بابەتزانستە بنەماییەکان

تاردیگرەیدەکان: خۆڕاگرترین زیندەوەری سەر زەوی

تاردیگرەیدەکان کە زۆر جار بە ورچەکانی ئاو یان بێچووە بەرازی سەر قەوزەکان ناو دەبرێن، ئاژەڵی نزیکە مایکرۆسکۆپین و لەشێکی درێژ و پڕ و چەند سەرێکی بەدوایەکدا جەمسەرگرتوویان هەیە . ئەوان هەشت قاچ و دەستیان هەیە، هەروەها چوار بۆ هەشت چڕنووک لەسەر هەر یەکێکیان هەیە. تاردیگرەیدەکان بە شێوەیەکی نامۆ زیندەوەری نیان و بێزیانن، لە هەمان کاتدا ئەو زیندەوەرە چکۆلانانە تا ڕادەیەکی زۆر خۆڕاگر و لەناونەبراون هەتاوەکو دەتوانن لە بۆشایی ئاسمانیشدا بە زیندووی بمێننەوە.

 

تاردیگرەید لقێکی سەربەخۆیە لە پۆلێنی زیندەوەران (لق پلەیەکی بەرزە لە پۆلێنی زانستی زیندەوەران بۆ نموونە مرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ لقی بڕبڕەدارەکان). بە پێی سیستمی یەکخراوی زانیاریی پۆلێنی زیندەوەران زیاد لە 1000 جۆر زیندەوەر لە لقی تاردیگرەیددا بوونیان هەیە.

 

قەبارە

ئەو بوونەوەرانە لە کرمۆکە نێرگەلە کێشەکە دەچن لە فیلمی “Alice in Wonderland”دا.  ئەو زیندەوەرانە دەکرێت لە نێوان  0.05 میلیمەتر بۆ 1.2 میلیمەتر درێژ ببن، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لە 1 میلیمەتر گەورەتر نابن.

 

شوێنی ژیان

ورچە ئاوییەکان بە نزیکەیی دەتوانن لە هەرشوێنێک، بژین. ئەوان بۆ ژیان زیاتر نیشتەنیی بنکی دەریاچەکان و بەشە شێدارەکانی قەوزە و ژینگە شێدارەکانی تر هەڵدەبژێرن. ئەوان لە مەودایەکی فراوانی پلەی گەرمی و بارودۆخی جیاوازدا دەتوانن بژین.

 

توێژینەوەکان ئەوەیان دۆزیوەتەوە کە تاردیگرەیدەکان دەتوانن بەرگەی ژینگەی ساردی تا ٣٢٨ پلە ژێر سفری فەرەنهایت بگرن (کە دەکاتە ٢٠٠ پلە ژێر سفری سیلیسیوس). هەروەها تاردیگرەیدەکان دەتوانن بەرگەی تیشکدانەوە و شلە کوڵاوەکان و پەستانێکی یەکجار زۆر -شەش هێندەی پەستانی قوڵترین بەشی زەریاکان- و ڤاکیۆمی بۆشایی ئاسمان بەبێ هیچ پارێزەرێک، بگرن. توێژینەوەیەک لە ساڵی 2008 لە گۆڤاری “current biology”دا،  بڵاو کرایەوە، ئەوەی دۆزییەوە کە هەندێک جۆری تاردیگرەیدەکان دەتوانن بۆ ماوەی 10 ڕۆژ لە شوێنێکی نزمی خولگەی زەوی لە کاتێکدا کەوتوونەتە بەر ڤاکیۆمی بۆشایی ئاسمان و تیشکدانەوە، بمێننەوە (لە کاتێکدا مرۆڤ تەنها ١٥ بۆ ٩٠ چرکە دەتوانێت بمێنێتەوە).

لە ڕاستیدا توێژەرەکان ئەوەیان دۆزیوەتەوە دەکرێت ورچە ئاوییەکان بۆ ماوەیەکی درێژ دوای لەناوچوونی مرۆڤایەتی بمێننەوە. زانایان لە زانکۆی هارڤارد و ئۆکسفۆرد سەرنجیان لە گریمانەکانی ڕوودانی هەندێک ڕووداوی گەردوونی دا -لەوانە خۆکێشانی هەسارۆکەیەک بە زەویدا، تەقینەوەی سوپەرنۆڤایەکی نزیک و دەرپەڕین و تەقینەوەکانی تیشکی گاما- لە چەند ملیارد ساڵی داهاتوو. پاشان سەرنجیان دا لە ئەگەری ئەوەی ئەو ڕووداوانە سەختترین جۆرەکانی ژیانی سەر زەوی بسڕنەوە. توێژەرەکان ئەوەیان دۆزییەوە کە هەندێک جۆری تاردیگرەیدەکان لە ژیاندا دەمێننەوە کە زۆربەی هەرە زۆری تاردیگرەیدەکان پێکدەهێنن.

دەیڤید سلۆن، نووسەری هاوکاری توێژینەوە نوێیەکە و توێژەر لە زانکۆی ئۆکسفۆرد لە لێدوانێکدا گوتی “مایەی سەرسووڕمانە، ئێمە دۆزیمانەوە کەوا سوپەرنۆڤایەکی نزیک یان کاریگەریی خۆپێداکێشانی هەسارۆکەیەک بە زەویدا، بۆ مرۆڤ زۆر کارەساتبار دەبێت بەڵام تاردیگرەیدەکان کارتێکراو نابن” دەشڵێت “لەبەر ئەوەیە، وا دەردەکەوێت کە ژیان بەرەو لە ناوچوون چوو، سەختە بە تەواوی ئاسەواری ژیان بسڕدرێتەوە، ژمارەیەکی زۆر جۆری زیندەوەران، بەڵکە ڕەنگە تەواوی خێزانەکانی زیندەوەران لە ناو بچن، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ژیان بەردەوام دەبێت”

 

خووی تاردیگرەیدەکان

تاردیگرەیدەکان ساڵی ١٧٧٣، لە لایەن قەشەیەکی ئەڵمانی دۆزرانەوە بە ناوی یۆهان ئۆگەست ئەفرایم گویزی. ئەو ناوی لێنان تاردیگرەید کە بە مانای “هەنگاونەری خاو” دێت. لە ١٧٧٦، قەشە و زیندەزانی ئیتاڵی لازارۆ سپالانزانی ئەوەی دۆزییەوە ورچە ئاوییەکان لە ڕێگەی گۆڕانکارییەوە. بەرگەی بارودۆخە سەختەکان دەگرن.

لە زۆربەی بارودۆخەکاندا، بە چوونە بارودۆخێکی خۆ مراندن، کە پێی دەڵێن کریپتۆبیۆسیس لە ژیاندا دەمێننەوە. ئەوان خۆیان دەپێچنەوە بۆ تۆپێکی وشک کە پێی دەڵێن “تەن” لە ڕێگەی ڕاکێشانەوەی سەر و پێیەکانیان. ئەگەر بگەڕێندرێنەوە ناو ئاو، تاردیگرەیدەکان دەگەڕێنەوە بۆ ژیان لە چەند سەعاتێکی کەمدا.

کاتێکدا لە کریپتۆبیۆسیس دان، ئاستی چالاکی سازوچووی (مێتابۆلیکی) تاردیگرەیدەکان دادەبەزێت بۆ 0.01 لە سەدای ئاستی چالاکی ئاسایی، و ئەندامەکانیان بە جێڵێکی شەکری دەپارێزن کە پێی دەگوترێت ترێهاڵۆز. هەروەها وا دەردەکەوێت ئەوان بڕێکی زۆر دژە ئۆکسێن بەرهەم بێنن،کە دەکرێت رێگەیەکی تر بێت بۆ پاراستنی ئەندامە گرنگەکان. هەروەها ورچە ئاوییەکان پرۆتینێکی تریش دروست دەکەن کە DNA ەکەیان لە زیانی تیشکدانەوە دەپارێزن.

لە پلە گەرمییە ساردەکاندا، خۆیان بۆ جۆرێکی تایبەتی “تەن” دەگۆڕن کە ڕێگری لە درووسبوونی کریستاڵی بەفر دەکات

 

هەروەها جۆرە بەرگرییەکی تریان هەیە بۆ ئەو کاتانەی لەناو ئاودان. ئەو کاتەی ئەو ئاوەی تیایدا دەژین ڕێژەیەکی کەمی ئۆکسجینی تیایە، ئەوان درێژ دەبنەوە و ڕێگە بە کەمبوونەوەی تێکڕای سازوچووی (مێتابۆلیکی) دەدەن. لەو بارودۆخەدا، ماسولکەکانیان بایی ئەوەندە ئۆکسجین و ئاو دەمژن و کە بەشی مانەوەیان بکات.

لە ٢٠١٦، زاناکان دوو “تەن” و هێلکەیەکیان ژیاندەوە کە زیاد لە ٣٠ ساڵ بوو لە باری کریپتۆبیۆسیسدا بوون.

ڕاپۆرتەکانی تاقیکردنەوەیەکی ساڵی ١٩٤٨ ئاماژە بەوە دەکەن کە “تەن”ێکی زیاد لە ١٢٠ ساڵیان دووبارە گەڕاندۆتەوە بۆ ژیان، بەڵام ئەو توێژینەوەیە هەرگیز دووبارە نەکراوەتەوە.

 

خۆراک

تاردیگرەیدەکان شلە دەخۆن بۆ ئەوەی بمێننەوە. ئەوان ئاونگی سەر قەوزە و ئەشەنەکان دەمژن. هەندێک جۆریان گۆشتخۆرن هەتاوەکو هەندێکیشیان گۆشتی تاردیگرەیدی تر دەخۆن – دەتوانن لەسەر ڕاوکردنی تاردیگرەینی تر بژین.

 

وەچەخستنەوە

بەپێی جۆری تاردیگرەیدەکە، تاردیگرەیدەکان زۆر دەبن لە ڕێی توخمە زۆربوون و ناتوخمە زۆربوون. ئەوان لە یەکجاردا یەک بۆ سی هێلکە دادەنێن. لە کاتی توخمە زۆربووندا، مێیەکە هێلکەکان دادەنێت و نێرەکانیش دەیانپیتێنن. لە ناتوخمە زۆربووندا، مێیەکە هێلکە دادەنێ و هێلکەکان پێدەگەن بەبێ پیتاندن.

 

پۆلێنکردن

ئەوە پۆلێنی تاردیگرەیدەکانە بە پێی ITIS:

شانشین: گیانلەبەر

ژێرشانشین: دوولایەکان

خوارشانشین: دەم یەکەمینیەکان

سەروولق: توێژفڕێدەرەکان

لق: تاردیگرەیدەکان

 

لقی تاردیگرەیدەکان دابەش دەبێ بۆ:

3 چین

5 تۆرەمە

20 خانەدان

15 ژێرخانەدان

105 خێزان

4 ژێرخێزان

1018 جۆرە

67 ژێرجۆرە

 

بارودۆخی پارێزگاری

تاردیگرەیدەکان لەلایەن یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت، هەژمار نەکراون. هەروەها ئەوان لە هیچ لیستێکی تردا بۆ ئەو پاراستنی ئاژەڵانەی لەبەر مەترسیی لەناوچووندان، نین. هەروەها لەو نیو ملیارد ساڵەی دواییدا لە پێنج لەناوچوونی گشتی ڕزگاریان بووە.

 

ڕاستی تر

دەمی ورچەکانی ئاو دەکرێت لە دەرەوە ببینرێت بۆ دەرخستنی ددانە تیژەکانی کە بۆ بەدەسخستنی خۆراک بەکار دێت.

ئەوان مەلە دەکەن! قاچە جۆراوجۆرەکانی پاڵ بە ورچەکانی ئاوەوە دەنێن بەرەو خۆراک.

 

تاردیگرەیدەکان لانیکەم دەبێت بەرگێکی تەنکی ئاویان لە دەوری جەستەیان هەبێت بۆ ڕێگری کردن لەوەی ببن بە “تەن”.

 

وشەکان

asteroid: هەسارۆکە

supernova: نوێبوونەوەی مەزن

metabolism: سازوچوو

antioxidant: دژە ئۆکسێن

lichens: ئەشەنەکان

carnivore: گۆشتخۆر

sexual reproduction: توخمە زۆربوون

assexual reproduction: ناتوخمە زۆربوون

fertilization: پیتاندن

Integrated Taxonomic Information System :سیستەمی یەکخراوی زانیاری پۆلێنی زیندەوەران

kingdom: شانشین

subkingdom: ژێرشانشین

infrakingdom: خوارشانشین

superphylum: سەروولق

phylum:لق

class: چین

order:تۆرەمە

family: خانەدان

genus: خێزان

species: جۆرە

subfamily: ژێرخانەدان

subgenus: ژێرخێزان

subspecies : ژێرجۆرە

animalia: گیانلەبەر

bilateria: دوولایەکان

protostomia: دەم یەکەمینیەکان

ecdysozoa: توێژفڕێدەرەکان

 

وەرگێڕانی: عەبدوڕەحمان ئەبوبەکر

 

سەرچاوە:

https://www.livescience.com/57985-tardigrade-facts.html

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button