
📖 پێشبینییەکانی کەشوهەوا ئاشکرای دەکەن گەڕانەوەی دیاردەی ئێڵ نینۆ¹ دەتوانێت ڕەوتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جیهان تا ساڵی ٢٠٣٠ خێراتر بکات و بەو پێیە ساڵی داهاتووی زایینی ببێتە یەکێک لە گەرمترین ساڵەکان یان تەنانەت وەک گەرمترین ساڵی مێژوو تۆمار بکرێت.
ئێمیلی بێیکر²، زانستوانی بواری کەشوهەوا، دەڵێت: بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی ڕووبەری زەریاکان دەتوانێت نەخشەی گەردەلوول، بارانبارین و دیاردە کەشوهەواییەکان لە سەرانسەری جیهاندا بگۆڕێت، بە چەشنێک کە هەندێک ناوچە ڕووبەڕووی وشکەساڵی و گەرمای زیاتر ببنەوە و لە هەندێک ناوچەی دیکەشدا بارانبارین و سەرمای جیاواز و نامۆ ڕوو بدات.
ئاگرکەوتنەوە بەرفراوانەکان لە ئیندۆنێزیا کە بەشێکی دەگەڕێندرێتەوە بۆ وەرزی وشکی درێژخایەن، یەکێکە لەو نموونانەیە کە کاریگەرییەکانی ئەم گۆڕانکارییانە نیشان دەدات.
جێگەی ئاماژەیە ئێل نینۆ دیاردەیەکی سروشتی کەشوهەواییە کە لەودا هەر چەند ساڵ جارێک ڕووبەری زەریای هێمن³ لە ناوچەی ئیستوایی بە شێوەیەکی نائاسایی گەرم دەبێت. ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی گۆڕانی کەشوهەوا و بارانبارین، بە جۆرێک کە لە هەندێک شوێن لافاو و لە هەندێکی دیکەشدا وشکەساڵی دروست دەکات.
1. El Niño
2. Emily Baker
3.Pacific Ocean
سەرچاوە و زانیاریی زیاتر:
🔗 https://www.yahoo.com/news/science/articles/record-breaking-el-nino-could-192122949.html
🔗 https://www.noaa.gov/education/resource-collections/weather-atmosphere/el-nino
ئامادەکردن: هێمن عەبدوڵڵاپوور
پێداچوونەوە: د. ئەمیر ئاڕمانی



