بابەتگەردوونناسی

چینی ئۆزۆن ژیانی سەر زەوی بەرامبەر بە تیشکی زیانبەخشی خۆر دەپارێزیت.

توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە بوونی ئۆزۆن لە بەرگەهەوادا چەندە یارمەتیی دابینکردنی وزەی زەوی دەدات، ڕێکخستنی قەبارەی تیشک لەگەڵ ئەو تینەی کە زەوی لە خۆری دەگرێت لەسەر پلەی گەرمیی زەوی کاریگەری هەیە.

زۆر شت لەسەر ئەم وزەیە کاریگەری هەیە، وا دەردەکەوێت ئەگەر چینی ئۆزۆن لاببەیت لەوانەیە هەسارەکە ساردتر ببێت. لەم توێژینەوەیەدا مۆدێلێک بۆ کەشوهەوای زەوی دروست کرا کە چۆنیەتیی کاردانەوەی وزەی گەیشتوو به زەوی لەژێر گۆڕانکارییەکانی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی بەرگەهەوادا ڕوون دەکاتەوە.

بە کەم کردنەوەی ڕێژەی ئۆزۆن، وایان بۆ دەرکەوت کە پلەی گەرمیی زەوی دابەزیوە. لە دۆخی لابردنی یەکجاریی چینی ئۆزۆن،  زەوی ٣.٥ پلەی سەنتیگراد (٦.٣ پلەی فارنهایت) ساردتر لە ئەمڕۆ دەبێت، ئەم پلەی گەرمییە نزیکە لە بارودۆخێک کە زەوی لە دوایین سەهۆڵبەنداندا بە خۆیەوە دیتووە.

  لەم مۆدێلەدا پێویست بوو ڕێژەی کاربۆن دی ئۆکساید خۆگیر بێت. وزەی زەوی لە بنەڕەتیترین ئاستدا ئاوا کار دەکات: خۆر زەوی گەرم دەکات و هەسارەکەمان بۆ بۆشایی ئاسمان ڕەنگدانەوەی دەبێت، بەڵام تێکڕای وزەکە تیشک نادرێتەوە. زەریا، زەوی و بەرگەهەوا بەشێکی لەخۆ دەگرن و ئەوەی مایەوە تیشکی دەدەنەوە.

بەڵام پێکهاتەی بەرگەهەوا کاریگەریی لەسەر دەرچوونی گەرمای تیشکدراو لە ڕووی زەوییەوە بەرەو بۆشایی ئاسمان هەیە.

بەتایبەت گازه گوڵخانەییەکان کە بۆ ڕاگیرکردنی  گەرما زۆر بەسوودن. لە ڕووی تەکنیکییەوە ئۆزۆن گازێکی گوڵخانەییە، بەڵام کاریگەریی ئەرێنی یان نەرێنیی ئۆزۆن لەسەر هاوکێشی وزە، پەیوەندییەکی زۆری بە جێگەکەیەوە هەیە.

شتێکی ڕوونە کە باشترین جێگەی ئۆزۆن لە چینی ئۆزۆندایە کە دەکەوێتە ستراتۆسفەرەوە کە ئەویش خۆی نزیکەی ٥٠ کیلۆمەتر بەرزه و ژیانی سەر زەوی لە تیشکی مەترسیداری سەرووبنەوش دەپارێزێت که لە خۆرەوە دێت. هەبوونی ئۆزۆن تا بەرزایی ٢٠ کیلۆمەتر خراپە چونکە گەرمی لەخۆ دەگرێت و بەتەواوی وەک گازی گوڵخانەیی کار دەکات.

لە بەرزاییەکی نزمتردا جارێکی تر بە لەناوبردنی پیسکەرەکان بەسوود دەبێت و دووبارە لەسەر ڕووی زەوی خراپ دەبێت چونکە لە دروستکردنی تەمومژدا دەور دەگێڕێت. کەواته ئۆزۆن لە هەموو شوێنێک به چاوی دوژمن یان دۆست چاوی لێ ناکرێت (بەڵکوو بەپێی شوێن، چاکی و خراپییەکەی دەستنیشان دەکرێت).

ئێستا بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە ئێمە لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا بەشێکی باشی چینی ئۆزۆنمان لەناو بردووە، ڕەنگە پێت وابێت ئەوە بە جۆرێک هەواڵێکی خۆشە بۆ قەیرانی کەشوهەوا!

بەڵام ئایا بەڕاستی خۆمان لە خراپیی قەیرانی کەشوهەوا ڕزگار کردووە؟ بە هیچ شێوەیەک وانییە. لە ڕاستیدا پێچەوانەی ئەو شته ڕاستە. مادە کیمیاییە کەمکەرەوەکانی ئۆزۆن وەک کۆلۆرۆفلۆرۆکاربۆنەکان لە وەگیرخستنی گەرمادا دەیان هەزارجار لە کاربۆن دی ئۆکساید بەهێزترن.

قەدەخەکردنی ئەوانە لە ساڵی ١٩٨٧ بە پرۆتۆکۆلی مۆنتریال، دواخستنی بەرچاوی توانەوەی سەهۆڵەکانی جەمسەری باکووری دابین کردووە. کەواتە، ئەگەر هەوڵە جیهانییەکان بۆ ڕزگارکردنی چینی ئۆزۆن نەبوایە، ڕەنگە ئێستا ئێمە تووشی قەیرانی کەشوهەوای زیاتر بووباین.

هەواڵی دڵخۆشکەر ئەوەیه کە ئۆزۆن خەریکە بەرەو بووژانەوە دەڕوات.

وەرگێڕ: بەیان عیزەتی

چاودێری زمانی: موعین ئەحمەدی

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button