کارخانەی هیۆندای لە ٢٠٢٥ەوە، ساڵانه ٣٠٠ هەزار ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ئەمریکا بەرهەم دەهینێت.
![هیۆندای مۆتۆرز](https://hojan.org/wp-content/uploads/2022/05/photo1653511716.jpeg)
“هیۆندای مۆتۆرز” بە پێچەوانەی ڕکابەرەکانی خۆی هێشتا لەسەر پەرەپێدانی بزوێنەری بەنزینی کار دەکات. بەڵام ئەمە بەو واتایه نییه کە ناتوانێت لەسەر بزوێنەری کارەبایی وەبەرهێنان بکات.
ئەم کۆمپانیایه ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند: نزیکەی ٥.٥ ملیار دۆلار بۆ دامەزراندنی یەکەم کارخانەی تایبەتیی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و باتری لە ئەمریکا وەبەر دەهێنێت.
پێشبینی دەکرێت کاری دامەزراندنی کارخانەکە ساڵی ٢٠٢٥ تەواو بێت و بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل دەست پێ بکات.
٣٠٠ هەزار ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ساڵدا!
ئەم کارخانەیە لە دەرەوەی شاری ساڤانا لە ویلایەتی جۆرجیا هەڵدەکەوێت و بۆ ٨١٠٠ کەس دەرفەتی کارکردن دەخوڵقێنێت.
ئەمریکا ئامانجی ئەمەیە کە تا ساڵی ٢٠٣٠، ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لە سەتا پەنجای (٥٠%) بازاڕی فرۆشی ئۆتۆمبێلی نوێی ئەم وڵاتە پێک بهێنێت.
ویلایەتی جۆرجیا لە کڕینی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هەروەها دامەزراندنی وێستگەکانی بارگاویکردنەوە، لە ئەمریکادا پێشەنگە.
وەرگێڕ: کەریم بایرامی
چاودێری زمانی: حەسەن مووسازادە