نەبوونی ئینتەرنێت لە سەردەمی مۆدێڕندا؛ کێشەیەکی تەکنیکی یان کۆسپێکی گەورە
«بریا گەشی چاوت، گڕی سینەت، دەمی قەندت بەو نێتە بەڕێ کەی کە هەوا لێرەکە قاتە»*

ئینتەرنێت لە سەدەی بیست و یەکەمدا لە ڕێگەیەکی سادەی پەیوەندییەوە بووەتە ژێرخانێکی بنەڕەتیی ژیانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی. بەپێی دوایین ئاماری یەکێتیی نێودەوڵەتیی پەیوەندییەکان (ITU) زیاتر لە ۵.۴ ملیار کەس لە سەرانسەری جیهاندا ئینتەرنێت بەکار دێنن کە لە بوارەکانی فێرکاری، تەندروستی، بازرگانی و پیشەییدا چالاکن. ئەم ژێرخانە ئەلیکترۆنییە ڕێگە بە گواستنەوەی خێرای زانیاری، دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە دوورەکان و دروستکردنی هەلی کار دەدات، بە جۆرێک کە ئەمڕۆ نەبوونی ئەو، هاوشێوەی بێبەشبوون لە کارەبا یان ئاو لە ژیانی هاوچەرخدایە.
ئاشکرایە کە لەم سەردەمەدا ئینتەرنێت بووەتە ئامرازی سەرەکیی پەیوەندی بۆ ئەو کەسانەی کە بۆ خوێندن یان کارکردن ڕوو لە وڵاتانی دەرەوە دەکەن.
ئەم تۆڕە ئەلیکترۆنییە ڕێگە بە پاراستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان، دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی پەروەردەیی دەدات، تەنانەت پەیوەندییە سۆزدارییەکانیش لەم جەغزەدا جێگەی خۆیان دۆزیوەتەوە و بەم شێوەیە بەربەستە جوگرافییەکانی هاوسەرگیری و ئەوین و خۆشەویستی شکاوە و وەک جاران نەماوە. هاوکات لە بواری دەروونیشەوە هەستی دوورکەوتنەوە و گۆشەگیری کەم دەکاتەوە.
بۆ کرێکاران و خوێندکارانی نێودەوڵەتی، نەبوونی ئینتەرنێت تەنیا بڕانی پەیوەندیی سۆزداری نییە، بەڵکوو کۆسپێکی گەورەیە لە بەردەم گەشەپێدانی پیشەیی و زانستییاندا.
هەروەها نەبوونی ئینتەرنێت یان دەستڕاگەیشتنی سنووردار زیانێکی قووڵ و فرەڕەهەندی لێ دەکەوێتەوە. ئەم دابڕینە ئەلیکترۆنییە، هاووڵاتیان، بەرەو کەمبوونەوەی هەلی پەروەردەیی، دەستبەسەری ئابووری و گۆشەگیریی کۆمەڵایەتی دەبات.
لە سەردەمی ڕووداوەکانی پەتای کۆڤید-١٩دا، توێژینەوەیەکی زانستی کە لە گۆڤاری “پرۆسیدینگی ئەکادیمیای نیشتمانیی زانستەکان” (PNAS) بڵاو کراوەتەوە، دەڵێت: قوتابخانەی ئەو وڵاتانەی خاوەن ئینتەرنێتی لاواز یان سنووردار بوون، بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکە، زیانی فێربوونی چەند هێندە زیاتریان بەر
کەوت کە ئەمە هەژاری و دواکەوتنی نەوەکانی لێ دەکەوێتەوە. بەم شێوەیە، نەبوونی ئینتەرنێت تەنیا کێشەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکوو هۆکارێکی سەرەکیی فراوانبوونی نایەکسانیی کۆمەڵایەتی و ئابوورییە لەم سەردەمەدا.
سەرچاوەکان:
*هۆنراوە: هەتاو خورشیدی
1. ITU (2023). *Measuring digital development: Facts and figures 2023*. International Telecommunication Union.
2. Engzell, P., Frey, A., & Verhagen, M. D. (2021). Learning loss due to school closures during the COVID-19 pandemic. *Proceedings of the National Academy of Sciences*, 118(17), e2022376118.
3. Dekker, R., & Engbersen, G. (2014). How social media transform migrant networks and facilitate migration. Global Networks, 14(4), 401-418.




