بابەتزانستە بنەماییەکان

ئەندازیارانی جینەتیک، خولقێنەرانی خانەیەکی دەستکرد

 

زانایان خانەیەکی دەستکردیان دروست کردووە کە وەکوو خانەیەکی سروشتی دابەش دەبێت و گەشە دەکات. زانایان بە کەڵکوەرگرتن لە ئەندازیاریی جینەتیک زیندەوەرێکی دەستکردی تاکخانەییان دروست کردووە کە وەکوو خانەیەکی سروشتی، لاسایی ″سووڕی دابەشبوونی خانە″ دەکاتەوە.

لە کاتێکدا کە یەکەمین هەوڵەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ۱۹۹۰ی زایینی بەڵام دوایین دەسکەوتەکان لەم سەدەیەدا دەستەبەر بوونە. زانایان لە ساڵی ۲۰۰۳دا ڤایرۆسێکی بچووکیان بەرهەم هێنا کە بەکتریا تووش دەکات و ئەمەش لە ساڵی ۲۰۱۰دا پێشکەوتنێکی گرنگی زانستیی هێنایە ئاراوە و زانایان لە ئەنستیتۆی J. Craig Venter (JCVI)دا یەکەمین خانەی بەکتریایی دەستکردیان بە نێوی JCVI-syn1.0 دروست کرد کە جینۆمێکی بەتەواوەتی دەستکردی بوو. زانایان بۆ ئەم مەبەستە دی.ئێن.ئەیی خانەکانی بەکتریایەک بە نێوی مایکۆپلاسمای جۆری مایکۆییدیان لەناو برد و دی.ئێن.ئەیەکی دەستکردیان لەوێ جێگیر کرد کە پێشتر لە تاقیگەدا دروست کرابوو. جێگەی ئاماژەیە ئەم دی.ئێن.ئەییە لە ڕێگەی کۆمپیوتەرەوە دیزاین کرابوو.

لەو کاتە بەدواوە زانایان هەوڵیان داوە تاکوو پێکهاتەی جینەتیکیی ئەم زیندەوەرە بچووکتر بکەنەوە و لە ئاکامدا چەندین ساڵ دواتر، «JCVI-syn3.0» دروست کرا کە ٤٧٣ جینی هەیە. دابەشبوونی خانەکان لەم چەشنەدا بە شێوەی ئاسایی ڕووی نەدەدا و لە پێکهاتەی خانە نوێکاندا گۆڕانکارییەکی بەرچاو و سەرسووڕهێنەری دروست دەکرد و ڕواڵەت و ئەندازەی خانەکان لەگەڵ یەکدی جیاواز بوو.

ئێستا هەمان توێژەران بە زیادکردنی ١٩ جین جۆرێکی دیکەی JCVI-syn3.0یان بەرهەم هێناوە کە ناسراوە بە JCVI-syn3A و دیسان کەمتر لە ٥٠٠ جینی هەیە، واتە کەمتر لە یەکێک لە ئاساییترین بەکتریاکان بە نێوی E. coli کە نزیکەی ٤٠٠٠ جینی هەیە. هەر خانەیەکی مرۆڤیش نزیکەی ۳۰ هەزار جینی هەیە.
لەم چەشنەدا دابەشبوونی خانەکان بە شێوەیەکی سروشتیتر و بە گۆڕانکاریی کەمتر لەچاو جۆری پێشوو ئەنجام دەدرێت. ئەم چەشنە نوێیە ۱۹ جین زیاتری هەیە بەڵام تەنیا حەوت جین لە ۱۹ جینەکە تایبەت بە ڕەوتی دابەشبوونی خانەکانە و لەم حەوت جینەشدا تەنیا ئەرکی دوو جین بە ناوەکانی ″ftsZ″ و ″sepF″ دیاری کراوە، بۆیە توێژینەوەکان بۆ دیاریکردنی ئەرکی جینەکانی دیکەی سووڕی خانە بەردەوامە.

ئامادەکردن: هێمن موحەمەدیان
پێداچوونەوەی زمانی: سروە ئەمین ساڵەحی

سەرچاوە:
https://www.sciencealert.com/scientists-have-built-a-synthetic-cell-that-grows-and-divides-normally

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button