
ئەو ژنانەی پێش تەمەنی لەسووڕوەستانن، زیاتر لە پیاوان تووشی هەندێک شێرپەنجەی تایبەت دەبن. ئەو ڕێڕەوگەلەی کە بە هۆرمۆنی زایەندی چالاک دەبن، دەتوانن ببنە ئامانجی دەرمانەکانی شێرپەنجە.
پیربوون مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە زۆرتر دەکات، بەڵام ڕادەی هەستیاری بە شێرپەنجە و وڵامدانەوە بە دەرمانەکەی، گرێدراوی هۆکاری جۆراوجۆری ترە.
یەکێک لەو هۆکارانە زایەندە کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر سەرهەڵدان، پێشکەوتن و چارەسەرکردنی جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە هەیە. ئەگەرچی جیاوازییەکان ڕەنگە بۆ شێرپەنجەگەلێک چاوەڕوانکراو بن کە شانەی پێوەندیدار بە زایەندەوە تووش دەکەن وەکوو مەمک، هێلکەدان، پرۆستات و گون؛ بەڵام دیسانیش جیاوازیگەلێک لەنێو تووشبووانی شێرپەنجەی هاوبەشی ژن و پیاودا دەبینرێت. ڕەیمۆند و هاوکارانی میکانیزمی ئەو جیاوازییانە شڕۆڤە دەکەن.
شڕۆڤەی بابەت و شیکردنەوە:
نووسەران ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە جیهانییەکانیان شی کردووەتەوە و لەسەر ۲۴ جۆر شێرپەنجە کە ژنان و پیاوان تووشی دەبن چڕ بوونەوە (بە هەڵاواردنی شێرپەنجەی ئەندامی تایبەتیی زایەندەکان). شیکارییەکە، نموونەیەکی سەرنجڕاکێشی دەرخست: ژنانی تەمەن ۱۵ تا ۵۵ ساڵان، لەچاو پیاوانی ئەو تەمەنە، سەرهەڵدانێکی زیاتر لە چەند جۆر شێرپەنجەیان هەبوو. جۆرێک شێرپەنجەی پێست کە بە مێلانۆما دەناسرێت، زیاترین جیاوازیی پیشان دا. لە هەندێک خاڵدا، مەترسییەکە له ژناندا دوو هێندەی پیاوان بوو. بەپێچەوانەوە، دەستەی لاو و پیرەکان، ڕەوتێکی پێچەوانەیان نیشان دا.
چ شتێک هۆکاری زیادبوونی مەترسیی مێلانۆما لەو ژنانەدایە کە لە تەمەنی زاوزێدان؟ توێژەران پێیان وایە هۆرمۆنە زایەندییەکان ڕۆڵ دەگێڕن، چونکە جیاوازیی ئاستی ئەو هۆرمۆنانە لە نێوان ژنان و پیاواندا زۆر بەرچاوە. هەروەها ئاستی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن، لە زایەندی نێرینەی پێگەیشتوودا، نەگۆڕ دەمێنێتەوە؛ بەڵام هۆرمۆنی ئیسترادیۆلی ژنان (جۆرێک هۆرمۆنی ئیسترۆجینە) پاش لەسووڕوەستانەوە، نزمبوونەوەیەکی زۆر پیشان دەدا. کاتی بەرزبوونەوەی سەرهەڵدانی مێلانۆما لەگەڵ تەمەنی زاوزێی ژناندا، هاوکاتە لەگەڵ کاتێک ئیسترادیۆل لە ئاستی سەرێی خۆیدایە و هەر ئەوە ڕۆڵی میکانیزمی هۆرمۆنی دێنێتە ئاراوە.
کاریگەریی ئیسترادیۆل بەسەر خانەکان، لە ڕێگەی وەرگرەکانەوە وەکوو وەرگری ئاڵفای ئیسترۆجین (ERα) ناوبژی دەکرێت. کاتێک وەرگر بە ئیسترادیۆلەوە دەلکێت، ERα وەکوو فاکتەری لەبەرهەڵگرتنەوە کار دەکات و ئەو بەرنامە جینییانە وەگەڕ دەخات کە ئاکاری خانەیی دەگۆڕن. بۆ ئەوەی تێبگەین چۆن ڕێڕەوی، ERα کاریگەریی لە سەرهەڵدانی مێلانۆمادا دەبێت، توێژەران کۆمەڵەدەیتای شێرپەنجەیان شی کردووەتەوە و ئاڵقەی پێوەندییان دۆزیوەتەوە کە بە پڕۆتینێکی ڕووکاری خانەیی، بە نێوی «ئی-کادهێرین» گەیشتوون. تومۆری مێلانۆما لە ژنانی گەنجدا بە بەراورد لەگەڵ پیاوانی هاوتەمەن، بە شێوەیەکی بەرچاو، ئاستێکی کەمتری پەیامهێنەری RNAی ئی-کادهێرینیان هەبووە؛ کە لەو تەمەنەدا ئاستی باڵای ئیسترادیۆل دەبینرێت.
بۆ پشکنینی پێوەندیی نێوان ئیسترادیۆل و ئی-کادهێرین و دەرەنجامی کارا، توێژەران مۆدێلێکی مشکییان لە مێلانۆما ساز کرد کە جینی سازکەری ئی-کادهێرین لەودا بەئانقەست سڕدرابۆوە. ئەم توێژەرانە گەشەکردنی تومۆریان لەنێوان مشکی ئاسایی و مشکی دەستکاریکراودا بەراورد کرد. لە هەردووک مشکە نێر و مێیەکاندا، سەرهەڵدانی تومۆر لە پێستدا یەکسان بوو. هەرچەند، بە بەراوردێکی گشتی، ئەو مشکە مێیانەی ئی-کادهێرینیان نەبوو، مێتاستازێکی بەهێزتریان بۆ نێو سیپەلاک لە مێلانۆمادا هەبوو (مێتاستاز واتە گەشەی تومۆر بۆ دەرەوەی شوێنی سەرەتایی). ئەو مۆدێلە، پێشنیاری ئەوە دەدا کە هەبوونی هۆرمۆنی ڕەگەزیی ژنانە و هاوکات، نەبوونی ئی-کادهێرین، بڵاوبوونەوەی مێتاستاتیکی خانەکانی مێلانۆما زۆرتر دەکات. هەرچەند کە ئەو تاقیکارییە، کەرەستەیەکی سادەکراوەیە کە بۆ سازکردنی دۆخی کۆنترۆڵ پێک دێت، بەڵام دیسانیش زۆرینەی تومۆرە مرۆییەکان لەخۆ دەگرێت، چونکە کەمبوونەوە یان بازدانی (موتاسیۆن) ئی-کادهێرین، بەفراوانی لە شێرپەنجەدا دەبینرێت.
دواتر لێکۆڵەران بۆ ئەوەی پڕۆتینی کاریگەر لەو ڕێڕەوەدا پێناسە بکەن، دەربڕینی جینەکانیان شی کردەوە. جینێک دەرکەوت کە ڕێژەی GRPR بژارەکی(بە شێوەی هەڵبژێردراو)، لەنێو مێلانۆمای ئەو مشکە مێیانەی ئی-کادهێرینیان نەبوو، بەرز ببووەوە. ئەو جینە پڕۆتینێک بە نێوی وەرگری پێپتیدیی ئازادکەری گاسترین (GRPR) بەرهەم دەهێنێت کە وەک پێشتریش ناسراوە ئاستی لە شێرپەنجە جۆراوجۆرەکاندا بەرز دەبێتەوە.
توێژەران نیشانیان داوە کە سازبوونی ڕێژەیەکی زۆر لە GRPR، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی مێلانۆما لە سیپەلاکدا کۆڵۆنیزە ببێت؛ تەنانەت لە مشکە نێرەکانیشدا.
لەنێو سییەکاندا GRP (لیگاندی GRPR) زۆرتر ساز دەبێت و بەو شێوەی باس کرا، خانە شێرپەنجەییەکان کە وەرگری GRPRیان هەیە، لە ئاکامدا مێتاستازێکی زۆرتر بۆ سییەکان ڕوو دەدات.
توێژەران بۆ ئەوەی نهێنی ئەو ڕێڕەوە ئاشکرا بکەن، لە تاقیکاریی میکانیستی زۆرتر کەڵکیان وەرگرت. لە خانە مێلانۆماییەکان، ئی-کادهێرین و ERα پێشگریان لە دەربڕینی یەکتر دەگرت، بەو واتایە کاتێک ERα لە ئاستێکی بەرزدا دەبوو، ئی-کادهێرین لە خوارێ بوو. چالاکبوونی ERα لە ڕێگەی ئێسترادیۆلەوە دەبوو بە هۆی ئەوەی GRPR زۆر بێت کە بۆخۆی زۆرتر ئی-کادهێرینی سەرکوت دەکرد و بەرنامەی لەبەرهەڵگرتنەوەی پێش مێتاستازی دادەسەپاند. جێی ئاماژەیە، دەربڕینی GRPR پێوەندیی پێچەوانەی لەگەڵ ئاستی ئی-کادهێرین لە مێلانۆمی مرۆڤ و شێرپەنجەکانی تردا هەیە؛ هەر ئەوە ئەو ڕێڕەوە گرینگ دەکاتەوە.
ئایا ئەو دۆزراوانە دەتوانن سوودێکی کلینیکاڵیان بۆ ژنانی تووشبوو هەبێت؟ بەخۆشحاڵییەوە، هەردووک ERα و GRPR دەتوانن ئامانجی دەرمانەکان بن؛ بۆ نموونە فولڤێسترات دەرمانێکی دژە ERαیە کە لە دەرمانی شێرپەنجەی مەمکدا بەکار دێت و RC-3095 بەربەندی GRPRە. توێژەران توانیان بە بەکارهێنانی هەریەک لەو دەرمانانە، پێش بە بڵاوبوونەوەی (مێتاستاز) مێلانۆما لەنێو مشکەکاندا بگرن. هەرچەند RC-3095 هێشتا بۆ بەکارهێنانی کلینیکاڵ نەسەلماندراوە، بەڵام لێکۆڵینەوە لەسەر دەرمانگەلێک بۆ دەرمانی شێرپەنجەی پرۆستات و مەمک دەکرێت کە GRPR ئامانج دەگرن (بە تێکڕای لیگاندەکان کە بۆ وێنەگریی ناسینەوەیی بەکار دێن). ڕەنگە بە ئامانجدانانی GRPR هەڵبژاردەیەک بێت بۆ ژنانێکی وا بەرگەی دەرمانە هۆرمۆنییە بەرفراوانەکان ناگرن، لانەخۆشییەک کە جاری وایە لە کاتی دەرمانی شێرپەنجەی مەمک دەبیندرێت.
بۆ ئەوەی لە دۆزراوەکانی ڕەیمۆند و هاوکارانی بۆ نێو کلینیک کەڵک وەرگرین، پێویستە لەگەڵ دەرمانەکانی ئێستادا تێکەڵ بکرێن. گرینگە ئاماژە بکرێت، ژنانی گەنجتری تووشبووی مێلانۆما لەهەمبەر ژنانی بەساڵاچوو یا پیاوانی هاوتەمەندا، وڵامێکی لاوازتریان بە دەرمانی پێوەندیدار بە سیستەمی بەرگری وەرگرتووە (دەرمانگەلێک وا توانایی سیستەمی بەرگری زۆر دەکەن تاکوو خانە شێرپەنجەییەکان لەناو بەرێت). بە ئامانجگرتنی تەوەری ERα–GRPR لەم تاقمە نەخۆشانەدا، نیشاندەری ستراتیژییەکی ئاوێتەیی بۆ زاڵبوون بەسەر بەرخۆدانی دەرمانیدا(دژە دەرمانیدا) دەبێت.
ئەو توێژینەوەیە ڕۆڵی گرینگ و کەمتر بیندراوی هۆرمۆنە زایەندییەکان لە بیۆلۆجیی مێلانۆمادا بەرچاوتر دەکاتەوە. جیا لە مێلانۆما، دۆزراوەکانی درمناسی، سەرنجمان بۆ سەر جۆرەکانی دیکەی شێرپەنجە ڕادەکێشن کە پێویستییان بە لێکۆڵینەوەی زیاترە. جێی ئاماژەیە، ژنان لە تەمەنی پێش لەسووڕوەستاوەدا هەروەها تووشی سەرهەڵدانی زیاتری شێرپەنجەکانی گەدە، میزڵدان و تیرۆئید لەچاو پیاوان دەبن، بەڵام سەرهەڵدانی کەمتری شێرپەنجەکانی جەرگ و زار دەبیندرێت. وێ دەچێت ئەو جیاوازییانە لەژێر کاریگەریی فاکتەرەکانی ڕەفتاری، شوێنەواری و بۆماوەیی بن.
پێویستە توێژینەوە بە وردەکاریی زیاترەوە، لەسەر جیاوازیی شێرپەنجە لە زایەندی نێر و مێدا بکرێت کە هۆی دۆزینەوەی دەرمانی نوێ لەو نەخۆشییانەدا بن.
ئامادەکردن: هادی فەتحوڵاهی
هەڵەگر: ئەستێرە چابوک
گرافیست: ئەڤین ڕەشیدی ڕۆستەمی
وشەکان:
Premenopausal:
قۆناغێکی ژیانی ژنانە کە پێش لەسووڕوەستان ڕوو دەدات
E-cadherin: ئی کادهێرین
Ligand: لیگاند
Inhibitor: بەربەند
Diagnostic imaging : وێنەگری ناسینەوەیی
Immune system: سیستەمی بەرگری
Transcription: لەبەرهەڵگرتنەوە
Selectively: بژارەکی، بە شێوەیەکی هەڵبژێردراو
🔗 سەرچاوە:
https://www.nature.com/articles/d41586-025-01708-6




