بابەتتەندروستی

تیۆریی دەسەداو: چی بکەین کە گفتوگۆیەکی تەندروستمان هەبێت؟

هەر جۆرە باسێک سەبارەت بە کۆڤیدی ١٩ و پەرەپێدان و داهێنانی پێکوتەی دژ بە کۆڤید، دەبێتە هۆی سازبوونی قسەوباسێک سەبارەت بە تیۆریی دەسەداو.

چی بکەین کاتێک کە ئەم باسانە لە گفتوگۆیەک لەگەڵ خزم و کەسوکارماندا ڕوو دەدات؟ کاتێک کە باسی تیۆریی دەسەداو دێتە پێش، چۆن لەگەڵ خەڵکدا قسە بکەین کە هەم جەختمان لەسەر بەڵگە و ڕاستی بمێنێت و هەمیش دڵنیا ببین کە باسەکە تەندروست بەڕێوە دەچێت و کەس لەو باسەدا ئازار نابینێت؟

تیۆریی دەسەداو لە ترسەوە سەرچاوە دەگرێت.

پێش ئەوەیکە باسی ئەمە بکەین کە چۆن بەرەنگاری تیۆریگەلی دەسەداو ببینەوە، گرنگە کە تێ بگەین چۆن ئەم تیۆرییانە سەرنجی خەڵک بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن و بۆچی خەڵک باوەڕیان پێ دەهێنن؟ باوەڕهێنان بە تیۆریی دەسەداو لێکەوتەیەکی ئاسایی بارودۆخی دژوارە.

دوو ساڵی ڕابردوو ساڵانێک بوون پڕ لە ئاڵۆزی و گیروگرفت. لە سنووردارکردنی هەڵسوکەوت و دەرفەتە کۆمەڵایەتییەکانمانەوە بگرە تا تێکشکان و کێشەی دارایی و ئابووری. شێوەی ژیان و هەڵسوکەوتمان زۆر گۆڕاوە.

کۆڤیدی ١٩ تەنیا ماوەیەکە سەری هەڵداوە و ژمارەیەکی زۆر شتی نەناسراوی لەگەڵ خۆی هێناوە کە ئێمە هێشتا لە سەرەتای ناسینیانداین.

زۆربەمان لەو شتانەی کە ناتوانن ڕوون بکرێنەوە، دەترسین. ئەم ترسە خاڵی هاوبەشی باوەڕهێنان بە تیۆریی دەسەداوە.

خەڵک پێویستیان بە تێگەیشتنە. پێویستیانە بەسەر ئەم بارودۆخە ئاڵۆزەدا کۆنتڕۆڵیان هەبێت و بێگومان پێویستیان بە هەستی پێکەوەبوونە.

ڕاکشانی هەستبزوێنی تیۆرییە دەسەداوەکان هۆکاری سەرەکیی بەربڵاوبوونیانە. ئەم تیۆرییانە ڕوونکارییەکی سادە (کە زیاتر لە چیرۆک دەچێت) بۆ تێگەیشتنی کێشەیەکی قورس پێشنیاز دەکەن.

چۆن دەتوانین گفتوگۆیەکی قورس، لە جێگەی ئەو ڕوونکارییە سادەیە، لەگەڵ خزم و دۆستان بەڕێوە ببەین؟

ڕەتکردنەوە ڕێبازێکی دروست نییە.

ڕەتکردنەوەی قسە و بۆچوونەکانیان و بە بێواتا و گاڵتەجاڕزانینیان تەنیا دەبێتە هۆی ئەوەیکە لەسەر هەڵوێستی خۆیان سوورتر بمێنن و باوەڕیان بە چیرۆکەکانیان قووڵتر ببێت.

ئینجا کاری ئێمەی پشکنەرانی ڕاستی قورستریش دەبێت کاتێک کە بۆمان ئاشکرا دەبێت کە بەڵگە و داتا، بەتەنیایی بیروبۆچوونی بڕوامەندانی تیۆریی دەسەداو ناگۆڕێت. بەشی ئەستەمی کارەکە ئەمەیە کە ژمارەیەکی زۆر لەم تیۆرییانە تێکەڵاون بە هەندێک ڕاستی و هەر هەوڵێک بۆ بەهەڵەناساندن و هەڵماڵینی درۆکانیان، دەتوانێت وەکوو هەوڵێک بۆ لاوازکردنی شوێن و پێگەی کەسایەتییەک دەربکەوێت.

قسەکردنی ئاشکرا لە ئاستی گشتیی کۆمەڵگەدا لەسەر تیۆرییە دەسەداوەکان دەتوانێت بگاتە ئەنجامێکی نەخوازراو، واتە باوکردنی ئەم تیۆرییانە لەجیاتی کەمکردنیان. بەرەنگاریکردنی تیۆرییە دەسەداوەکان دەتوانێت ئەو کەسانەی کە بەڵگەکەی ئێمە پەسەند ناکەن، تووڕە بکات و ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەم زانیارییە هەڵەیە. هەر بۆیە، گفتوگۆیەکی کراوە و بە ڕێزەوە لەگەڵ خزم و دۆستان دەرفەتێکە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە ئاستی گشتی بە دەگمەن دەست دەکەوێت.

هاودڵیتان هەبێت.

کاتێک لە دۆخی ژیانی ڕاستەقینەدا لەگەڵ کەسێک کە باوەڕی بە تیۆرییەکی دەسەداو هەیە مامەڵە دەکەن، ڕێگەی چارەسەر هاودڵییە. لە بیرمان نەچێت کە باوەڕەکەیان لە ترسەوە سەرچاوە دەگرێت. لە دیداری کەسێکی ئاوا، باشترە کە پرسیارگەلێک بکەن کە ترسێنەر نەبن. بەڵکوو وردە وردە لێکنەچوون و بەرەڵایی بۆچوونەکەیان ئاشکرا بکەن.

ئەمەش گرنگە کە لەسەر مەبەستی گفتوگۆکەتان بیر لەمە بکەنەوە کە ئایا تەنیا بۆ ئەمەیە کە بیسەلمێنن کە ئێوە ڕاست دەکەن و ئەوان هەڵە؟ ئەگەر وایە، کاریگەریی ئەم گفتوگۆیە بە واتای زیادکردنی مەودای نێوان ئێوە و خزم و هاوڕێکەتانە. بەڵام ئەگەر مەبەستتان تێگەیشتنی تێڕوانینیانە و نەک شکاندنیان، ئینجا ڕەنگە ئەنجامی گفتوگۆکە کراوەیی و ڕاستگۆیی و دۆزینەوەی بنچینەیەکی هاوبەش لە نێوانتاندا بێت.

شتێکی دیکە کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، ئەگەری تێکەڵاوبوونی تیۆرییەکەیە لەگەڵ هەستی کەسایەتیی تاکەکان.

بۆ نموونە: کەسێک کە لە ناخی دڵەوە باوەڕی هەیە کە حکوومەتەکان کاریگەرییەکی زێدەیان لەسەر ژیانی تاکەکان هەیە، ڕەنگە ئەمە بلکێنێت بە تیۆرییەکی دەسەداو کە پەیوەندیدارە بە کۆڤید و کۆنتڕۆڵی حکوومەتەکان. یان شوێندانەرێکی بواری تەندروستی لەوانەیە داخوازی بۆ ڤاکسینی کۆڤید ڕەت بکاتەوە، چونکە ئەو کەسە لایەنگری لە شێوەیەکی تایبەتی خواردن و ژیان دەکات.

بەیەکدادانی هەست و کەسایەتی لەگەڵ زانیاریگەلی ئاڵۆز ئەمە دەردەخات کە چەندە گرنگە ڕوخسارێکی مرۆڤانە و شیاوی تێگەیشتن، بە بەڵگە و داتاکانمان ببەخشین.

ئەم پرسیارانە بپرسن:

سێ پرسیاری ناوەندی (لە هەمووی گرنگتر سێ پرسیاری نەترسێنەر) دەتوانن لە کاتی قسەکردن لەسەر ئەم تیۆرییانە یاریدەدەرمان بن.

١_ لە کوێ ئەمەت بیستووە؟

لەوانەیە پشکنینێکی سادە بۆ سەرچاوەی زانیارییەکە کێشەکە چارەسەر بکات. ئەگەر تیۆرییەکەیان لە فەیسبووک یان لە پەیامێکی واتسئەپدا دیتبێت، لەوانەیە سەرچاوەکە و پتەویی سەرچاوەکە بپشکننەوە و لێکنەچوونی چیرۆکەکە بۆیان دەربکەوێت.

٢_ شوێنی کام زانیارییە لێرە بەتاڵە؟

هانیان بدەن کە بە دوای زانیاریی زۆرتردا بگەڕێن. ئێمە دەبێت وەکوو پیشەیەکی ئاسایی بەسەر سەرچاوە جیاوازەکاندا بگەڕێین. ئەم کارە وێنەیەکی پڕتر و تەواوتر لە بابەتەکەمان بۆ دەردەخات. تیۆرییە دەسەداوەکان زۆربەی جار بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکەیان زمانێکی ناڕێک و ناتەواو بەکار دەهێنن. جۆرێک کە دڵنیا دەبن ئەوەندە چیرۆکەکە پان و بەرینە کە بۆی هەیە هەندێک زانیاری دروستیش لەخۆ بگرێت. پرسیارگەلی سادە سەبارەت بە وردەکاریی چیرۆکەکە دەتوانێت ناتەواویی چیرۆکەکە دەربخات.

٣_ هەستت بەرامبەر بەم زانیارییە چییە؟

گفتوگۆیەک لەسەر ئەو هەستەی کە لە بیستنی زانیارییەکە لایان دروست دەبێت، بکەن. ئەگەر پارچە زانیارییەک دەبێتە هۆی ئەوەیکە کەسێک خەمبار بێت، بترسێت یان تووڕە بێت، لەوانەیە ئەو زانیارییە هەر بەو مەبەستە داڕێژرابێت. هەروەها چیرۆک و تیۆریگەلێک کە هەستێکی بەهێزتر ڕادەچڵەکێنن زۆرتریش دابەش دەکرێن و بڵاو دەبنەوە. ئەگەر دەبینن کە هاوڕێیەک یان خزمێک تیۆرییەکی وا بڵاو دەکاتەوە، پێشنیازیان پێ بکەن کە گەڕانێکی خێرا ئەنجام بدەن و ببینن کە خەڵکی دیکە سەبارەت بەم باوەڕە چی دەڵێن؟ هانیان بدەن کە لە بڵقی ئینستاگرام و واتسئەپ بێنە دەرەوە و پرسیار بکەن.

قسەی کۆتایی:

گۆڕینی بیروبۆچوونی کەسێک کە گیرۆدەی تیۆریی دەسەداو بووە، ئەستەمە. درمەدەردی کۆڤیدی ١٩ و داخراوی و کەرەنتینە، خەڵکیان بۆ ماوەیەکی درێژ لە یەکتر دابڕاندووە و بەستێنێکی بەپیتیان بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک بەرەو دەسەداوەکان ڕەخساندووە. ئەگەرچی هەر گفتوگۆیەک بە مەبەستی بەرەنگاریکردنیان زۆر ئەستەم دەبێت، بەڵام ئەم گفتوگۆیانە گرنگن و ڕوخسارێکی مرۆڤانە بە داتا و ڕاستییە فەرمییەکان دەبەخشن و ئەو مەودایەی کە بیروبۆچوونی توندڕەو لەناویدا گەشە دەکات، لا دەبەن. زۆر گرنگە کە ئەم باسانە بەردەوام بن. چونکە هەرچی ژمارەی زانیاریی دروست و ئاستبەرز زۆرتر بێت، ئەگەری ئەوەیکە خەڵک بڕیاری هەڵە لەسەر بنچینەی دەسەداوەکان بدەن، کەمترە.

Conspiracy theory: تیۆریی دەسەداو

Sense of belonging: هەستی پێکەوە هەبوون

Emotional pull: ڕاکشانی هەستبزوێنی

Fact checker: پشکنەرانی ڕاستی

Evidence: بەڵگە

Debunk: هەڵماڵینی درۆکان

Respectful: بە ڕێزەوە

Inconsistency: بەرەڵایی

Influencer: شوێندانەر

Clash: بەیەکدادان

Robustness: پتەوی

Habit: پیشە

Imprecise: ناڕێک

Bubble: بڵق

Pandemic: درمەدەرد

وەرگێڕ: پەریسا خاتری
چاودێری زمانی: موعین ئەحمەدی

سەرچاوە:

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

Back to top button