بابەتتەندروستی

باشترین حاڵەتی خەوتن کامەیە؟

ئێوە لەسەر پشت، لەسەر تەنیشت یان لەسەر سک دەنوون؟ ئایا باشترین حاڵەتی گونجاو لەگەڵ بارودۆخی خۆتان هەڵدەبژێرن؟ ئێمە نزیکەی لە سێ بەش بەشێکی ژیانمان بۆ خەوتن تەرخان دەکەین. خەوی تەواو و پێویستی شەوانە یەکێک لە باشترین ئەو کارانەیە کە دەتوانین بۆ باشتربوونی تەندروستیی جەستە و مێشک بیکەین. خەوی نەشیاو و ناتەواو دەتوانێت ئاسەواری وێرانکەری لەسەر تەندروستی هەبێت. هۆکاری زۆر هەن وەکوو چەشنی خۆراک، ڕادەی چالاکیی جەستەیی بە درێژایی ڕۆژ، کاتی خەوتن، جێگەی خەوتن، ماوەی خەوتن و هتد. کە دەتوانن چۆنیەتیی خەو بگۆڕن. یەکێک لەو هۆکارە گرنگانە، حاڵەتی جەستەیه کە بۆ خەوی شەوانە هەڵدەبژێردرێت. 

دۆخی جەستەیی بۆ خەوتن بە چەند شێوازی گشتی دابەش دەکرێت: خەوتن لەسەر تەنیشتی ڕاست، خەوتن لەسەر تەنیشتی چەپ، خەوتن لەسەر پشت و خەوتن لەسەر سک. لەم وتارەدا، هەریەک لەو دۆخانە لە ڕوانگەی زانستییەوە تاوتوێ دەکرێت و ئاماژە بە خەسارەکان و تایبەتمەندییەکانی دەکرێت و لە کۆتاییدا باشترین شێواز دیاری دەکرێت.

حاڵەتی خەوتن

١. خەوتن لەسەر پشت Back-sleeping

خەوتن لەسەر پشت یان چوارپەل ڕاکێشان supine ڕەنگە بۆ زۆربەی کەسانی تەندروست قازانجی هەبێت، ئەگەرچی ڕەنگە ماوەیەک بخایەنێت تا لەگەڵ ئەو دۆخە خۆیان بگونجێنن. لە زووەوە خەوتن لەسەر پشت بۆ حەسانەوەی شەوانە پێشنیار کراوە، تاکوو بە ژانەوە وەخەبەر نەیەیت. 

١. خەوتن لەسەر پشت Back-sleeping

١.١ شێوازەکانی خەوتن لەسەر پشت

١.١.١ شێوازی سەرباز Soldier Position

لەم دۆخەدا، مرۆڤەکان لەسەر پشت ڕادەکشێن و باسکەکانیان لە خوارەوە و نزیکی جەستەیان دەبێت. نزیکەی سەدا هەشتی مرۆڤەکان بەم جۆرە دەخەون. ئەو کەسانە کەمتر ماسولکەکانی شانیان بەکار دەهێنن و لە ئەنجامدا ڕەنگە ژانی شان بچێژن.

١.١.٢ شێوازی ئەستێرەی دەریایی Starfish Position

ئەم کەسانە لەسەر پشت ڕادەکشێن و دەستەکانیشیان لەسەر سەریانە. نزیکەی سەدا پێنجی مرۆڤەکان بەم جۆرە دەخەون. ئەوانە ژانێکی کەمتریان لە شانیاندا دەبێت.

١.٢. تایبەتمەندییەکانی خەوتن لەسەر پشت

خەوتن لەسەر پشت تایبەتمەندی و خەساری خۆی هەن. بە گوتەی ڕێکخراوی نەتەوەیی خەو (ویلایەتە یەکگرتووەکان) National Sleep Foundation، خەوتن لەسەر پشت باشترین شێوازە بۆ تەندروستی، بەڵام تەنیا سەدا هەشتی مرۆڤەکان بەو جۆرە دەخەون. 

خەوتن لەسەر پشت هێمنترین حاڵەت بۆ منداڵی ساوایە. ئەو منداڵانەی لەسەر پشت دەخەون، کەمتر بە هۆی سەندرۆمی مەرگی لەناکاوی منداڵ (SIDS) sudden infant death syndrome  دەمرن.

١.٢.١ تەندروستیی بڕبڕە spine

ڕێکخراوی نەتەوەیی خەو ڕای دەگەیەنێت کە خەوتن لەسەر پشت، مل و و بڕبڕە لە دۆخێکی ڕێکدا ڕادەگرێت و دەبێتە هۆی ئەوەی کە ماسولکەکانی پشت لە دۆخی حەسانەوەدا بمێننەوە و لە ئاکامدا ‌گوشار و ژان لەو شوێنانەدا کەم بێتەوە.

١.٢.٢ کەمکردنەوەی دڵەکزە Heartburn

خەوتن لەسەر پشت بە جۆرێک کە سەرتان بە یارمەتیی سەرینی بچووک بڕێک بەرزتر بێت باشترین دۆخە بۆ کەمکردنەوەی دڵەکزە. سەرینی لەبار دەبێت چەناگەتان بە تەواوی ڕاستەوڕاستی جەستەتان ڕابگرێت، واتە گۆشەی نێوان چەناگە و ملتان ٩٠ پلە بێت.

کەمکردنەوەی دڵەکزە Heartburn

١.٢.٣ کەمکردنەوەی چرچیی دەموچاو Wrinkle

خەوتن لەسەر پشت قازانجێکی تریشی هەیە. لەم جۆرە خەوتنەدا بە هۆی نەبوونی گوشار لەسەر دەموچاو، ڕەنگە پێکهاتنی چرچولۆچ له دەموچاودا کەم ببێتەوە

خەسارەکانی خەوتن لەسەر پشت


بەپێی بۆچوونی سەرچاوە بڕواپێکراوەکانی لیژنەی دڵی ئەمریکا (AHA) American Heart Association ، ‌ڕا‌وەستانی هەناسه لەگەڵ زیادبوونی مەترسیی گیروگرفتی دڵ و دەماری Cardiovascular وەکوو تەوژمی خوێن، جەڵتە و ناتەواویی دڵ پەیوەندی هەیە. خەوتن لەسەر پشت دەبێتە هۆی ئەوە کە زمان بکەوێتە پشت گەروو و بەر بە هەناسەدان بگرێت. کەوابوو ئەوانەی کە پرخەیان دێت یان ‌ڕا‌وەستانی هەناسەیان هەیە، دەبێت لە خەوتن لە سەر پشت خۆ بپارێزن.

١.٣.١ زۆربوونی پرخە Snore

ئەگەر لە پرخە یان هەناسەوەستانی ناو خەو ئازار دەکێشن، ئەگەری هەیە خەوتن لەسەر پشت خراپتری بکات.

گوشار لەسەر تۆلی (embryo) ژنی دووگیان

١.٣.٢ گوشار لەسەر تۆلی (embryo) ژنی دووگیان

لەم دۆخەدا بە هۆی کشانەوەی ماسولکەکانی سک، گوشار لەسەر تۆل ساز دەبێت. بۆیە دەبێت ژنانی دووگیان لە کۆتاییەکانی دووگیانیدا‌ لەو شێوازە بپرینگێنەوە.

گوشار لەسەر تۆلی (embryo) ژنی دووگیان

٢. خەوتن لەسەر سک Sleep on Stomach

نزیکەی لە سەدا شازدەی مرۆڤەکان لەسەر سک دەخەون کە هەندێک جار بەو شێوازە دەڵێن بە دەمدا کەوتن prone. خەوتن لەسەر سک یەکێک لەو شێوازانەیە کە لایەنگری زۆرە، بەڵام تووشی نەخۆشییە کورتخایەن و درێژخایەنەکانمان دەکات. زۆربەی خەڵک پێیان خۆشە کاتی خەوتن لەسەر سک بن چونکە هەست بە ئاسوودەیی دەکەن، بەڵام لە ئاکامە مەترسیدارەکانی بێئاگان.

خەوتن لەسەر سک Sleep on Stomach

٢.١ حاڵەتەکانی خەوتن لەسەر سک

١. حاڵەتی ڕاست بەربوونەوە Freefall Position

نزیکەی لە سەدا شازدەی مرۆڤەکان لەسەر سک دەخەون.

لەم دۆخەدا سەری خۆیان بە لای تەنیشتیاندا سووڕاندووە. ئەو کەسانەی بەم جۆرە دەخەون، دەستیان بە دەوری سەرین یان لەبن سەرین دادەنێن.  

٢.٢ قازانجەکانی خەوتن لەسەر سک

ڕەنگە بە گۆڕینی جێگاکانی گیرانی ڕێگەی هەناسەدان، پرخە کەم بکاتەوە. 

٢.٣ خەسارەکانی خەوتن لەسەر سک

لێکۆڵەران وای بۆ دەچن کە ئەو جۆرە خەوتنە یەکێک لە خراپترین حاڵەتەکانی خەوتنە. ئەگەری هەیە خەوتن لەم دۆخەدا نەخۆشییەکانی تر زیاد بکات. بڕێک لەوانە لێرەدا باس دەکرێن.

٢.٣.١ گوشار بۆ بڕبڕە

کاتێک کە لەسەر سک دەخەون، مل و بڕبڕەتان لە حاڵەتی تەرازدا نین‌ و بە هۆی زۆربوونی گوشار لەسەر بڕبڕە، ڕەنگە ببێتە هۆی ژانی مل و پشت.  

٢.٣.٢ تەزینی ئەندامی جەستە Tingling

خەوتن لەسەر سک دەتوانێت گوشار بۆ دەمارەکان بهێنێت و ببێتە هۆی تەزینی ئەندام و ژانی دەمارەکان. ئەگەر لەسەر سک دەخەون، باشتر وایە‌ حاڵەتێکی دیکە هەڵبژێرن.  

٢.٣.٣ ژانەسک

بەپێی گوتەی پێتڕۆ ڕۆکارتی، لێزانی مێشک، دەمار و خەو، و ڕاوێژکاری پزیشکی، ڕەنگە دوای شەوێک خەوتن لەسەر سک، تووشی ژانێکی کەم یان زۆر لە سکدا ببن.

٢.٣.٤ بەدیهاتنی بەردی گورچیلە

یەکێک لە گرنگترین مەترسییەکانی خەوتن لەسەر سک، بەدیهاتنی بەردی گورچیلەیە. خەوتن لەسەر تەنیشتی ڕاست و چەپ لە بەدیهاتنی بەردی گورچیلە بەرگری دەکات بەڵام خەوتن لەسەر سک دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە جەستە بێجموجۆڵ بێت و بەرد لە گورچیلەدا بنیشێت.

٢.٣.٥ گوشار بۆ تۆلی‌ ژنانی دووگیان

لەو دۆخەدا، قورساییەکی زۆر دەکەوێتە سەر نێوقەد و گوشارێکی لە ڕادەبەدەر بەسەر بڕبڕەدا دادەسەپێنێت. هەروەها لەو دۆخەدا، تۆل بێبەش دەکرێت لەو جێگایەی بۆ هاتوچۆی ئاسایی پێویستیەتی. بە واتایەکی تر، لەنێوان جێگەوبان و بڕبڕەی ئێوە‌دا گیر دەخوات.  

٢.٣.٦ گرفتی هەناسەدان

لە خەوتن لە دۆخی تللووردا، چونکە قەفەسەی سنگ گوشاری پێدەگات، لە ئاکامدا هەناسەدان و وەرگرتنی ئۆکسجین تووشی گرفت دەبێت. 

٢.٣.٧ ژانی مەمک

بە گوتەی کارناسان، ئەگەری هەیە گوشاری ناپێویست لەسەر مەمک لە هەندێک بارودۆخدا ئێش و ژان پێک بهێنێت. هەروەها خەوتن لەسەر سک دەتوانێت وردەوردە ببێتە هۆی ژانی مەمک چونکە هێزی ڕاکێشانی زەوی ئەوان بۆ لای خوارەوە ڕادەکێشێت.  

٢.٣.٨ بەدیهاتنی زیپکە Acne

بە گوتەی دکتۆر ڕاجانی کاتا، پسپۆڕی پێست و موو، خەوتن لەسەر سک بۆ هەندێک لە مرۆڤەکان دەبێتە هۆکاری زیپکە. لەو حاڵەتەدا قەڵشتی پێست دەکرێتەوە و بەکارهێنانی ڕۆن و سێڕۆمی جوانکاری دەبێتە هۆکاری گواستنەوە بۆ دەموچاو و نێوچاوان وە ئەو جار زیپکە دەست پێدەکات.

٣. خەوتن لەسەر تەنیشت Side-Sleeping

خەوتن لەسەر تەنیشت باوترین شێوازی خەوتن لە مرۆڤ و ئاژەڵەکاندایە. ئەو شێوازە لەلایەن زانایانی خەوەوە بە دۆخی خەوی کەلەکەیی lateral sleeping دەناسرێت. توێژینەوەکان نیشانیان داوە کە خەوتن لەسەر تەنیشت لەنێوان کەسانی بەساڵاچوودا و هەروەها کەسانێک کە پێوەری کۆگای جەستەییان (BMI: Body Mass Index) زۆرترە، باوترە.

٣.١ جۆرەکانی خەوتن لەسەر تەنیشت

جۆرەکانی خەوتن لەسەر تەنیشت

٣.١.١ شێوازی تۆلی Fetal Position

ئەژنۆکان بەرەو قەفەسەی سنگ کۆ دەبنەوە و دەستەکان بەرەو دەموچاو دەکێشرێنەوە. چەماوەیی کەمی بڕبڕە لەو دۆخەدا گوشار لەسەر کەمەر کەم دەکاتەوە. نزیکەی سەدا چلویەکی خەڵک بەم شێوازە دەخەون. هاتنەسەری ئەژنۆکان هۆکاری بەدیهێنانی گوشاری دووئەوەندە لەسەر دیافراگمە و هەناسەدان تووشی گرفت دەکات. ئەگەر خووتان پێگرتووە بەم جۆرە بخەون، تا دەتوانن ئەژنۆکانتان لە چەناگە نزیک مەکەنەوە.

٣.١.٢. شێوازی ئاواتەخواز Yearner Position

ئەو کەسانەی ئاواتەخوازانە دەخەون، لەلایەکی جەستەیان لاقەکانیان ڕاست و دەستەکانیان بۆ لای پێشەوە ڕادەکێشن، بە شێوەیەک کە دەڵێی بۆ لای کەسێک دەڕۆن. نزیکەی سەدا سێزدەی خەڵک بەو جۆرە دەخەون.

٣.١.٣. شێوازی کۆلکەدار Log Position

مرۆڤ لەسەر تەنیشت ڕادەکشێت و لاقەکانی تەخت و باسکەکانی ڕێک لە دوو لای جەستەی شۆڕ دەکاتەوە. نزیکەی سەدا پازدەی مرۆڤەکان وەکوو کۆلکەدارێک دەخەون.  

٣.٢. تایبەتمەندییەکانی خەوتن لەسەر تەنیشت

٣.٢.١. بەهێزکردنی سیستمی لیمفاوی Lymphatic System

سەرانسەری جەستەی ئێمە بە دەمار و گرێی لەنفاوی داپۆشراوە. ئەم بەشانە سەرەکیترین ڕۆڵی پارێزگاری و بەربەرەکانێیان لە بەرانبەر ئەو میکرۆبانەدا هەیە کە دەچنە نێو جەستەوە. گرێی لەنفاوی جێگایەکە کە شتە نامۆکان لەوێدا دەناسێنرێنەوە و ڕەوشتی پارێزگاریی جەستە لە بەرانبەریاندا ساز دەبێت. دەزگای لەنفاوی زۆرتر لەلای چەپی جەستەدا کۆ بووەتەوە. لە درێژایی ڕۆژدا، مێشکی ئێوە پرۆتینی زیادی ساز دەکات. ئەو‌ پرۆتینانە بۆشاییە وردەکانی مێشک دەبەستن. لە کاتی خەودا، دەزگای لەنفاوی ئەو‌ پڕۆتینە ژەهراوییانە لادەبات. ئەم ڕەوتەی لە خاوێنکردنەوه و بەرگریی شتە زیادییەکانی خانەکانی مێشک Brain Waste تا سەدا نەوەدی لە کاتی خەودا جێبەجێ دەکرێت. بەپێی لێکۆڵینەوەی ساڵی ٢٠١٥ لەسەر وێنەکانی MRI، خەوتن لەسەر تەنیشت زۆرترین ئاسەواری لەسەر خاوێنکردنەوەی مێشک هەیە و نەخۆشیی بیرچوونەوە دوا دەخات.

٣.٢.٢. بەرگری لە پرخە Snoring

ئەگەر ئێوەش لەو تاقمە مرۆڤانەن کە شەوانە لە خەودا پرخەتان دێت و دەبنە هۆی ئازاردانی کەسانی تر، باشتر وایە خەوتن لەسەر تەنیشتی چەپ تاقی بکەنەوە. هەناسەوەستان Sleep Apnea  ئاڵۆزییەکی خەوه کە لە درێژایی شەودا هەناسەدان بە شێوەی کاتی ‌ڕادەوەستێت. مرۆڤی تووشبوو بەم نەخۆشییە سەدان جار هەناسەدانی ‌ڕادەوەستێت و ئەمە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئۆکسجین و لە ئاکامدا لە درێژایی شەودا، بۆ ماوەیەکی کاتی وەخەبەر دێن. پرخە یەکێک لە نیشانەکانی بەرچاوی هەناسەوەستانە. خەوتن لەسەر تەنیشت ئاستی ئۆکسجین بەرز دەکاتەوە چونکە ‌ڕا‌وەستانی هەناسه کەم دەکاتەوە و لە ئاکامدا پرخە کەم دەبێتەوە. خەوتن لەسەر تەنیشتی چەپ، زمان و قوڕگ لە حاڵەتی ئاساییدا ڕادەگرێت و ڕێگای هەناسەدان دەکاتەوە.  

٣.٢.٣. کەمبوونەوەی گیرانی لووت

هەڵامەت یان چڵک کردنی دەزگای هەناسەدانی سەرەوە upper respiratory infection لە شەودا زیاد دەکات. چونکە کاتێک کەسێک ڕادەکشێت، ئاوی لووت لە سینووسەکان و گەروودا خڕ دەبێتەوە. نووستن بە جۆرێک کە سەر بڵند بێت، دەتوانێت نیشانەکانی پەیوەندیدار وەک کەپۆگیران کەم بکاتەوە.

٣.٢.٤. کەم بوونەوەی کەمەردەرد

خەوتن لە سەر تەنیشت دەتوانێت جۆرەکانی ئارترۆز، ژانی جومگەکان، کەمەردەرد و ژانی درێژخایەن کەم بکاتەوە. 

٣.٣. کەمایەسییەکانی خەوتن لە سەر تەنیشت

٣.٣.١. زیاد بوونی ژانی شان Shoulder Pain

ئەگەرچی کەسانێکی لە سەر تەنیشت دەنوون لە قازانجی زۆر بەشدارن ، بەڵام لەوانەیە بە چوونەسەری تەمەن چەند زەرەر بەدی بێت. یەکێک لە گرفتەکانی شیاوی سەرنج ئەوەیە کە خەوتن لە سەر تەنیشت دەتوانێت مەترسیی ژانی شان زیاد بکات. چ لە سەر تەنیشتی ڕاست یان چەپتان بن، ئەو شانە دەتوانێت بۆ نێو دۆشەگ و هەروەها بە لای ملتان دابکەوێت و بەیانیی ڕۆژی دوایە ژان بکات. دۆشەگ و سەرینی ڕەق دەتوانێت ئەو مەترسییە کەم کاتەوە و هەروەها سەرتان لە ئاستی شانتان ڕێک ڕابگرێت. 

٣.٣.٢. بەدیهاتنی چرچیی دەموچاو Wrinkle

لە بەر ئەوەی کە لە حاڵەتی سەر تەنیشتدا دەموچاوی خۆتان بۆ لای خوارەوە دادەگرن و تەواوی شەو دەم و چاوتان به سەرینەکەدا هەڵدەسوورێت، ئەو  حاڵەتە لەوانەیە هەم چرچایی دەموچاو بەدی بهێنێت و هەم وردە وردە ببێتە هۆی پان بوونەوەی پێستی دەم و چاوتان.

٤. تەنیشت گۆڕین لە خەودا Side Switching

بە شێوەی ئاسایی، سووڕان و تەنیشت گۆڕین لە کاتی خەوتندا بۆ جەستە پێویست و بەکەڵکە و حەتمییە و ئەو کارە بە شێوەی نەخوازراو دەکرێت. لە منداڵیدا ئێمە کاتێکی بەرامبەر لە نێوان سێ حاڵەتی خەوتندا تێپەڕ دەکەین. لە تەمەنی تازەلاویدا، حاڵەتی تەنیشت بڕەوی پتر دەبێت و لە تەمەنی گەورەساڵیدا زۆربەی مرۆڤەکان حاڵەتی خەوتن لە تەنیشتیان پێ لە حاڵەتەکانی دیکە باشترە. لەگەڵ زیادبوونی تەمەن، تایبەتمەندییەکانی خەوتن لە سەر تەنیشتی ڕاست زۆر دەبن. بۆ مرۆڤە ساغەکان کە دووگیان نین، هیچ بەڵگەیەک نییە کە خەوتن لە سەر تەنیشتێک لە تەنیشتەکەی دیکە بەقازانجتر بێت. بڕێک لە خەڵک ئاگادارن کە هەر شەو خەوتن لە سەر یەک تەنیشت بۆ ماسولە تایبەتەکان گوشار دەهێنێت و هۆی ئازار دەبێت. بە نۆرە گۆڕانی تەنیشتەکان، بەرگری لە ئێش و ژان دەکات.

تەنیشت گۆڕین لە خەودا

٤.١ تایبەتمەندییەکانی خەوتن لە سەر تەنیشتی ڕاست Right-Side Sleeping

٤.١.١ دڵی ساغتر Healthier Heart

خەوتن لە سەر تەنیشت بۆ هەلومەرجی پەسەندکراوی دڵ لەبارە، بەڵام هەر دوو تەنیشت هاوتەراز نین. خەوتن لە سەر تەنیشتی چەپ بێگومان بۆ تەندروستی زیاندار نییه، بەڵام بە ئەندازەی تەنیشتی ڕاست قازانجی نییە. ئەگەر تووشی مەترسیی کەم‌ و کۆسپی دڵ هاتوون، خەوتن لە سەر تەنیشتی ڕاست دەتوانێت قازانجی درێژخایەنی هەبێت. ئەگەر بەساڵاچووترن، لەوانەیە زانیبێتتان کە حەزتان لێیه بۆ لای ڕاست ڕابکێشرێن. بەڵام کە بتهەوێت زانایانە هەڵبژێریت، تەنیشتی ڕاست هەڵبژێرن. 

خەوتن لەسەر تەنیشتی ڕاست بۆشایی زۆرتر لە ناو قەفەسەی سنگدا بەدی دەهێنێت و گوشاری سەر ماسولکەکانی دڵ کەم دەکاتەوە. قووڵکەی قەفەسەی سنگ لەگەڵ دڵ کە لە لای چەپه بیهێننە بەر چاوتان. ئەگەر لەسەر تەنیشتی ڕاست ڕابکشێن، هێزی ڕاکێشانی زەوی، دڵ لە جیاتی تێغەی قەفەسەی سینگ بۆ نێو قووڵکەی قەفەسەی سینگ ڕادەکێشێت. کەواته گوشارێکی کەمتری بۆ دێت و ڕێژەی کاری شەوانەی کەم دەکاتەوە.

لە لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٦دا لەسەر نەخۆشانی تووشبوو بە ناتەواویی گرفتی دڵی (CHF) congestive heart failure، بەردەام ئازاری خۆیان لە کاتی خەوتن لەسەر تەنیشتی چەپ ڕاگەیاندووە. بەڵام کەسانێک کە لەسەر تەنیشتی ڕاست خەوتبوون، ئازاری کەمتریان هەبوو و چاکبوونەوەی زۆرتریان بەدەست کەوتبوو. ئەو کەسانەی تووشی‌ ناتەواویی گرفتی دڵ بوون، دەبێت لە خەوتن لەسەر پشت و تەنیشتی چەپ خۆ بپارێزن. دڵەتەپە لەو حاڵەتانەدا خەوەکەیان دەشێوێنێت. ئەو نەخۆشانە باشتر وایە لە سەر تەنیشتی ڕاست بنوون. لە ڕاستیدا خەوتن لەسەر تەنیشتی ڕاست لەوانەیە تووشبووان به ناتەواویی دڵ لە زیانی زۆرتر بۆ تەندروستییان بپارێزێت.

٤.١.٢ تەندروستیی سیستمی دەماری سەمپاتیک Sympathetic Nervous System

لێکۆڵینەوە زانستییەکان کاریگەریی بەکەڵکی خەوتن لەسەر تەنیشتی ڕاستیان لەسەر دڵ نیشان داوە. بە تایبەتی لێکۆڵینەوەیەک کاریگەریی سێ شێوازی خەوتن (لەسەر پشت، تەنیشتی چەپ و تەنیشتی ڕاست) لەنێوان مرۆڤە ساغەکان بە کەڵکوەرگرتن لە لێکدانەوەی جۆراوجۆری دڵەتەپەی هەڵسەنگاندووە. ئەنجامەکان نیشانیان داوە ئەو کاتە کە هەڵسەنگێنراوەکان لەسەر تەنیشتی ڕاست نووستوون، چالاکیی دەماری سەمپاتیکی دڵ، زۆرترین ڕێژەی هەبووە.

هەروەها نیشانی داوە کە خەوتن لەسەر تەنیشتی ڕاست بۆ سیستمی دەماری سەمپاتیک بەکەڵکە. سەمپاتیک بەشێک لە سیستمی دەماریی ئێوە‌یە کە بەرهەڵستی بەربەرەکانی یان هەڵاتن چاودێری دەکات. خەوتن لەسەر تەنیشتی ڕاست، کەمکردنەوەی گوشاری گەڕانی خوێن ڕێک و پێک دەکات و دڵەتەپە و گوشاری خوێن سەقامگیر دەکات.

٤.٢ تایبەتمەندییەکانی خەوتن لەسەر تەنیشتی چەپ Left-Side Sleeping

بەپێی بەڵگە زانستییەکان و بیرۆکەی ئایۆرۆدا (کە یەک ڕێگەچارەی گشتی بۆ پاکپارێزی و پزیشکی لە وڵاتی هیندە)، خەوتن لەسەر تەنیشتی چەپ بۆ تەندروستی زۆر بەقازانجە. خەوتن لەسەر تەنیشتی چەپ بەهۆی جێگای ئەندامەکان لە جەستەدا، بۆ دامرکانی ئێشی پشت و کەمبوونەوەی دڵەکزە و هتد بەکەڵکە. 

٤.٢.١ شیاو بۆ دووگیانی Pregnancy

کەسانی ئاوارته بۆ خەوتن لەسەر تەنیشتی ڕاست، ژنانی دووگیانن. لە قۆناغەکانی سەرەتای دووگیانیدا، خەوتن لە هەر دۆخێکدا کە ڕەحەتترە، بە شێوەی ئاسایی بێمەترسییە. لە قۆناغەکانی دواتردا، ژنان لەوانەیە لە خەوتن لەسەر تەنیشت کەڵک وەربگرن. لە سێ مانگی سێیەمی دووگیانیدا، ئەگەر دایک لەسەر تەنیشت بخەوێت، تۆل لەوانەیە پارێزراوتر بێت. خەوتن لەسەر پشت لەو کاتەدا دەتوانێت گوشارێکی زۆرتر بهێنێت بۆ ئەو دەمارانەی  کە خوێنی منداڵدان دابین دەکەن و لە ئاکامدا ئۆکسجین گەیاندن بۆ تۆل کەم دەبێتەوە. لێکۆڵینەوەیەک لە ساڵی ٢٠١٥ نیشانی دا کە لەنێوان خەوتن لەسەر پشت و منداڵ لەبەرچوون Stillbirth هاوپەیوەندی هەیە. خەوتن لەسەر تەنیشتی چەپ لە سەردەمی دووگیانیدا دەتوانێت گەڕانی خوێنی کۆرپە بە ئەوپەڕی خۆی بگەیەنێت. خەوتن لەسەر تەنیشتی چەپ تەنیا هۆکاری زۆربوون و باشتربوونی گەڕانی خوێن لە ژنانی دووگیان نابێت، بەڵکوو دەتوانێت بە کەمکردنەوەی گوشاری کەمەر، پاراستنی منداڵدان لە گوشاری جەرگ و زۆربوونی گەڕانی خوێن بۆ منداڵدان و گورچیلەکان و تۆل یارمەتی بگەیەنێت. بەو هۆکارانە، پزیشکان ڕادەسپێرن کە ژنانی دووگیان تا ئەوەندەی دەتوانن لەسەر تەنیشتی چەپ بنوون.

شیاو بۆ دووگیانی

٤.٢.٢ کەمکردنەوەی دڵەکزە Heartburn

خەوتن لەسەر تەنیشتی ڕاست دەتوانێت هۆکاری گەڕانەوەی ئەسیدی زۆرتر لە زەنگلۆک بێت. خەوتن لەسەر سک یان پشت نیشانەکانی گەڕانەوەی گەدە خراپتر دەکات. ئەگەر کەسێک تووشی گەڕانەوەی ترشیی گەده (GERD) Gastroesophageal Reflux Disease بووە، خەوتن لەسەر تەنیشتی چەپ لەگەڵ سەری بڵندکراو لەوانەیە نیشانەکانی گەڕانەوەی ترشیی گەده کەم بکاتەوە. هۆکاری ئەو شتە، جێگیربوونی گەدە لەلای چەپی جەستەیە.‌ ئەو دۆخە لەوانەیە بە شلبوونەوەی بەشی خوارەوەی زەنگلۆک یارمەتی بدات و بەر بە پاڵپێوەنانی ترشیی گەدە بۆ لای سەرەوە بگرێت.

٤.٢.٣ باشتر کارکردنی سیستمی هەرسکردن Digestive System

خەوتن لەسەر تەنیشتی چەپ بە سەرنجدان بە هێزی ڕاکێشانی زەوی لە بابەت هەرسکردنی خۆراک و باشبوونی تەندروستیی سیستمی هەرسکردن تایبەتمەندییەکی زۆرتری هەیە چونکە ڕاکشان لەسەر تەنیشتی چەپ دەبێتە هۆی ئەوە کە شتە زیادییەکان بە ئاسانی لە ڕیخۆڵەی گەورەوە بۆ لای ڕاستە ڕیخۆڵە بەڕێ بکرێن (هەر بەو هۆیەوە دوای لە خەو هەستان پێتان خۆشە دەست بە ئاو بگەیەنن). خەوتن لەسەر تەنیشتی چەپ دەهێڵێت گەدە و پانکراس بە ئاسایی پێکەوە بنووسێن (گەدە لەلای چەپی جەستەماندایە) و ئەنزیمەکانی پانکراس و ڕەوتەکانی دیکەی هەرسکردن بە ئاسایی بگەڕێن. بە خەوتن لەسەر تەنیشتی چەپ دەتوانین یارمەتییەکی زۆر بە گەدەمان بگەیەنین و لە ڕاستیدا بارێکی زۆر لەسەر شانی گەدە و سیستمی هەرسکردن لابەرین. 

 

٤.٣ کەمایەسییەکانی خەوتن لە سەر تەنیشتی چەپ

لە کاتێکدا بەڵگەی ئەرێنی بۆ خەوتن لەسەر تەنیشتی چەپ هەیە، بەڵام جێگای سەرنجه کەسانی تووشبوو بە نەخۆشییەکانی دڵ، هەناسەوەستانی ناو خەو، ئاوی ڕەشی چاو و کۆنیشانەی داڵانی جومگەی دەست Carpal Tunnel Syndrome، لەوانەیە لە خەوتن لەسەر تەنیشتی چەپ چێژ وەرنەگرن.

قسەی کۆتایی

بۆ نووستن لە شێوازە جۆراوجۆرەکانی سەر پشت، زگ، تەنیشتی ڕاست و تەنیشتی چەپ کەڵک وەردەگیرێت. شێوازی خەوتنی مرۆڤەکان وەکوو یەک نییە. بەپێی ئەوەی که ‌مرۆڤ ژن بێت یان پیاو، ژن دووگیان بێت یان نا، ساغ بێت یان نەخۆش، جۆری نەخۆشییەکەی دڵی، هەناسەدانی، هەرسکردنی بێت یان دیسکی کەمەر؛ هەرکام لە شێوازە جۆراوجۆرەکانی نووستن دەتوانێت باشترین بێت. ‌مرۆڤی ساغ دەتوانێت لە شێوازەکانی پشت، زگ، تەنیشتی ڕاست و تەنیشتی چەپ بە یەک ئەندازە کەڵک وەربگرێت. کەسێک بە نەخۆشیی دڵەوە، باشتر وایە لەسەر تەنیشتی ڕاست بخەوێت؛ ‌مرۆڤێک بە نەخۆشیی هەرسکردن و گەدە‌وە، تەنیشتی چەپ بۆی باشتره. تەنیشتی چەپ بۆ ژنی دووگیان لە شێوازەکانی تر باش‌ترە. کەوابوو، ئەوە بارودۆخی تایبەتی مرۆڤە کە لایەنی خەوتنی دیاری دەکات و نابێت نوسخەیەکی وەکوو یەک بۆ هەموو کەس بنووسرێت.

نوسەەر: کەماڵ مەولوودپووری، کارناسی باڵای فێرکاریی زمانی ئینگلیزی

بەشێک لە سەرچاوەکان:

1، 2

 

 

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

Back to top button