بابەتتەندروستی

لە کاتی مەرگدا، باشترین بیرەوەرییەکانی ژیانمان وەک شانۆیەک دێنەوە پێش چاومان.

مێشکی ئێمە هەموو کات چالاکە، تەنانەت کاتێک کە لەشمان خەریکە دەمرێت.

زانایان بە تۆمارکردنی شەپۆلەکانی مێشک بۆیان دەرکەوتووە کە لە کاتی مردندا، مێشک هاوشێوەی کاتێک کە مرۆڤ خەون دەبینێت، لە جموجۆڵێکی زۆردایە.

ئەمەش کەمێک سەیر دەنوێنێت! چونکە مرۆڤ لە چۆنیەتیی مردنی دوورترین ئەستێرەکان، لەچاو مردنی خۆی زانیاریی زۆرترە!

پیاوێکی ٨٧ ساڵە دوای بەربوونەوە، لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەیەک لە وڵاتی ئستۆنیا، خەوێنرا. نەخۆشەکە نەشتەرگەری بۆ کرا بەڵام بە داخەوە دوای ١٢ جار فێگرتن و جەڵتەی دڵ، گیانی لەدەست دا. بەم حاڵەوە پزیشکەکان توانیان بۆ یەکەم جار جموجۆڵی مێشکی مرۆڤ لە کاتی مەرگدا، تۆمار بکەن.

جموجۆڵی مێشک کە بە کەڵکوەرگرتن لە EEG پێوەر دەکرێت، ٥ جۆر شەپۆلی هەیە: ئاڵفا، بێتا، دێلتا، تێتا و گاما.

گاما بەرزترین ئاستی جموجۆڵی مێشکە و، دەبێتە حاڵەتێک کە مێشک خەریکی خەوندیتن، تێڕامان، وەبیرهێنانەوە یان تێگەیشتنی هۆشیارانەیە.

سەبارەت بەو نەخۆشەی کە باسمان کرد: زۆرترین شەپۆلی مێشکی ئەو پیاوە لە کاتی مەرگدا، شەپۆلی گاما بووە و، زانایان پێیان وایە کە مێشک لە دوایین دەمەکانی خۆیدا، خەریکی ئاوڕلێدانەوە و وەبیرهێنانەوەی بیرەوەرییەکانی ژیان بووە.

دوکتۆر ئەجمەل زیمار، نەشتەرگەری مێشک لە زانستگەی تۆرنتۆ دەڵێت: ئەم شەپۆلانە نیشانی داوە مێشک پێش کوژانەوە، بەسەرهات و بیرەوەرییە گرنگەکانی مرۆڤ لە ماوەی ژیانیدا وەبیر دەهێنێتەوە و، پێیاندا دێتەوە.

زانایان بۆ بڕیاردان لەسەر ئەم شتە پەلەیان نییە. چونکە جارێ تەنیا لەسەر یەک مرۆڤ، ئەویش بە مێشکێکی زامدارەوە کە چەند جار تووشی فێ بووە، زانیارییان هەیە.

EEG: electroencephalogram

وەرگێڕان: کەریم بایرامی

چاودێری زمانی: حەسەن مووسازادە

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button