیە.

لەم گفتوگۆیەی پ. کەریمی لەگەڵ کوردستان کڕۆنیکڵدا، لەسەر خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە هەرێمی کوردستاندا قسە کرا، هەروەها جەختیان لە گرنگی چاندنی هۆگری بۆ زانست لەنێوان خوێندکاران لە تەمەنێکی بچووکدا کردەوە. ئەو پێی وایە پەروەردەی سەرەتایی، نەتەنیا لە پەروەردەی زانستی، بەڵکوو لە داڕشتنی ژیانی تاکەکاندا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت. پەروەردەی سەرەتایی، توانایی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە کە بە درێژایی ژیانی مرۆڤ پێویستە، بە منداڵان دەبەخشێت.

وەرگێڕ: سەمیرا دەبیری ڕاد – کارناسی فیزیکی ناوکی

چاودێری زمانی : ئەستێرە چابوک

یادەوەریی ڕەزرفۆردی – Rutherford Memorial Medal

کۆمەڵەی شاهانەی کەنەداوە –   Royal Society of Canada

پەیوەندییە کوانتۆمییەکان – Quantum communications

فۆتۆنیکی کوانتۆم- quantum photonics

تەنۆلکەکانی – particles

یەکەکانی –  units

«ئەگەر»ەکان – probability

تەنەکانی  –  objects

وێنەگرتنی جندۆکە – ghost-imaging

هەستکردن – sensing

ڕێگەی تەلەوە – wired connections

تیۆریی بێهاوتا –  no-cloning theorem

 

 

سەرچاوە

 

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button