بابەتزانستە بنەماییەکان

ئێسکەپەیکەرێکی سەرنجڕاکێش، کە هی مرۆڤی ئەشکەوتنشینە، لە گۆڕستانێکی بەناوبانگ دۆزراوەتەوە.

ئێسکەپەیکەرێکی سەرنجڕاکێش، کە هی مرۆڤی ئەشکەوتنشینە، لە گۆڕستانێکی بەناوبانگ دۆزراوەتەوە.
ئێسکەپەیکەرێکی نوێ لە ئەشکەوتی شانه‌ده‌ر لە هه‌رێمی کوردستان دۆزراوەتەوە. ئەمە ئاشکرای دەکات مرۆڤی ئەشکەوتنشین چۆن لەگەڵ مردووەکانیان هەڵسوکەوتیان کردووە.
لە ساڵانی ۱۹٥۰ و ۱۹٦۰، ۱۰ پارچە ئێسکی مرۆڤی ئەشکەوتنشین لە ئەشکەوتی شانه‌دەر دۆزرانه‌وە. یەکێک لەو ئێسکانە کۆمەڵێک تۆزەگوڵی بەسەرەوە بوو کە لەگەڵ خۆڵی دەوروبەری تێکەڵ ببوو. لەبەر ئەم ڕووداوە ئەشکەوتی شانه‌دەر بە ‘گۆڕی گوڵان’ بەناوبانگە.
ئەمە نیشان دەدات کە ئێسکەکان، کە هی پیاوێکی تەمەن ۳۰ تا ٤٥ ساڵە، لەگەڵ گوڵ نێژراوه‌ و ئایینی تایبەت بە پرسە و ناشتنی مردووی بۆ بەڕێوە چووە. مرۆڤە ئەشکەوتنشینەکان به‌وه‌ ناسرابوون کە سروشت و کرداری گیانەوەریان بووە و بێکلتوور و سادەن، له‌ کاتێکدا ئەم دۆزینەوەیه‌ دژی ئەو بیروباوەڕەیە.
ئێستا شوێنەوارناسان بەشێکی دیکەی ئێسکەپەیکەریان لە ئەشکەوتی شانه‌دەر دۆزیوەتەوە کە ڕه‌نگه‌ بەشێک لەو ۱۰ ئێسکە بێت کە پێشتر دۆزراونه‌وە. شوێنەوارناسان ناوی ئەم ئێسکەیان نا ‘شانەدەری زێد.’
شوێنەوارناسان لە ساڵی ۲۰۱٦دا ئێسکی پەراسوویان دۆزییەوە و لە ساڵی ۲۰۱۸دا کاسەی سەریان کە ورد بووبوو دۆزییەوە.
مەزەندە کراوە کە ئێسکەکان ۷۰,۰۰۰ ساڵ تەمەنیان هەیە و ددانەکانی نیشان دەدات کە ئەو کەسە لە ناوەڕاستی تەمەنیدا بووە.
سەرجەم، ئێسکەکە زۆرتر لە بەشی سەرووی جەستە تا نێوقه‌د پێکهاتبوو و وادیار بوو کە بە پشتدا ڕاکشاوە و قۆلی چەپی ئەڵقە کردووە و دەستی لەژێر سەری داناوە، بەو شێوەیه‌ی کە مرۆڤ دەخەوێت.
ئەم جۆرە وەستانە بەتەواوی لەگەڵ وەستانی ئێسکی گۆڕی گوڵان، کە بە شێوەی کۆرپەیی وەستاوە، جیاوازە. ئێسکی گۆڕی گۆڵان ڕاست لەتەنیشت شانەدەری زێددایە.
بە هۆی نزیکبوونی ئەم دوو ئێسکەپەیکەرانە لە یەکتر و ٤ ئێسکەپەیکەر، کە شانەدەری زێد و ئێسکی گۆڕی گۆڵان دەگرنە خۆ، لەوە دەچێت کە بە دانسته‌ ڕاکشێنرابن نه‌ک که‌وتبێتن، بۆیە شوێنەوارناسان لەسەر ئەم باوەڕەن کە ئەم ئێسکانە بە ئەنقەست نێژراون.
گریم بارکێر، شوێنەوارناسی زانکۆی کەیمبریج دەڵێت: هەڵکۆڵینی نوێ نیشان دەدات کە بەشێک لەم جەنازانە لە شوێنێکی قووڵتر داندرابوون کە ئەو شوێنانە بە ئەنقەست هەڵکەندرابوون. بەڵگەی بەهێز هەیە کە نیشان دەدات شانیدەری زێد بە ئەنقەست نێژراوه‌.
پۆمیرۆی شوێنەوارناسی زانکۆی کەیمبریج دەڵێت: بەپێی نیشانکردنی ئەشکەوتەکان و بەکارهێنانی توێکڵ بۆ جوانکاری، له‌م ساڵانه‌ی دواتردا دەرکەوتووە کە مرۆڤە ئەشکەوتنشینەکان ئاڵۆزتر لەو شتەن کە بیرمان لێدەکردەوە.
ئەگەر مرۆڤە ئەشکەوتنشینەکان ئەشکەوتی شانەدەریان بە ناوی شوێنێک بۆ بیرەوەری و ناشتنی مردووەکانیان بە کارهێنابێت، ئەمە کلتوورێکی ئاڵۆز نیشان دەدات.

ئامادە کردن: ئەژین جەلالی

وشەکان:
سەبارەت بە مرۆڤی ئەشکەوتنشین Neanderthal
شانه‌دەر Shanidar
تۆزەگوڵ pollen
گۆڕی گوڵان Flower Burial
شانه‌دەری زێد Shanidar Z
گریم بارکێر Graeme Barker
کەیمبریج Cambridge
پۆمیرۆی Pomeroy

سەرچاوە:
https://www.sciencealert.com/a-new-skeleton-at-the-flower-burial-site-is-shedding-light-on-neanderthal-funerals

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button