بابەتتەندروستی

مێشکی کەسانی تەنیا بە شێوەیەکی جیاواز کار دەکات و لەوانەیە دۆخی گۆشەگیربوونیان خراپتر بکات.

تەنیایی، شتێکە کە زۆربەمان ئەزموومانە، بەڵام دەرکەوتووە کە لە درێژخایەندا هەموو جۆرە کاریگەرییەکی نەرێنیی لەسەر تەندروستی و حەسانەوە هەیە. ئێستا، توێژینەوە نوێیەکان هەوڵ دەدەن باشتر لەوە تێبگەن کە بۆچی کەسانی تەنیا ئەو هەستەیان دەبێت و دەریانخستووە کە لە ڕاستیدا مێشکی ئەو کەسانە جیهان بە شێوەیەکی زۆر جیاواز دەبینن و هەر کەسێک تایبەت بە خۆی لێکی دەداتەوە.

مرۆڤەکان بە جۆرێک پەرەیان سەندووە کە تامەزرۆی پەیوەندیی کۆمەڵایەتین. هەر لەم دواییانەدا فەرمانی مانەوە لە ماڵەوە و سنووردارکردنی کۆبوونەوەی بەکۆمەڵ لە لووتکەی پەتای کۆڤید-١٩دا، وێنەیەکی دابڕانی کۆمەڵایەتیی نیشان داین و زۆربەمان ئەوەی بینیمان، بەدڵمان نەبوو.

تەنیایی درێژخایەن، وەک پرسێکی سەرەکیی تەندروستیی گشتی ئاماژەی پێ کراوە و لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە لە ڕاستیدا کیمیای مێشکمان دەگۆڕێت؛ بەڵام سەرەڕای ئەمە، زۆر شت هەیە کە زانایان لەمەڕ هەستە شاراوەکانی نێو تەنیایی نایزانن. توێژینەوەیەکی تیمێکی زانکۆی UCLA به مەبەستی زانیاریی زیاتر، لە وێنەگرتنی مێشک کەڵکی وەرگرت.

گرووپێک بە پشتبەستن بە ئەنجامی پرسیارنامە، بەسەر دوو لقی “تەنیا” و “ناتەنیایی”دا دابەش کرابوون. کاتێک توێژەران سەیری داتاکانی وێنەگرتنەکەیان کرد، بۆیان دەرکەوت کە کەسە تەنیاکان شێوازی چالاکیی مێشکیان لە کەسانی ناتەنیا جیاوازە. بەڵام شتێک کە گرینگە ئەوەیە کە بۆ هەر تاکێکی تەنیا نەخشێکی تایبەتی بۆ لێکدانەوەی مێشکی نیشانی دا کە تا ڕادەیەکی زۆر بۆ هەر تاکێک جیاواز بوو، لە کاتێکدا کەسە ناتەنیاکان زۆر لەیەک دەچوون.

وەڵامە دەمارییە جیاوازەکان، بەتایبەتی لە ناوچەگەلێک بەرچاو بوون کە بۆ توانای ئێمە لەسەر لێکدانەوە و تێگەیشتن لەو شتانەی کە دەیبینین، گرینگن. بۆیە دۆزینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە مرۆڤە تەنیاکان ڕەنگە لە پێکهێنانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیدا، تەنانەت لەگەڵ کەسانی تەنیای دیکەشدا کێشەیان هەبێت! چونکە بۆ تێگەیشتن و لێکدانەوەی جیهانی دەوروبەریان شێوازێکی هاوبەشیان نییە.

ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە کەسانی تەنیا هەست دەکەن لە کەسانی دیکە جیاوازن، یان کەسانی دیکە بەخراپی لێیان تێدەگەن. توێژینەوەکە دەریخستووە ئەوانەی ڕایانگەیاندووە ئاستی تەنیایی بەرزتریان هەیە، بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی لە ڕاستیدا چەند هاوڕێ یان پەیوەندیی کۆمەڵایەتییان لە ژیانی ڕاستەقینەدا هەبووبێت، جیاوازترین وەڵامی مێشکیان هەبووە.

ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەگەر هەموو ئەو کەسانەی پەیوەندیت لەگەڵیان هەیە، جیهان بە شێوەیەکی جیاواز لە بینینی تۆ ببینن، ڕەنگە دەورەدان لەلایەن هاوڕێیانەوە بۆ کەمکردنەوەی تەنیایی بەس نەبێت. بەرپرسی ئەو توێژینەوەیە دەڵێت: لە جیهانێکدا کە بەڕوخسار زیاتر لە جاران بەیەکەوە گرێ دراوین، گۆشەگیریی کۆمەڵایەتی وەک نیگەرانییەکی گەورە دەمێنێتەوە.

وەرگێڕ: کۆمار گوڵمحەمەدی، خوێندکاری پزیشکی

چاودێری زمانی: حەسەن مووسازادە

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button