بابەتگەردوونناسی

زانستوانان ڕوخساری ژنێکی ٧۵ هەزار ساڵەی کوردستانیان ئاشکرا کرد.

تا ئێستا لە ناو دۆزراوەکاندا، تەواوترین و پارێزراوترین کاسەسەری هەبووە.

نزیکەی پێنج ساڵ لەمەوبەر دۆزرایەوە. ئەمەش تەواوترین و پارێزراوترین کاسەسەری نیاندرتاڵێکه کە بۆ نەوژەنکردنەوە و دروستکردنی دەموچاو و ڕوخساری، کەڵکی لێ وەرگیراوە.

کاسەسەری ژنێک کە ٧۵٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەژیا، لەناو ئەشکەوتی بەناوبانگی شانەدەر لە کوردستان دۆزراوەتەوە. وا وێ دەچێت کە  نیاندرتاڵەکان مردووەکانی خۆیان لەم شوێنە و لەسەر تەختێکی داپۆشراو بە گوڵ، ناشتووە. 

ئەشکەوتی شانەدەر بۆ یەکەم جار لە ساڵانی ١٩۵٠دا، لە کوردستان دۆزرایەوە. هەندێک لە گرنگترین و سەرنجڕاکێشترین دەستکەوتەکانی زانستی ناسینی نیاندرتاڵ وەک پاشماوەی لانیکەم ١٠ تاکی نیاندرتاڵی جیاواز، لەوێدا تۆمار کراوە.

وێنەی ئەشکەوتی شانەدەر کە دەکەوێتە ١٣٠ کیلۆمەتریی باکووری هەولێر

وێنەی ئەشکەوتی شانەدەر کە دەکەوێتە ١٣٠ کیلۆمەتریی باکووری هەولێر

شێوازی ناشتنی مردووی نیاندرتاڵەکان لەو ئەشکەوتەدا، کە بەڵگەیان لەسەرە، زۆر جێگەی سەرنجی تایبەته. زانینی ڕێوڕەسمی ناشتن و پرسەی مردووانی نیاندرتاڵەکان، ڕۆڵێکی گرینگیان لە تێگەیشتنمان لە ناسینیان هەبووە. لە ڕاستیدا لێڕوانینی ئێمە سەبارەت بە نیاندرتاڵەکان، لە بوونەوەرێکی دڕندەی سەرەتاییەوە بۆ “پەرەسەندوویەکی بیرمەند” گۆڕاوە.

 

بۆ نموونە، وا دیارە لانیکەم پێنج تاک لە ڕیزێکدا و لەپشت بەردێکی زەبەلاحەوە نێژراون. ئەمەش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئەو شوێنە گرنگییەکی تایبەتی هەبووە. هەر بۆیە لە لایەن چەندین نەوەی یەک لە دوای یەکەوە وەک گۆڕستانێک هەڵبژێردراوە.

لە ساڵانی شەستەکاندا، کۆمەڵێک ئاسەواری گوڵ لە دەوری یەکێک لەم ئێسکەپەیکەرانە دۆزرایەوە. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە بیر بکرێتەوە ڕەنگە نیاندرتاڵەکان مردووەکانی خۆیان بە گوڵ داپۆشیوە و پاشان ناشتوویانه.

دکتۆر ئێما پۆمێرۆی، وانەبێژی زانکۆی کامبریج، گوتی: “دەتوانین ببینین کە نیاندرتاڵەکان بۆ ناشتنی مردووەکانیان دەگەڕێنەوە بۆ شوێنێکی تایبەت. ئەم دووبارە گەڕانەوە بۆ ئەو شوێنه، دەتوانێت دەیان ساڵ یان تەنانەت هەزاران ساڵ مەودای بکەوێت. ئایا تەنها ڕێکەوتە، یان بە مەبەست؟ ئەگەر وایە، چ هۆکارێک دەیانگەڕێنێتەوە ئەو شوێنه؟”

ئەم ژنە، کە لەم دواییەدا دۆزراوەتەوە و ناوی “شانەدەر زێد”ی لێ نراوە، لەپشت بەردێکی هاوشێوەی “کێل” نێژرابوو و لە کاتی دۆزینەوەدا، کاسەسەرەکەی لەژێر بەردێکدا ورد ببوو. بە تاوتوێی ددانەکانی دەرکەوت کە لە تەمەنی نێوانی ۴٠ەکانیدا کۆچی دوایی کردووە و لەوانەیە به هۆی تەمەنی زۆر، ڕێز و پلەیەکی بەرچاوی بووبێت. 

دوای هەڵکۆڵینی شوێنی ناشتنەکە،  بە دژوارییەکی زۆرەوە توانییان کاسەسەری وردبووی ئەو ژنە کۆ بکەنەوە، پێکەوەی بلکێنن و سکانی بکەن تا بتوانن شێوەی ڕوخساری  لە کۆمپیۆتەردا وێنا بکەن. ئەم کارە ئەوەندە سەخت و هەستیار بووە کە به گوتەی د. پۆمێرۆی، “وەک هەڵگرتنەوەی بیسکویتێکی خووساو لەناو ئیسکانێک چای، بە بێ ئەوەی تێک بچێت، بووه.”

دکتۆر ئێما دەڵێت: “کاسەسەری نیاندرتاڵ و مرۆڤ جیاوازیی زۆریان هەیە. ئێسک لە شوێنێ برۆکاندا زیاتر بۆ پێشەوە هاتووه، چەناگەیان نییە و ناوەندی دەموچاویان تیژتره کە ئەوەش دەبێتە هۆی لووتێکی گەورەتر و درێژتر. بەڵام ڕوخساری ئەو ژنە دەریدەخات کە ڕواڵەتی نیاندرتاڵێکی زیندوو،جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ مرۆڤی ئێستا نەبووه.”

 

هەروەها ئاماژەی کرد: ” باشتره بیر لەوە بکەیەنە و بزانین زاوزێکردن لەنێوان جۆرەکانماندا چۆن ڕووی داوە. چونکە هێشتا نزیکەی هەموو ئەو مرۆڤانەی ئەمڕۆ دەژین،  دی.ئێن.ئەیی نیاندرتاڵیان هەیە”

لە ڕاستیدا لێکۆڵینەوەکان و دەستکەوتەکانی ئەم دواییه، وێکچوونێکی زۆر لەنێوان مرۆڤی بیرمەند و نیاندرتاڵەکان ئاشکرا دەکات. هەروەها نیشان دەدات کە نیاندرتاڵەکان چۆن بەسەر ئاگر، چێشت لێنان و تەنانەت خوڵقاندنی هونەردا زاڵ بوون.

با بگەڕێینەوە شانەدەر. هەندێک دەڵێن لەوانەیە ئاسەواری تۆوی گوڵێک کە لەگەڵ نیاندرتاڵەکە دۆزراوەتەوە،  هەنگەکان یان تەنانەت ئاڵوگوڕکێی هەوا هێنابێتی، و بەم شێوەیە بیرۆکەی ناشتنی مرودووەکانی نیاندرتاڵەکان لەناو گوڵدا دەخەنە گومانەوە. بەڵام ئاسەوارە دۆزراوەکانی تری ئەو شوێنه، نیاندرتاڵەکان وەک بوونەوەرێکی هاوسۆز و پێشکەوتوو لە بواری سۆزداریدا نیشان دەدات. ئاسەواری نیاندرتاڵیکی کەمئەندام نیشانی دەدات کە بە درێژایی ژیانی خۆی، چاودێریی بەردەوامی وەرگرتووە. 

پرۆفیسۆر گرێم بارکێر، سەرۆکی هەڵکۆڵینەکە دەڵێت: “له زیاتر لە ١۵٠ ساڵ لەمەوبەرەوە کە یەکەمین نیاندرتاڵ دۆزرایەوە، ڕای گشتی هەمیشە لێڕوانینێکی هەڵەی سەبارەت بەوان هەبووە. دۆزینەوەکانمان نیشان دەدەن کە ڕەنگە نیاندرتاڵەکانی شانەدەر، بیریان لە مردن و ڕێوڕەسمەکەی کردبێتەوە. بە شێوەیەک کە لێڕوانینیان بۆ تاکی کۆچکردوو، لەگەڵ لێڕوانینی ئامۆزای پەرەسەندوویان – کە ئێمەین – جیاوازییەکی زۆری نەبووە.”

Dr. Emma Pomeroy, University of Cambridge

Prof. Graeme Barker, University of Cambridge

Best-Preserved Neanderthal Skeleton In Over 25 Years Found In “Flower Funeral” Cave | IFLScience

 

وەرگێڕ: کەریم بایرامی
چاودێری زانستی: ڕەحمەت نادری

چاودێری زمانی: ئەستێرە چابوک

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button