بابەتتەکنەلۆجیا

خەڵک لە باتەکان خێراتر هەواڵی درۆ بڵاو دەکەنەوە !

خەڵک لە باتەکان خێراتر هەواڵی درۆ بڵاو دەکەنەوە !
لە ڕێگەی خەڵکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێردا هەواڵی درۆ خێراتر لە هەواڵی ڕاست بڵاو دەبێتەوە، ئایا ئەو کارە بە ئانقەستە یان خەڵک ناتوانن و نازانن ڕاست و درۆیی هەواڵەکان لە یەکتر جیا بکەنەوە؟
سەردێڕی زۆربەی ئەو هەواڵانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەبنەوە جێگەی گومانن. ڕەنگە وا بیر بکەنەوە کە باتەکان بە شێوەی خۆکار ئەم هەواڵانە هاوبەش دەکەن بەڵام توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە کە خەڵک خەتاباری سەرەکین لە بڵاوکردنەوەی ئەو زانیارییە هەڵانەدا. ئەو تویتانەی کە زانیاریی هەڵەیان تێدایە و دەگەنە هەزار و پێنسەد کەس، شەش بەرامبەر خێراتر لەو تویتانە بڵاو دەبنەوە کە زانیاریی دروستیان تێدایە.
لە توێژینەوەیەکدا، سروش وسووقی زانای دراوە لە دامەزراوەی تەکنۆلۆژیی ماساچوسێت لەگەڵ هاوکارەکانی زانیاریی ١٢ ساڵیان لە تویتێر کۆ کردەوە. پاشان ئەو تویتانەیان جیا کردەوە کە هەواڵێکیان تێدایە. سەرجەم ١٢٦ هەزار هەواڵیان هەڵبژارد کە ٤.٥ ملیۆن جار لەلایەن ٣ ملیۆن کەسەوە هاوبەش کرابوون. دەرکەوت کە هەواڵە دروستەکان بە دەگمەن گەیشتوونەتە زیاتر لە هەزار کەس و یەکێک لە هەواڵە درۆکان بۆ وێنە گەیشتووەتە دە هەزار کەس. هەواڵە درۆکان هەم خێراتر و هەم زیاتر بڵاو کراونەتەوە.
توێژەران سەرەتا وایانزانی کە ئەم کارە لە ڕێگەی باتەکانەوە ئەنجام دراوە بەڵام پاش ئەوەی ئەو هەواڵانەی لابرد کە لە لایەن باتەکانەوە هاوبەش کراون، دەرکەوت کە ئەنجامەکان گۆڕانیان بە سەردا نەهاتووە.
قۆناغی دواتری توێژینەوەکە لەوەش سەرنجڕاکێشترە! توێژەران گریمانەیان کرد کە ئەو کەسانەی کە زانیاریی هەڵە بڵاو دەکەنەوە دەبێت شوێنکەوتووی زیاتریان ببێت بەڵام دەرکەوت کە ئەوانەی ئەو کارە دەکەن ژمارەی شوێنکەوتووانیان کەمترە.
دواتر توێژەران لە ناوەرۆکی خودی تویتەکان ورد بوونەوە. دەرکەوت کە ئەو تویتانەی زانیاریی هەڵەیان تێدایە نوێن و پێشتر نەبینراون. هەروەها باری سۆزداری و عاتفی لەو تویتانەدا زیاتر بوو. بەم پێیە دەکرێت نوێبوون و تێکەڵکردنی سۆز بە تویتەکان هۆکاری ئەو تویتکردنەوەیە بن.
وشەکان:
Retweet تویتکردنەوە
Data Scientist زانای دراوە
MIT دامەزراوەی تەکنۆلۆژیی ماساچوسێت
Follower شوێنکەوتوو
Bot بات

ئامادەکردنی: محەممەد محەممەدئەمینی
http://www.sciencemag.org/sites/default/files/styles/inline__699w__no_aspect/public/false%20news_16x9.jpg?itok=GTsJilQe
سەرچاوە:
http://www.sciencemag.org/news/2018/03/fake-news-spreads-faster-true-news-twitter-thanks-people-not-bots

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button