بابەتتەندروستی

خەڵاتێکی ناوازە بۆ زانایەکی کورد

ئەو ژنەی نەبوونی ژنانی بینی، بەڵام سیستەمێکی بۆ بینینیان بنیات نا

دکتۆر “شیرین عەبباسی نەژاد ئەنگەر”، زانا و پڕۆفیسۆری ناسراوی کورد، بووە خاوەنی خەڵاتی ناوازەی گشتگیری ساڵی ٢٠٢۵ لەلایەن کۆمەڵەی شێرپەنجەی وڵاتی کەنەداوە.
ئەو لە ئێستادا پڕۆفیسۆری تەواو و بەڕێوەبەر و خاوەنی کۆرسی توێژینەوەی بەشی فیزیای پزیشکییە لە کۆلێژی شێرپەنجەناسی لە زانکۆی مەکگیلی کەنەدا. دکتۆر ئێدواردۆ فرانکۆ، پسپۆڕی پەتاناسیی شێرپەنجە لە زانکۆی مەکگیل کە دکتۆر شیرینی بۆ ئەم خەڵاتە بەربژێر کردووە، دەڵێت: مێژووی ژیانی پیشەیی دکتۆر ئەنگەر سەلمێنەری خۆڕاگری و پێشەنگییە. ئەو وەک یەکەم ژن کە سەرۆکی بەشی فیزیای پزیشکی و پرۆگرامی خوێندنی باڵای زانکۆی مەکگیلە، توانیویەتی بەربەستەکان بشکێنێت و ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ کەسانی دیکەش کە شوێنی بکەون.
چیرۆکی ژیانی دکتۆر شیرین، چیرۆکی سەرکەوتن بەسەر بەربەستەکاندایە؛ هەر لە سەرەتای ژیانییەوە وەک پەنابەرێکی کورد تا دەگاتە پێشەنگایەتیی جیهانیی بواری فیزیای پزیشکی و پارێزەرێکی سەرسەخت بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان و گشتگیر لە توێژینەوەکانی شێرپەنجەدا.
یوژینگ زۆو، خوێندکاری دکتۆرا کە لەژێر سەرپەرشتیی دکتۆر شیریندا دەخوێنێت، ئاماژە دەکات کە دکتۆر شیرین لە سەردەمی خوێندنی خۆیدا بینیویەتی کە ناوی ژنان لە کتێب و وانە زانستییەکاندا زۆر کەمە و دەڵێت: ئەم نەبوون و پەراوێزخستنە ئەوی بێهیوای نەکردووە بەڵکوو هانی داوە و ڕەوتی ژیانی گۆڕیوە. لە جیاتی ئەوەی تەسلیمی ئەو سیستەمە ببێت کە نەیاندەبینی، ژیانی پیشەیی خۆی بۆ دامەزراندنی سیستەمێک کە تێیدا کەسانی دیکە ببینرێن تەرخان کردووە.
دکتۆر شیرین لە ئێستادا سەرپەرشت و ڕاهێنەری زیاتر لە ٣٠ خوێندکار و توێژەر لە قۆناغی بەکالۆریۆسەوە تا پۆستدکتۆرایە. تاقیگەکەی پێشوازی لەو گرووپانە دەکات کە لە مێژوودا نوێنەرایەتیی کەمیان لە فیزیا و ئەندازیاری و زانستی کۆمپیوتەردا هەیە.
کاریگەریی دکتۆر شیرین سنوورەکانی تاقیگەکەی خۆی تێپەڕاندووە. ئەو بەردەوام پابەند بووە بە فراوانکردنی زانیاری و ڕاهێنان لە بوارەکانی ژیریی دەستکرد، وێنەگریی پزیشکی و تەندروستی. هەروەها لەڕێگەی تاقیگەکەیەوە، پاڵپشتیی پرۆگرامی هاوینەی نێودەوڵەتی و بێبەرانبەری McMedHacksی کردووە کە خوێندکاران و پزیشکەکان لەگەڵ شیکاریی وێنەی پزیشکی ئاشنا دەکات. هەروەها هاوکار بووە لە دەستپێکردنی SPARK (پڕۆژەیەک بۆ ڕاهێنانی سەرکردە زانستییەکان لە ئەفریقا بۆ بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە بواری وێنەگرتنی پزیشکی و نەخۆشییەکانی شێرپەنجەدا).
پابەندبوونی دکتۆر شیرین بە گشتگیری، لە توێژینەوەکانی خۆیشی لە بواری فیزیای پزیشکیدا ڕەنگی داوەتەوە کە تێیدا تیمەکەی ئامراز و تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو پەرە پێ دەدەن بۆ ئەوەی لە کۆمەڵگەی توێژینەوەی بەرفراوانتردا بتوانرێت هاوبەش بکرێن، بگونجێنرێن و ببنە بونیادی بۆ توێژینەوەکانی تر.
دکتۆر فرانکۆ دەڵێت: دکتۆر ئەنگەر زانایەکی ناوازە و داکۆکیکارێکی ماندوویینەناسی یەکسانی و گشتگیری لە توێژینەوەی شێرپەنجەدایە کە سەرکردایەتییەکەی و پابەندبوونی بە پێشخستنی پێگەی ژنان و ئەو گرووپانەی کە کەمتر لە بوارە زانستییەکاندا ئاوڕیان لێ دراوەتەوە، شایستەبوونی دکتۆر ئەنگەر بۆ وەرگرتنی ئەم خەڵاتە نیشان دەدات.

جێگەی ئاماژەیە بەڕێزیان لە یەکەمین کۆڕبەندی زانستیی هۆژان وتارێکی سەرەکی لەژێر سەردێڕی: «هێزی پێداگری و کۆڵنەدان؛ گەشتی ژنان لە زانستدا»، پێشکەش کرد و بەباشی ڕۆڵێکی جیاواز و پەسندی گێڕا.

ڕێکخراوەی زانستیی هۆژان، پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی پڕۆفیسۆر “شیرین عەبباسی نەژاد ئەنگەر” دەکات.

وەرگێڕ: سەعیدە دەیهیم
هەڵەگر: هێرش مووسازادە
گرافیست: ئەڤین ڕەشیدی ڕۆستەمی

وشەکان:

1.Eduardo Franco: ئێدواردۆ فرانکۆ
2.Yujing Zou: یوژینگ زۆو
3.Inclusive Excellence Prize: خەڵاتی ناوازەی گشتگیری
4.McGill: مەکگیل
5.The Power of Persistence; Women’s Journey in Science:هێزی پێداگری و کۆڵنەدان؛ گەشتی ژنان لە زانستدا

🔗

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

Back to top button