زانستنامە

بە ڕای ئێوە زمانی ستاندارد پێویستە؟

هەبوونی زمانی ستاندارد زۆر پێویستە، چونکە ئەگەر نەبێت لەوانەیە ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان تاکی کورد بە شێوەزارە جۆراوجۆرەکانی ئاستەم بێت. ئێمە بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە خوێندن و نووسین نازانن کۆڵەکەیەکی زمانیمان پێویستە کە موکریانی بە کورمانجی و کەلهوڕییەوە گرێ بدات. کەوابوو زمانێکی هاوبەش پێویستە بەڵام گەلۆ ئەو زمانە هاوبەشە قەرارە زمانی ئاخاوتنی هەموو کەس بێت؟ وەڵامەکە «نا» یە.
ئەگەر چاو لێ بکەین زمانی عەرەبی بە هۆی کتێبی ئایینیی قورئان زمانێکی نووسینی یەکدەستی هەیە. بەڵام لە لایەکی ترەوە گەنجێکی جەزائیری لەوانەیە بەشێکی زۆر لە قسەکردنی عەرەبێکی عێراق تێ نەگات و بۆ تێگەیشتن لە یەکتر دەبێت بە عەرەبیی فوسحە یان کتێب، ستاندارد، قسە بکەن.
زمانی ئینگلیزیش تا ڕادەیەک ئاوای. ئاڵمانی هەر زۆر ئاوایە. ئێمە لە زمانناسیی جێبەجێکارانەدا باسی کەرتێک دەکەین بە ناوی «زمانە ئینگلیزییەکانی جیهان». ئێمە زۆر جار لە کۆنفرانسەکاندا باسی زمانە ئینگلیزییەکان دەکەین و لەسەری دەدوێین، بەڵام کەس لێمان تووڕە نابێت و لەگەڵمان بە شەڕ نایەت و چەقۆمان لەسەر هەڵناکێشێت! بە سەدان نووسەر کار لەسەر ئەم بوارە دەکەن و دەڵێن: ئەگەر کەسێکی خەڵکی هیندستان بە شێوەزاری ئینگلیزیی خۆی قسە دەکات، یان بە شێوەیەکی تایبەت ئینگلیزی دەنووسێت، زۆر ئاساییە.
زۆر وشە کەڵک وەردەگرن کە لە وڵاتی بەریتانیا کەڵکی لێ وەرناگیرێت. بە پێی زمانی زگماکی و مێژووی کۆلۆنیالی خۆشیان تەنانەت دەستکاری ڕێزمان و ڕێنووسی ئینگلیزیشیان کردووە. ئەم ئینگلیزییەش بۆ ئەوان زۆر باش کار دەکات. کەواتە خاوەن زمانە ئینگلیزییەکان بەو قەناعەتە گەیشتوون کە زمانەکەیان لەژێر یەک ناو، جیاوازی زۆرە. بەڵام بە داخەوە ئێمەی کورد زۆر هەستیار و چاوچنۆکانە لەوە دەڕوانین کە ئەگەر نەفەرێک بێت و باسی زمانە کوردییەکان بکات، هەست دەکەین ئاسمان دەگاتە زەوی و دونیا بەسەرماندا خرا دەبێت. ئێمە ناتوانین لە ڕاستییەکان هەڵبێین. ئێستا شێوەزاری موکریانی هەر لە ڕێزمان تا وشە و وشەدان جیاوازە لە شێوەزاری کورمانجی، جا ئێمە حەز بەم ڕاستییە بکەین یان نا، بەڵام دەبێت ئەم ڕاستییە بسەلمێنین و بە پێچەوانەوە ئەم جیاوازییە بکەینە خاڵێکی بەهێز. ئێمە جگە لەوەی کە دابەش بووینە بەسەر وڵاتانی جۆراوجۆر وشەی جۆراوجۆریش بۆ یەک شت بە کار دەهێنین جیاوازیی ڕێزمانی و تەنانەت ڕێنووسیشمان هەیە. ئەوەتا دەبینی تەنانەت ستانداردی سۆرانی لە ڕۆژهەڵات و باشوور بە یەک شێوە نانووسرێت. ئەوەی ڕۆژهەڵات لە ژێر کاریگەریی فارسیدا یە و ئەوەی باشوور لە ژێر کاریگەری عەرەبیدا یە.
ئەمەش سروشتییە. کەچی لە سەر ئەم حاڵەشڕا، سەرنجڕاکێشە کە کە سەرەڕای ئەو هەموو جیاوازییەی ناوچەکان، نووسەری کورد توانیویەتی کۆدێک دروست بکات بەبێ ئەوەی کە گرفتێکی گەورە و بەرچاوی هەبێت و پێی دەنووسێت و دەخوێنێتەوە؛ ئەمە دەستکەوتێکی یەکجار گەورەیە کە تۆ بتوانیت بەبێ وڵاتێکی سیاسی سەربەخۆ و سیستمێکی پەروەردە و بودجەیەکی تەرخانکراو ئەم کارە بکەیت. ئەم کارە لە باکوور و ڕۆژاواش کراوە؛ واتە، کوردەکانی ئەو دوو بەشەش دەتوانن بە یەک شێوەزاری هاوبەش و یەک ڕێنووسن بنووسن و بخوێننەوە. لە ڕۆژاوا کارێکی گەورەی دیکەش دەکەن: ئێستا لە زۆر فێرگە و زانکۆی ئەو دەڤەرە سۆرانیش دەخوێنن و فێر دەبن.
خۆزگە ئەمە لە باشوور و ڕۆژهەڵاتیش دەکرا، کە کوردی سنە و سلێمانیش بتوانن بە کورمانجی بخوێننەوە. دیارە ئەمە لە سلێمانی و هەولێر دەکرێت، بەڵام هیممەتی گەرەکە. ئێمە بەو هەلومەرج و ئەو بارودۆخەی کە تێیدا بووین دەبێت ئەم دەستکەوتە بە شانازی بزانین لەبەر ئەوەی کە زۆرێک لە گەلانی جیهان ئەم کارەیان بۆ نەکراوە. ئێمە دەبێت لە هەوڵمان بۆ زمانێکی ستانداردی کوردی بەردەوام ببین بەڵام هاوکات دەبێت ئاگامان لەوە بێت کە لەم ڕێیەدا گەنجەکانمان سارد نەکەینەوە. پێویستە ئێمە شێوەزارەکان بناسین، چونکە لە بواری زمانناسییەوە زۆر زانیاری بەنرخمان پێ دەدات کە پاشان لە شوێنی دیکە دەتوانین کەڵکیان لێ وەربگرین.
سەرچاوە: بابەتی وتووێژ لەگەڵ پرۆفیسۆر جەعفەر شێخولئیسلامی، ژمارە ١٢ی گۆڤاری زانستیی هۆژین

پۆستە هاوشێوەکان

2 کۆمێنت

وەڵامێک بنووسە

Back to top button