بابەتزانستە بنەماییەکان

یەکەم بەڵگەکان سەبارەت بە سەرچاوەی وزەی تاریک

لە لێکۆڵینەوەیەکی نوێدا، تیمێک لە توێژەرانی نێودەوڵەتی، یەکەم بەڵگەیان سەبارەت بە سەرچاوەی وزەی تاریک دۆزیوەتەوە. ئەمەش ئاماژە بەوە دەکات کە سەرچاوەی وزەی تاریک هەر ئەو جۆرەی کە پێشبینی دەکرا، کونەڕەشەکانن.

کاتێک گەردوونناسان بۆیان دەرکەوت کە گەردوون بە ڕێژەیەکی زۆر بەرفراوان دەبێت، گریمانەیەکیان هێنایە ئارا کە لەوانەیە هێزێک هەبێت کە توانای دوورکردنەوەی هەموو شتەکانی لە یەکتر هەبێت و بەسەر هێزی کێشکردندا زاڵ بێت. ئەم هێزە پێی دەگوترا وزەی تاریک، بەڵام کەس نەیدەزانی لە کوێوە هاتووە. تیمێک کە پێک هاتووە لە ١٧ توێژەری نێودەوڵەتی بە ڕێبەرایەتیی زانکۆی هاوایی، یەکەم بەڵگەی بنەڕەتیی وزەی تاریکیان دۆزیوەتەوە: ئەمانە کونەڕەشەکانن.

ئەو بیرۆکەیە کە کونەڕەشەکان سەرچاوەی وزەی تاریکن شتێکی نوێ نییە. لە ڕاستیدا، ئەمە بەشێکە لە بیردۆزیی ڕێژەیی گشتیی ئاینشتاین، بەڵام ئەمە یەکەم جارە کە گەردوونناسان بەڵگەی چاودێر بۆ پشتگیریکردنی ئەم بیردۆزییە بدۆزنەوە : کونەڕەشەکان بە دوو شێواز بارستاییان زۆر دەبێت: ڕاکێشانی ماکە گازییەکانی نزیک خۆیان و تێکەڵبوون لەگەڵ کونەڕەشەکانی تر. لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە لە ٩ ملیار ساڵ پەرەسەندنی کونەڕەشەکان لە گەلەستێرە هێلکەییە زەبەلاحەکاندا، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە کونەڕەشە کۆنەکان زۆر گەورەترن لەوەی کە دەبووایە لەسەر بنەمای ئەم دوو شێوازەدابن.

ئەمەش مانای ئەوەیە کە دەبێت شێوازێکی تر هەبێت بۆ وەدەستهێنانی بارستایی ئەو کونەڕەشانە. وەڵامەکە وزەی تاریکە؛ وەک وزەی بۆشایی، جۆرێک لە وزەیە کە بەرهەمی بۆشایی-کاتە و بەشەکانی گەردوون زیاتر پاڵدەنێت و فراوانبوون خێراتر دەکات. دکتۆر کریس پیرسۆن، توێژەر لە RAL Space و توێژەری پرۆژەکە دەڵێت: “ئەگەر ئەم بیردۆزییە ڕاست بێت، ئەوە گۆڕانکارییەک لە تەواوی بواری گەردوونناسیدا دروست دەکات.

چونکە لە کۆتاییدا بژاردەیەکمان هەیە بۆ سەرچاوەی وزەی تاریک، کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە گەردوونناسان و فیزیکزانانی سەرسام کردووە.

” Dark Energy: وزەی تاریک

Black Hole: کونەڕەش

Theory: گریمانه

General Theory of Relativity: بیردۆزیی ڕێژەیی گشتی

Elliptical Galaxy: گەلەستێرەی هێلکەیی

Gravity Force: هێزی کێشکردن

Vacuum Energy: وزەی بۆشایی

وەرگێڕ: دیلان ئیسماعیلزادە

پێداچوونەوەی زانستی: د. سولەیمان مەعروفی

پێداچوونەوەی زمانی: ئەمیر ئارمانی

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button