
بە پێچەوانەی ئەو بانگەشەیەی کە دەڵێت «ڤەیپ»¹ سەتا نەد و پێنج (٩۵٪) لە جگەرەی ئاسایی سڵامەتتر و بێمەترسیترە، بەڵام بەڵگە زانستییەکان ڕەتی دەکەنەوە و مەترسییە بەربڵاوەکانی بەکارهێنانی ڤەیپ زیاتر ئاشکرا دەکەن.
لەڕاستیدا هەبوونی «نیکۆتینی خوێ»² لە ڤەیپدا، بە هۆی ئەوەیکە ئاوێتەبوونی خوێن و مێشک بە نیکۆتین خێراتر دەکات، ئەزموونێکی چێژبەخشتر بۆ بەکارهێنەرەکەی بەرهەم دەهێنێت کە هاوکات ئاستی گیرۆدەبوون بەرز دەکاتەوە و بەتایبەتی چینی لاوان و مێرمنداڵانی پێ دەکاتە ئامانج.
🟣 مەترسییە سەرەکییەکان جگەرە ئەلیکترۆنییەکان بریتین لە:
۱- کاریگەری لەسەر تەندروستیی جەستەیی
دروستکردنی کێشە بۆ کۆئەندامی هەناسەدان (کۆخین، هەناسەسواری یان هەناسەبڕکێ)، نەخۆشییەکانی دەم و ددان و هەروەها چاو و پێست.
۲ـ کاریگەری لەسەر تەندروستیی دەروونی
پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خەمۆکی، تووشبوون بە «پانیک»³، بیرکردنەوەی زیاتر لە خۆکوشتن، بەتایبەت لە لایان گەنجانەوە.
۳- مەترسی بۆ کۆرپەڵە
ئەو خاتوونانەی دووگیانن و ڤەیپ بەکار دەهێنن، بە ئەگەری زیاتر تووشی منداڵبوونی پێشوەختە و کێشەی گەشەی «کۆرپەڵە»⁴ دەبن.
۴– ماددە ژەهراوییەکان
هەبوونی «کانزا»⁵ قورسەکان وەک «مەرمی»⁶ و نانۆتەنۆلکەکان و ئەو ماددانەی کە لەناو هەڵمی ڤەیپدا هۆکاری شێرپەنجەن.
جێگەی ئاماژەیە نووسەرانی وتارەکە داوا لە لایەنە دەسەڵاتدارەکان و حکومەتەکان دەکەن تاکوو بۆ پاراستنی نەوەی نوێ و چینی گەنجان، یاساگەلی پێشگیرانەی توندوتۆڵتر پەسند و جێبەجێ بکەن.
هەرچەند کفندزین هیچکات باش نییە، بەڵام کورد وتەنی «سەد خۆزگەم بە کفندزی هەوەڵێ!» چونکە بەپێی ئەو ئاکامانەی کە لە توێژینەوەکەدا هاتووە دەکرێ بگوترێ وەیپ بە بەراورد لەگەڵ جگەرە ئەگەر زیان و خەسارەکانی زیاتر نەبێ، کەمتر نییە، بۆیە هیچیان بەجێی ئەوەی دیکە پێشنیار ناکرێت.
1. Vape (Electronic Cigarette)
2. Nicotin salts
3. Panic
4. Unborn Baby
5. Metal
6. Lead (Pb)
ئامادەکردن: هێمن عەبدوڵڵاپوور
پێداچوونەوەه: د. ئەمیر ئارمانی




