بابەتتەندروستی

ئاخۆ دەرمانێک هەیە هەرچەند بخوازیت شیرینی بخۆیت و قەڵەویش نەبیت؟!

بیهێنە بەر چاوت ڕێگایەک هەبووایە بۆ ئەوەی هەم تەندروست بن و هەم باریک بمێنیتەوە بەبێ ئەوەی خۆت بەدوور بگریت لە هەموو ئەو خواردنانەی کە حەزت لێیە بیانخۆیت. سەرسام دەبیت بزانیت دەرمانێک هەیە کە دەتوانێت ئەم کارە بکات، بەڵام لە ئێستادا تەنها لە مشکدا کاری کردووە. ئەم دەرمانە ناوازەیە CPACCی پێدەگوترێت.

لە دوایین توێژینەوەی ئەو زانایانەی کە ئەم دەرمانەیان پەرە پێداوە، ئاماژە بەوە دەکەن کاتێک کە پشکنینیان بۆ ئەو مشکانە کردووە، CPACC توانیویەتی کێشیان لەژێر کۆنتڕۆڵدا بهێڵێتەوە و هەروەها پەستانی خۆراکی لەسەر کەسەکان کە زۆر جار دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە جەرگ و نەخۆشییەکانی وەک شەکرە و کێشەکانی دڵ، کەمدەکاتەوە.

ئەوەی جێی سەرسووڕمانە ئەوەیە کە مشکەکان بە درێژایی ژیانیان خۆراکێکی زۆر چەور و دەوڵەمەند بە شەکریان پێ دراوە و هێشتا لە کاتی بەرکەوتن بە CPACC، باریک و تەندروست بوون.

*پەیوەندیی نێوان قەڵەوی و مەگنیسیۆم وەڵامی ئەم پرسیارە لە زیندەپاڵی (مێتابۆلیزم) خانەیی جەستەماندایە. جەستەمان پڕە لە توخمی وەک سۆدیۆم و کالیسیۆم و مەگنیسیۆم و پۆتاسیۆم و هەریەکێک لەم توخمانە ڕۆڵێکی گرنگ بۆ دەستەبەرکردنی زیندەپاڵی تەندروست دەگێڕێت. بۆ نموونە لە کاتێکدا کالیسیۆم ئێسکەکانمان بەهێزتر دەکات، مەگنیسیۆم شەکری خوێنمان کۆنتڕۆڵ دەکات و بەرهەمهێنانی پڕۆتین ئاسان دەکات. بەڵام زۆر بەکارهێنانی هەر توخمێکی لەو جۆرە لە جەستەماندا دەتوانێت ببێتە هۆی تێکدانی زیندەپاڵی جەستەمان.

لە کاتی گەڕان بەدوای هۆکارە بەرپرسەکان لە بەرزبوونەوەی کێش لەسەر ئاستی خانەیی لە شیردەرەکاندا، نووسەرانی توێژینەوەکە سەرنجیان داوە کە لەو کاتانەدا کە خانەکانی لەش زیاتر لە بڕی پێویست مەگنیسیۆم وەردەگرن، بەرهەمهێنانی وزە لە خانەکاندا خاو دەبێتەوە. ئەوان ئاماژە دەکەن زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی مەگنیسیۆم، چالاکیی دەنکۆڵەدەزوو لە خانەکانی جەستەدا تێک دەدات و دەبێتە هۆی نیشتنی چەوریی زیاد لە پێویست لە جەستەدا.

ئەم چەورییە زیادەیە کێش زیاد دەکات و لە کۆتاییدا دەبێتە هۆکاری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی جەرگ و دڵ. * CPACC چۆن کار دەکات؟ کاتێک CPACC درایە ئەو مشکانەی لەسەر خۆراکی ناتەندروستی ڕۆژئاوایی دەژیان، دەستیان کرد بە دابەزاندنی کێش و لاوازبوون. جگە لەوەش، کاریگەریی خۆراکە شەکردارەکان لەسەر جەرگیان نەما. ئەمەش مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی جەرگ یان کێشەی دڵ لە مشکدا کەم دەکاتەوە.

مادێش مویسوامی ()، نووسەری توێژینەوە و مامۆستای پزیشکی لە زانکۆی UT Health San Antonio ئاماژە بەوە دەکات و دەڵێت :“دەرمانێک کە دەتوانێت مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ وەک جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک، هەروەها ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەی جەرگ کەم بکاتەوە، کە دەتوانێت بەدوای نەخۆشیی چەوریی جەرگدا بێت؛ کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت”. ئەم CPACC توانی بۆهێڵێک (جینێک) بە ناوی MRS2 کە بەرپرسە لە گواستنەوەی مەگنیسیۆم بۆ دەنکۆڵەدەزوو لە خانەکانی جەستەدا بسڕێتەوە. بە هۆی ئەوەی دەرمانەکە ڕێگری لە چالاکیی MRS2ی کرد، بەرهەمهێنانی وزە لە خانەکانی مشکدا زیاد بوو.

ئەمەش زیاتر ڕێگەی بە خانەکان دا کە بە شێوەیەکی کاراتر زیندەپاڵی چەوری و شەکر ئەنجام بدەن. یەکێک لە نووسەرانی سەرەکی و توێژەر لە کۆمپانیای UT Health San Antonio، Manigandan Venkatesan، گوتی، “دابەزاندنی مەگنیسیۆمی دەنکۆڵەدەزوو کاریگەرییە نەرێنییەکانی پەستانی درێژخایەنی خۆراکی کەم کردەوە.

” توێژەران بە پێی ئەم سەرچاوانە کە تا ئێستە دەستیان کەوتووە، تامەزرۆن درێژە بە توێژینەوە لەسەر کاریگەرییەکانی CPACC بدەن. بە هیوای ئەوەی ڕۆژێک ئەم دەرمانە ڕۆڵێکی گرنگ لە زاڵبوون بەسەر قەڵەوی و کاریگەرییە زیانبەخشەکانی لەسەر مرۆڤ بگێڕێت. توێژینەوەکە لە گۆڤاری Cell بڵاو کراوەتەوە.

mitochondria: دەنکۆڵەدەزوو

metabolism: زیندەپاڵ

gene: بۆهێڵ

Madesh Muiswamy

وەرگێڕ: شیما محەمەدی،

خوێندکاری دەرمانسازی

چاودێری زمانی: هاوڕێ حسەینی

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button