بابەتتەندروستی

نەخۆشیی شیزۆفڕێنیا و کاریگەرییەکانی لەسەر مرۆڤ

سکیزۆفڕێنیا یان شیزۆفڕێنیا (بە ئینگلیزی: Schizophrenia) نەخۆشییەکە کە بە سەرلێشێواوی لە بیرکردنەوەدا ناسراوە کە تێیدا بیرکردنەوە و بیرۆکەکان لە ڕووی باری لۆژیکییەوە پەیوەندییەکی بەجێیان نییە؛ تێگەیشتن و سەرنجی ناتەواو؛ نەبوونی دەربڕینی سۆزداری و تێکچوونی هەڵسوکەوت، وەکوو ڕوخسارێکی شێواو و نیگەران دەستنیشان دەکرێن. ڕەنگە ئەو کەسانەی تووشی شیزۆفڕێنیا دەبن، لە مرۆڤ و ڕاستییەکانی ڕۆژانە بکشێنەوە و زۆر جار بە بیروباوەڕ و وەهمێکی سەیرەوە دەژین. نیشانەکانی شیزۆفڕێنیا زۆر جار لە سێ بواری جیاوازدا دەناسرێنەوە:
١) نیشانە ئەرێنییەکان: وەهم و قسەپەڕاندن.
٢) نیشانە نەرێنییەکان: نەبوونی ئیرادە، کەمتەرخەمیی کۆمەڵایەتی، چێژنەبردن لە ژیان.
٣) نیشانە ناڕێکەکان (کاتاتۆنیک): تێکچوونی هەڵسوکەوت و قسەکردن.
بەو پێیەی شیزۆفڕێنیا پەیوەندیی بەو جۆرە تێکچوونە بەربڵاوانەی ژیانی مرۆڤەوە هەیە، نابێت جێی سەرسووڕمان بێت کە دۆزینەوەی هۆکارەکانی ئەم نەخۆشییە و داڕشتنی ڕێگەی کاریگەر بۆ چارەسەرکردنی، قورس و ئاستەم بووە. ڕێژەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی شیزۆفڕێنیا لە ماوەی تەمەندا دەوروبەری ۲٪ بووە و پیاوان لەچاو ژنان زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بەم نەخۆشییە هەیە.

ئاخۆ نەخۆشیی شیزۆفڕێنیا دەرمانی هەیە؟ ئایا چارەسەر دەکرێت؟
چارەسەرەکانی شیزۆفڕێنیا زۆر جار تێکەڵەیەکە لە مانەوەی کورت لە نەخۆشخانە (لە کاتی توندبوونی نەخۆشییەکە)، دەرمان و چارەسەری دەروونیی کۆمەڵایەتی. یەکێک لە کێشەکانی هەر جۆرە چارەسەرێکی شیزۆفڕێنیا ئەوەیە کە هەندێک کەسی تووشبوو بە شیزۆفڕێنیا تێڕوانینیان بۆ حاڵەتە تێکچووەکەیان نییە و هەر جۆرە چارەسەرێک ڕەت دەکەنەوە. ئەنجامی توێژینەوەیەک پێشنیاری ئەوە دەکات کە ڕەگەز (مێ) و تەمەن (سەرتر)، پێشبینیکەری تێگەیشتنێکی باشترن لە یەکەم ئەڵقەی نەخۆشییەکەدا، ئەمەش ڕەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی بۆچی ئەو ژنانەی تووشی شیزۆفڕێنیا بوون لەچاو پیاوان باشتر وەڵامی چارەسەرکردن دەدەنەوە. ئەوانەی تێناگەن و بەو هۆیەوە باوەڕیان بەوە نییە کە نەخۆشییەکیان هەیە، هەست بە پێویستیی یارمەتیی پیشەیی ناکەن، بەتایبەت کاتێک یارمەتیی پیشەیی بریتیی بێت لە خەواندن لە نەخۆشخانە یان بەکارهێنانی دەرمان. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، ئەندامانی بنەماڵە لە ڕازیکردنی کەسوکارەکانیان بۆ وەرگرتنی چارەسەر، ڕووبەڕووی کێشەگەلێکی گەورە دەبنەوە.

کۆتا قسە:

کەواتە ئێمە زانیمان کە نەخۆشیی شیزۆفڕێنیا دەتوانێت کاریگەریی زۆر جیددی و زیانبەخش لەسەر ژیانی تاکەکەس دابنێت.
هۆکارەکانی دۆزینەوەی ئەم نەخۆشییە هێشتا بەتەواوی ڕوون نەبووەتەوە و بۆ ناسینی هۆکاری دۆزینەوەی، ڕێگەیەکی زۆر دوورودرێژمان لە پێشە. بەڵام تیۆریگەلێک لەسەر پێکهاتەی هۆکارگەلێک وەکوو ژێنێتیک و دەورووبەر، لە پێکهاتنی ئەم نەخۆشییە بەردەستە. ژێنێتیک، ڕۆڵێکی گرینگی لە بەمیراتبردنی ئەم نەخۆشییە هەیە و هۆکارەکانی دەوروبەر وەکوو دڵەڕاوکێ، کێشانی ماددە هۆشبەرەکان و هۆکارەکانی پەیوەند بە زایینیش دەتوانێت لە زۆربوون و پەرەسەندنی شیزۆفڕێنیا کاریگەر بێت.

لە پەیوەندی لەگەڵ شێوازەکانی دەرمانی ئەم نەخۆشییە هەرچەند چەندین بژاردەمان خستە ڕوو بەڵام ئەمە بە واتای ١٠٠٪ دەرمانی تەواو نییە. لە ڕاستیدا ئەم شێوە دەرمانانە دەتوانێت پێشگیری لە پەرەسەندنی نەخۆشییەکە بکات.
لە زانستی دەروونپزیشکیدا، شێوەگەلێکی دیکەی دەرمان وەکوو «ئێلێکتڕۆ شۆکدەرمانی»یش بەکار دێنن.
پێویستە ئاماژەش بەوە بکرێت کە ڕێژەی خۆکوژیی کەسانی تووشبوو بە شیزۆفڕێنیا، لە سەرێیە. لە ڕاستیدا، ئەگەری مردن بە هۆی خۆکوژی لەم کەسانەدا بە بەراورد لەگەڵ دانیشتووانی گشتی، ١٢ هێندەی ئەوە زیاترە. ڕێژەی مردنی کەسانی تووشبوو بە شیزۆفڕێنیا لە مردنی کەسانی سیگاری دەکرێت زۆرتریش بێت!

سەرچاوەکان:
١) نەخۆشیی دەروونی (زانست و دەرمانی نەخۆشییە دەروونییەکان)، نووسینی: ئان کرینگ، شێری جانسۆن، جێڕاڵد دێیویسۆن و جان نیڵ. بە وەرگێڕانی: دکتۆر حەمید شەمسیپوور و سەعید سەبباغیپوور
٢) ڕێنوێنیی دەستنیشانکردن و ئاماریی نەخۆشییە دەروونییەکان DSM-5، کۆمەڵەی دەروونپزیشکیی ئەمریکا، بە وەرگێڕانی: دکتۆر فەرزین ڕەزاعی، دکتۆر عەلی فەخرایی، دکتۆر فەرهاد شاملوو، دکتۆر ژانێت هاشمی‌ ئازەر، دکتۆر ئاتووسا فەرمەند و عەلی نیلووفەری.

ئامادەکردن: هێمن مەلەکی
چاوەدێری زمانی: فەرشاد شنۆیی
چاوەدێری زانستی: هێمن عەبدوڵاپوور

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button