تیمێک لە توێژەران لە زانکۆی ماساچۆسێت، بەم دواییانە لە ڕاپۆرتی ئەکادیمیای نەتەوەیی زانستەکاندا ڕایانگەیاند کە ماددەیەکی ڕەقی لاستیکئاسایان داڕشتووە کە تایبەتمەندیگەلێکی سەرسوڕهێنەری هەیە. ئەم ماددەیە دەتوانێت بڕێکی زۆر وزە هەڵبمژێت و ئازادی بکات. ئەم ماددەیە بەرنامەپێدراوە. بەگشتی، ئەم ماددە نوێیە جێی هیوایە کە لە داهاتوودا بۆ مەبەستگەلێکی زۆر بەکار ببرێت. لە تواناکردنەوەی ڕۆبۆتەکانەوە بگرە بۆ ئەوەی بەبێ کەڵکوەرگرتن لە وزەیەکی زیاتر هێزێکی زیاتریان هەبێت، هەتا کڵاوکاسکێتە نوێیەکان و ماددە پارێزەرەکان کە دەتوانن زۆر خێراتر وزە بڵاو بکەنەوە.
ئاڵفرێد کرۆسبای، پڕۆفیسۆری زانست و ئەندازیاریی پۆلیمەر لە زانکۆی ماساچۆسێت و سەرنووسەری گوتارەکە دەڵێت: کێشێک بهێنە پێش چاوت، تۆ دەیکێشیت و کاتێک کە بەری دەدەیت، بەناو ژوورەکەدا فڕێ دەدرێت. ئێستا سووپەرکێشێک بهێنە پێش چاوت. کاتێک کە هەتا خاڵێکی دیاریکراو دەیکێشیت، وزەیەکی زیادەی پاشەکەوتکراو لەناو ماددەکەدا چالاک دەکەیتەوە. کاتێک کە کێشەکە بەر دەدەیت، نزیکەی مایلێک فڕێ دەدرێت.
ئەم کێشە گریمانەییە لە ماددەیەکی نوێ پێک هاتووە (ماددەیەک کە داڕێژراوە تاکوو تایبەتمەندییەکی هەبێت کە لەناو ماددە سروشتییەکاندا نییە) کە ماددەیەکی ئیلاستیکی کێشئاسا لەگەڵ مەگنێتگەلێکی بچووکدا کە تێیدا دانراوە، تێکەڵ دەکات.
ئەم ماددە ئیلاستۆ-مەگناتیسییە نوێیە لە تایبەتمەندییەکی فیزیکی بە ناوی گۆڕینی فاز کەڵکی وەرگرتووە تا بڕە وزەیەک کە ماددەکە دەتوانێت ئازادی بکات یان هەڵی بمژێت، تا ڕادەیەکی زۆر بەهێز بکاتەوە.
گۆڕینی فاز، کاتێک ڕوو دەدات کە ماددە لە حاڵەتێکەوە بۆ حاڵەتێکی تر دەچێت. ئاو لەبەرچاو بگرن کە دەبێت بە هەڵم یان بێتۆنی شلە کە دەکرێتە شۆستەیەک و ڕەق هەڵدێت. هەر کاتێک کە ماددەیەک فازی خۆی بگۆڕێت، وزە یان ئازاد دەکرێت یان هەڵدەمژرێت. گۆڕینی فاز تەنیا بە گۆڕینی حاڵەتی ڕەق و شلە و گاز (گۆڕینی فاز لەوانەیە لە فازێکی ڕەقەوە بۆ فازێکی ڕەقی تر بێت) بەرتەسک نابێتەوە. فازگۆڕینێک کە وزە ئازاد دەکات دەتوانێت وەکوو سەرچاوەیەکی هێز کەڵکی لێ وەربگیرێت، بەڵام وەرگرتنی وزەی گونجاو هەمیشە بەشە ئەستەمەکەی ئەم کارە بووە.
کرۆسبای دەڵێت: بۆ بەهێزکردنەوەی ئازادکردن یان هەڵمژینی وزە، دەبێت پێکهاتەیەکی نوێ لە ئاستی مولکولی یان تەنانەت ئەتۆمیدا دابڕێژین. ئەگەرچی ئەم کارە ئەستەمە و تەنانەت ئەنجامدانی بە شێوەیەکی پێشبینیکراو قورستریشە بەڵام کرۆسبای دەڵێت: بە بەکارهێنانی میتاماددەکان، ئێمە بەسەر ئەم کێشانەدا سەر کەوتووین و نەتەنیا ماددەیەکی نوێمان دروست کردووە، بەڵکوو ئەلگۆریتمگەلێکی داڕشتنمان پەرە پێ داوە کە یارمەتیمان دەدات ئەم ماددانە بە وەڵامگەلێکی دیاریکراوەوە بەرنامەیان پێ بدرێت و پێشبینیکراو بن.
ئەم تیمە لە هەندێک لە کاردانەوە خێراکان کە لە سروشتدا بینراون ئیلهامی وەرگرتووە وەکوو: بەستنی گوڵی ڤینۆسی مێشخۆر و مێلوورە شەویلگەتەڵەییەکان.
ژوودۆنگ لیانگ، سەرنووسەری گوتارەکە، کە ئێستا پڕۆفیسۆری ڕێکخراوەی تەکنۆلۆجیای هاربین لە شەنژەن (HITSZ) لە وڵاتی چینە و کاتێک کە لە زانکۆی ماساچۆسێت پۆستدوکتۆرای دەخوێند ئەم توێژینەوەیەی تەواو کردووە، دەڵێت: بە دانانی مەگنەتی بچووک لەناو ماددە ئیلاستیکەکەدا، دەتوانین فازگۆڕینەکانی ئەم ماددەیە کۆنترۆڵ بکەین و چونکە گۆڕینی فاز پێشبینیکراو و دووپاتکراوەیە، دەتوانین ماددەکە بە جۆرێک دابڕێژین کە ڕێک ئەو کارە بکات کە ئێمە دەمانەوێت: چ هەڵمژینی وزەی لێککەوتنێکی گەورە بێت، چ ئازادکردنی بڕە وزەیەکی زۆر بۆ تەقینەوەیەک.
ئەم توێژینەوەیە لەلایەن تاقیگەی توێژینەوەی سوپای ئەمریکا و نووسینگەی توێژینەوەی سوپای ئەمریکا و ڕێکخراوەی تەکنۆلۆجیای هاربین لە شەنژەن پاڵپشتی کراوە و لە هەر سیناریۆیەکدا کە لێککەوتنی بەهێز یان کاردانەوەی خێرا پێویست بێت، بەکار دەبرێت.
وەرگێڕ: ئارمین شەریفی
چاودێری زمانی: ئەستێرە چابوک