بابەتمێشک

فێربوونی مۆسیقا لە تەمەنی پیریدا، مێشک چالاک و کارا ڕادەگرێت.

بەپێی توێژینەوەیەکی ئەم دواییانە، وانەکانی مۆسیقا، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر تەندروستیی مێشکی کەسانی بەتەمەن هەیە و تەنانەت دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی ماددە خۆڵەمێشییەکان.

ئەنجامەکان هیوایەک بۆ دەستێوەردانێکی نوێی نادەرمانسازی دروست دەکەن کە به درێژایی تەمەن، یارمەتیی پاراستنی مێشک لە تێکچوون بدات. زۆربەمان لەگەڵ چوونەسەرەوەی تەمەندا نیگەرانین کە چی بەسەر مێشکماندا دێت.

تەنانەت بە ڕەچاوکردنی دۆخە جیددییەکانی وەک خەمۆکی، بەدڵنیاییەوە هەندێک گۆڕانکاریی نەرێنی لەسەر مێشک ڕوو دەدەن.

لە کاتێکدا هەندێک چارەسەری دەرمانی بەردەستن، بەڵام بۆ هەموو کەسێک گونجاو نین، بۆیە بەرەو دەستێوەردانەکانی تر هاندەر بووە کە دەتوانێت بۆ وەستاندنی پیربوونی مێشک، یارمەتیدەر بێت.

توێژینەوەکانی پێشوو، دەریانخستووە کە بەشداریکردن لە چالاکییە مۆسیقییەکان، دەتوانێت سوودێکی گەورەی بۆ باشبوونی کەسانی بەساڵاچوو هەبێت و لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییە ئەمەش زیاد دەکەن کە چۆن وانەکانی مۆسیقا، لە ڕاستیدا دەتوانن ڕێژەی ماددە خۆڵەمێشییەکان لە مێشکدا زیاد بکەن.

توێژینەوەکە ١٣٢ کەسی وەرگرتووە کە تەمەنیان لەنێوان ٦٢ بۆ ٧٨ ساڵ بووە.

هەموو بەشداربووان خانەنشین بوون و هیچیان لە هیچ قۆناخێکی ژیانیاندا بۆ ماوەی شەش مانگ زیاتر وانەکانی مۆسیقایان نەخوێندووە.

لە توێژینەوەکەدا، کەسانێک پێویست بوو کە مێشکیان هیچکات هەلومەرجی فێربوونی مۆسیقای بۆ نەڕەخساوە.

لە ڕاستیدا تەنانەت ئەزموونێکی کورتی فێربوون لە ڕەوتی ژیانی مرۆڤدا، دەتوانێت جێپەنجە لەسەر مێشک بەجێ بهێڵێت، ئەمەش ئەنجامەکانی توێژینەوەکە بە لاڕێدا دەبات.

بۆ ئەوەی بزانین ئایا ئەگەری جیاوازی لەنێوان پۆلەکانی مۆسیقای پراکتیکی و تیۆریدا هەبێت، بەشداربووان بۆ دوو گرووپ دابەش کران.

یەکێکیان وانەکانی پیانۆی هەبوو، لە کاتێکدا ئەوی تریان لەو پۆلانەدا بەشداری دەکرد کە نووسەران پێیان دەگوت “کلتووری مۆسیقا” – ئەمانە بریتی بوون لە شیکاریی مۆسیقا، تیۆریی مۆسیقا و توخمەکانی مێژووی مۆسیقا، بەڵام لە ڕاستیدا دروستکردنی مۆسیقا بوو (بۆ نموونە لە ڕێگەی گۆرانی وتن یان چەپڵەلێدان) لە هەردوو حاڵەتەکەدا پۆلەکان بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لە حەوتوویەکدا بوون. توێژینەوەکە بۆ ماوەی ساڵێک بەردەوام بوو، هەروەها دوای شەش مانگ بەدواداچوون بۆ بەشداربووان کرا.

دوای شەش مانگ، کاریگەریی هاوبەش بۆ هەردوو دەستێوەردانەکە دۆزرایەوە کە وێنەگرتنی دەمارەکان، زیادبوونی ماددە خۆڵەمێشییەکانی لە چوار ناوچەی مێشکدا ئاشکرا کردووە، لەنێویاندا ناوچەکانی مێشک کە لە بیرگەی چالاکدا بەشدارن، کارکردنیان بە ڕێژەی لەسەدا ٦ زیادی کردووە.

توێژەران ڕوونیان کردەوە کە ناکرێت بگەینە ئەو ئەنجامەی کە ڕاهێنانی مۆسیقا خەریکی گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانەی مێشک بووە کە پێشتر بە هۆی پیربوون زیانیان لێ کەوتبوو، بەڵکوو وا دیارە ڕاهێنانەکە دەتوانێت بۆ ڕێگری لە پیربوون لە ناوچە تایبەتەکاندا یارمەتیدەر بێت.

هۆکارێکی تر کە کاریگەریی لەسەر ئەنجامی بەشداربووان نیشان دا، ماوەی ئەو کاتە بوو کە لە ڕاهێناندا بەسەریان بردبوو. بۆیە ڕەنگە تەنیا بەشداریکردن لە چەند وانەیەکدا بەس نەبێت.

gray matter ماددە خۆڵەمێشییەکان

Non-pharmaceutical نادەرمانسازی

وەرگێڕ: کۆمار گوڵ محەمەدی-خوێندکاری پزیشکی

چاودێری زمانی: ئەستێرە چابوک

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button