بابەتزانستە بنەماییەکان

هایدرۆجێلی چێندراو بۆ دەرمانی ئیندۆمەتریۆسیس

توێژەرانی زانستگەی ئی.تی.ئێچی زووریخ و توێژینگەی ئێمپا، هایدرۆجێلێکی چێندراویان (شلکەچاندی ئاوهەڵمژ/تێنێژراوی ئاوجێلی) بەرهەم هێناوە کە دەتوانێت لە سەرهەڵدانی ئیندۆمەتریۆسیس (نەخۆشییەکە کە ڕێژەیەکی زۆر لە ژنان تووشی دەبن) ڕێگری بکات. ئەم داهێنانە وەک دژەدووگیانیش بەکار دێت.

هایدرۆجێل، جێلێکە پێکهاتوو لە جۆرێک پلاستیک کە دەتوانێت ئاو هەڵبمژێت و کەڵکی زۆری هەیە، بۆ نموونە لە نیسکۆکی چاو، بۆ گەیاندنی دەرمان بۆ نێو جەستە، لە شێدارکەرەوەی پێست، بۆ هەڵگرتنی ئاو لەناو خاکدا، بۆ خاوێنکردنی ئاوی پیس و هتد. ئێستا، توێژەران لە زانستگەی ئی.تی.ئێچی زووریخ و ناوەندی ئێمپا، یەکەمین چاندنی هایدرۆجێلیان دروست کردووە کە بۆ بەکارهێنان لە لوولەی منداڵداندا دیزاین کراوە. ئەم داهێنانە دوو کار دەکات: یەکەم وەک دژەدووگیانی و دووەم، بۆ ڕێگری لە تووشبوون بە ئیندۆمەتریۆسیس یان بەرگری لە بڵاوبوونەوە و گەورەبوونی کاتێک کە تووشی بوویت.

نزیکەی چوار ساڵ لەمەوبەر، “ئینگێ هێرمان”، تیمێکی تازەی توێژینەوەی پێک هێنا. ئامانجەکەش سەرەتا ئەوە بوو کە بزانن دەکرێت بە هایدرۆجێل بەری دووگیانکەوتن بگرن یان نا؟ پاشان دوای ماوەیەک لێکۆڵینەوە و ڕاوێژ لەگەڵ پزیشکی پسپۆڕی ژناندا، بۆیان دەرکەوت ئەو چاندنە هایدرۆجێلەی لوولەی منداڵدانی پێ دەبەسترێت، بەری ئیندۆمەتریۆسیسیش دەگرێت.
ڕێگەگرتن لە ئیندۆمەتریۆسیس بە گرتنی لوولەی منداڵدان

نزیکەی ١٠٪ی ژنان تووشی ئیندۆمەتریۆسیس دەبن. هێشتا هۆکاری سەرەکیی ئەو نەخۆشییە دیار نییە. گریمانەیەک دەڵێت لە کاتی سووڕی مانگانەدا، خوێن بۆ ناو لوولەی منداڵدان و سک پەنگ دەخواتەوە. ئەو خوێنە کە هەڵگری خانەکانی ناوپۆشی منداڵدانە، لە زگدا پەنگ دەخواتەوە و دەبێتە هۆی هەوکردن و ئێش و دروستبوونی پەڵە.

توێژەران ڕێگەیەکیان بۆ دروستکردنی چێندراوێکی هایدرۆجێل داهێناوە کە لوولەی منداڵدان دەگرێت و ناهێڵێت خوێنی سووڕی مانگانە بەرەو ناو زگ بڕوات.
“ئەلێکساندەر ئەنتیس”، نووسەری بەشی سەرەکیی توێژینەوەکە لە وتارێکدا کە لەم دواییانەدا لە گۆڤاری ئەدڤەنس مەتێریاڵدا بڵاو کراوەتەوە، دەڵێت: «بۆمان دەرکەوت کە چێندراوەکە دەبێت لە شلکەیەکی زۆر نەرم دروست کرابێت هەتا شانە خۆییەکان ئەزیەت نەدا و وەک ئەندامێکی دەرەکی مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت و ڕەت نەکرێتەوە».

تایبەتمەندییەکی هایدرۆجێل ئەوەیە کە لە تەڕاییدا، هەڵدەماسێت. چێندراوە نوێیەکە بە وشکی نزیکەی ٢ میلیمەتر ئەستوورە، بەڵام کاتێک بە هیسترۆسکۆپ لە لوولەی منداڵداندا دەچێنرێت، دوو هێندەی قەبارەی پێشووی هەڵدەماسێت. هایدرۆجێلەکە وەک بەربەستێک بۆ تۆوی لێ دێت و لێ ناگەڕێت خوێنیش پەنگ بخواتەوە ناو زک. هێرمان دەڵێت: «دەبێت ئەم چێندراوە هایدرۆجێلە، ئاسان و خێرا، بە تیشکی سەروو وەنەوش شی ببێتەوە و لەناو بچێت، جۆرێک کە کەسەکان پێویستیان بە نەشتەرگەرییەکی ئەستەم و مەترسیدار بۆ لابردنی چاندنەکە نەبێت».

ئەنتیس دەڵێت: ئاستەنگێکی هەرە گەورە ئەوە بوو بەرهەمێکی وا دروست بکەین کە نە جەستە فڕێی بدات و بیترازێنێت، نە خۆیشی هەر لە خۆیەوە بترازێت. ئێمە دەمانویست دڵنیا ببینەوە کە چاندنەکە گونجاو و سەقامگیرە. بۆ ئەم مەبەستەش، توێژەران سەرەتا تاقیکردنەوەی ژیندەرۆکیان (ex-vivo) ڕێک خست و لوولەمنداڵدانێکی دابڕاوی مرۆڤانی و ئاژەڵانییان کردە شوێنی تاقیکردنەوەی ژیندەرۆک کە بۆ نموونە لە کاتی شێرپەنجەی منداڵداندا لابرابوو. دوایی، بەرهەمەکەیان لەناو لەشی بەرازێکی زیندوودا تاقی کردەوە؛ پاش سێ هەفتە، چاندنە هایدرۆجێلەکە، بەبێ ترازان لە شوێنی خۆی چەڵەکەی نەکردبوو و هیچ نیشانەیەکیش بە جەستەیەوە دیار نەبوو کە ویستبێتی چێندراوەکە بترازێنێت.

ئەمە هەواڵێکی دڵخۆشکەرە! ئەگەرچی هێشتا زۆری ماوە بەرهەمهێنانەکەی سەر بگرێت و بچێتە نێو بازاڕەوە. چونکە ئیندۆمەتریۆسیس نەخۆشییەکی تایبەت بە مرۆڤە و تا لە جەستەی مرۆڤدا نەچێنرێت، شێوازی کار و سوود و زیانی دەرناکەوێت. بەتایبەت بۆ کەسانێک کە چالاکیی جەستەییان زۆرە و وەرزش دەکەن. سەرەڕای ئەوەش، هێشتا ڕوون نییە کە ئایا بەستنی لوولەی منداڵدان بەتەنیایی بۆ ڕێگری لە ئیندۆمەتریۆسیس بەسە یان نا؟ هێرمان دەڵێت: ئێمە لەنێو بنکەدراوەکاندا بە دوای ئەو داتایانەدا گەڕاوین کە پەیوەندییان بەو نەخۆشانەوە هەیە کە لوولەی منداڵدانیان لێ هەڵگیراوە. هەروەها گوتیشی ئەم جۆرە دۆخانە دەتوانێت ئاشکرای بکات کە ئایا ئەو بەرهەمهێنانە بەتەواوی دەتوانێت گەشەکردنی ئیندۆمەتریۆسیس لەنێو زگدا بوەستێنێت یان نا؟!

سەرچاوە:
https://ethz.ch/en/news-and-events/eth-news/news/2024/07/a-hydrogel-implant-to-treat-en

وەرگێڕ: سەعیدە دەیهیم

چاودێری زانستی: پەریسا خاتری

چاودێری زمانی: ڕزگار ئازەوانی

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button