بابەتژینگە

زەوی تا ٢٠ ساڵی داهاتوو ١.٥ پلە گەرمتر دەبێت

زەوی تا ٢٠ ساڵی داهاتوو ١.٥ پلە گەرمتر دەبێت

چاوەڕوان دەکرێت تا ٢٠ ساڵی داهاتوو به هۆی گۆڕانکاریی ئاووهەوا، زەوی ١.٥ پلە گەرمتر بێت. ئەمەش بەبێ سەرنجدان به بەرزبوونەوەی بێوێنەی ڕێژەی گازی گوڵخانە لە هەوادایە. لێکۆلەران دەڵێن لە ٤٠ ساڵی ڕابردوو، هەر دەیە لە دەیەی پێش خۆی گەرمتر بووە و هۆشیارییان داوە که بڵاوبوونەوەی لەڕادەبەدەری گازی گوڵخانە ئەم گەرمبوونەوەیه چڕتر دەکات. فرێدریک ئۆتۆ زانستمەندی زانستگەی ئۆکسفۆرد دەڵێت: گەرمتربوونی زەوی گرفتی داهاتوو نییه بەڵکوو گرفتی ئەمڕۆیە کە ئاسەوارەکەی لەسەر هەموو دنیادا دەبینرێت؛ لە کەنەداوە بگرە تا وڵاتی چین. کارەساتی گەورەتر ئەوەیە کە جیهان تا ٢١٠٠، به دڵنیاییەکی زۆرەوە ٤.٤ پلەی دیکە گەرمتر دەبێتەوە و ئاستی ئاوی دەریاکان ١.٩ مەتر بەرزتر دەبێتەوە. زەوی لە چەند ساڵی ڕابردوودا کارەساتی سروشتیی زۆری به خۆیەوە بینیوە: لە لافاوی ئەڵمانیاوە تا ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی کەنەدا.

سەرەڕای ئەوەش خێرایی توانەوەی بەفری جەمسەرەکان زۆرتر بووە و پێشبینی دەکرێت تا پێش ٢٠٥٠ جەمسەری باکوور لانیکەم یەک هاوینی بێ سەهۆڵ بە خۆیەوە ببینێت. ئەمەش ژیانی ورچەکانی جەمسەری باکوور دەخاتە مەترسییەوە. یوری ڕۆگێڵ لە کۆلێژی ئەمپریالی لەندەن دەڵێت: مرۆڤی ئێستا لە ساڵدا ٤٠ ملیار تۆن کاربۆن دایۆکساید فڕێ دەداتە بەرگەهەواوە و ئەگەر بەم خێراییە بچێته پێش تا ٢٠٥٠ دەگاته ٨٠ ملیار تۆن لە ساڵدا. ئەوەی ئێستا بۆ ڕزگار کردنی زەوی پێویستیمان پێیەتی هەبوونی پلانێکه کە ڕێژەی بەرهەمهێنانی کاربۆن دایۆکساید تا ساڵی ٢٠٥٠ بگاته ٥ تۆن لە ساڵدا.

وەرگێڕ: کەریم بایرامی

چاودێری زمانی: سروە ئەمین ساڵەحی

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button