هۆکاری پێکهاتنی هەور چییە؟!
بە گشتی زۆربەی مادەکانی دەورووبەری ئێمە بە شێوازی سێ فازی خۆگر، تراو و گاز بەدیدەکرێن. بۆ وێنە H2O (ئاو) لەهەر سێ فازی خۆگر (سەهۆڵ)، تراو (ئاو) و گازدا (هەڵماو) خۆ دەنوێنێت. گۆڕانی فازی مادە زۆربەیکات وێڕای وەرگرتن یان لە دەستدانی گەرمایە. بە گۆڕانی مادەیەک لە فازی خۆگرەوە بۆ گاز(یاخود هەڵم) هەڵمان دەوترێت.
لە ڕاستیدا ڕووپێوی (هەراوی) ئازادی هەر تراوێک گشتکات و لەهەر پلەیەکی تیندا ڕەوتی هەڵمانی دەبێت. بەو دیاردەیە هەڵمانی هەراوی(ڕووپێوی)دەڵێن. ئاوی زەریاکان و ڕووبارەکان بە هۆی تیشکی خۆرەتاو گەرم دەبێت و پلەی تینەکەی زۆر دەبێت. بە هۆی زۆربوونی تینی ڕووپێوی زەریاکان و ڕووبارەکان بەشێک لە ئاوی ڕووپێو دەست بە هەڵمانی ڕووپێوی دەکات و دەبێت بە هەڵماو. ئەو هەڵماوە لە ئاکامی گەرمبووندا و بە هۆی کەمبوونەوەی چڕی، بەرەوە چینە بانەکانی کەش(ئەتمۆسفێر) هەڵدەکشێت. هۆکاری بوونی مژ لەسەر زەریاکان و تەنانەت ڕووبارەکان لە کاتی بەیانییان و ڕۆژی فێنک، نەبوونی گەرمای پێویست و نزم بوونی تینی کەش بۆ هەڵکشانی ئەو هەڵماوەیە، بە چەشنێک کە بەشێکی زۆر لەو هەڵماوە هەر لە نزیک ڕووپێوی زەریا و ڕووبارەکە تنۆکە دەکات و ورکە دڵۆپەی زۆر ورد پێک دەهێنێت. هەر بەم هۆیەشەوە کاتێک لە ناو پەڵە مژێک تێدەپەڕن هەست بە خاوایی دەکەن. پاش هەڵکشانی ئەو هەڵماوە لە ئاکامی کەمبوونەوەی گوشاری کەش و دابەزینی پلەی تینی کەش لە چینە بانەکاندا، ئەو هەڵماوە تنۆکەدەکات و بە شێنەیی دەبێت بە دڵۆپەگەلێکی زۆر بچووک و لە ئاکامی هەندێک هێزی تایبەت (هێزی نووسەکی، هێزی ڕاکێشی ڕووپێوی و هێزگەلی ئەلکترۆکیمیایی) ئەو دڵۆپە بچووکانە کۆدەبنەوە و دڵۆپەگەلی گەورەتر پێکدەهێنن. بە کۆمایەکی گەورەی ئەو دڵۆپە بچووک و مامناوەندییانە هەور دەوترێت. لەگەڵ ساردتربوونەوەی هەور، دڵۆپەکان تا ئاستێک گەورە دەبنەوە کە قورساییەکەیان و هێزی ڕاکێشی زەوی دەبێتە هۆی بەربوونەوەیان و بەم شیوەیە باران سازدەبێت و ئەو بازنە دیاردەیە دووپات دەبێتەوە.