دیاردەیەکی دەگمەن کە حەیفە نەبیندرێت؛ ئەو ۶ هەسارەیەی لە ئاسمان گەڕی شایی دەگێڕن

له دیاردەیەکی دەگمەنی ئەستێرەناسیدا کە سبەینێ ۹ی ڕەشەمە ڕوو دەدات، شەش هەسارە هاوکات لە ئاسمانی شەودا لە یەک ڕیز، واته به شێوەیەکی هاوتەراز بەدی دەکرێن.
ئەو هەسارانە بریتین لە زاوە¹، ڤێنووس، موشتەری، زوحەل، ئورانووس و نێپتۆن.
ئەم چەشنە لە هاوتەرازی و ڕیزبوونە زۆر کەم ڕوو دەدات، چونکە دەبێت خولگەی تەنە ئاسمانییە جیاوازەکان هاوکات لە یەک ڕووبەردا بن کە ئەمەش پەیوەندی بە ڕێڕەو و خێرایی هەر هەسارەیەک لە ئاسماندا هەیە.
باشترین کات و شوێن بۆ بینینی ئەم دیاردەیە، ٣٠ خولەک تا یەک کاتژمێر دوای خۆراوا و لە شوێنێکی تاریک و دوور لە ئاوەدانییە.
ڤێنوس و موشتەری بە هۆی ڕووناکیی زۆر بەئاسانی و بەبێ تەلەسکۆپ دیار دەبن. زوحەلیش کە ڕووناکی کەمترە هەر دیارە، بەڵام ئورانووس و نێپتۆن دوورترن و بۆ دیتنیان تەلەسکۆپ پێویستە.
هەروەها بۆ دۆزینەوەی ساناتر، دەکرێ چەند کۆئەستێرە* وەک نیشانە و ئادرەس بەکار بهێنرێن کە بریتین لە کۆئەستێرەی نەهەنگ²، گا³و دووانە⁴.
بوونی مانگ لەوانەیە بینینی ئەو هەسارانەی کە ڕووناکیان کزترە، ئەستەم بکات.
بە درێژایی ئەم ساڵ واتە ساڵی ۲۰۲۶، هاوتەرازبوونێکی دیکەش ڕوو دەدات، بەڵام سەرنجڕاکێشترینیان هی سبەبنێیە.
وشەکان:
1)Mercury
2)Pisces
3)Taurus
4)Gemini
*constellation:
(کۆی ئەستێرەکان لە ئاسمانی شەوانەدا دیمەن یان ڕووخسارێک پێک دەهێنن و لە ڕووبەری ئاسماندا دابەش دەبن. ئەم دیمەنانە یارمەتی توێژینەوەی ئەستێرەناسەکان دەدەن و ئاسانکارییان بۆ دەکەن. یەکێتیی جیهانیی ئەستێرەناسان لە ساڵی ۱۹۹۲ی زایینیدا، کۆئەستێرەکانیان بەسەر ۸۸ شێوە یان ڕووخساری ئاسمانیدا، دابەش کرد).
مەهسا ئیسافی




