بابەتتەندروستی

چۆن بزانین هەناسەبڕکەیی یان ئاسمی منداڵەکەتان بۆ ژیانی ئەو، مەترسیدارە یان نا؟

پسپۆڕێکی بەشی سییەکان لە زانکۆی ڕاتگێرز ئەم بابەتەمان بۆ لێک دەداتەوە.
ساڵانە زیاتر لە ۳۰۰ منداڵ و گەنجی ژێر ۲۴ ساڵ تەمەن و زیاتر لە ۳۰۰۰ گەورەساڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هۆی هەناسەبڕکەیی دەمرن. لە حاڵێکدا کە بەشێکی زۆر لەم هێرشانە شیاوی پێشگیرین.

خەلیل ساواری پسپۆڕی سییەکانی منداڵان دەڵێت: ڕەنگە کەسێک لە دەرەوەی نەخۆشخانە تووشی هورووژمی ئاسمی ڕۆحڕەتێن (کوژەر) ببێت بەڵام لە کاتی گەیشتن بە نەخۆشخانە بە هۆی لێنەدانی دڵ مردبێت و هیچ کاتێک ڕوون نەبێتەوە کە بە هۆکاری ئاسم گیانی لەدەست داوە.
لێرەدا ساواری داکۆکی لەسەر فێرکاریی بنەماڵەکان دەکات کە چۆن نیشانەی ئاسمی کوژەر بناسن و چ کاتێک پێویستە یارمەتی وەربگرن.

خەڵک سەبارەت بە بزوێنەرەکانی ئاسم دەبێت چ بزانن؟
بزوێنەرەکانی ئاسم بۆ هەر کەسێک جۆرێکە بەڵام ئەو بزوێنەرانەی باون و لەگەڕدان هەڵامەت، وەرزش، هەوای پیس و دووکەڵاوی و ڕووبەڕووبوون لەگەڵ ئەم ماددە هەستورووژێنانەن وەک: گەردە، پشیلە، مشک، کەپەک، تەپوتۆز و هتد.

لە ئێستادا ئێمە لە وەرزێکی خرووکهێنداین (ئالێرژی). هەر بۆیەش ئەگەری زۆربوونی ئاسم هەیە. منداڵ بە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەر کام لەم ماددەگەلە دەتوانێت تووشی هورووژمی ئاسم بێت. بۆ یارمەتی و چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پێویستە یەکەم شت لە نەبوونی هەرچەشنە هۆکاری دیکەی هەوکردن وەکوو کەپەک و دووکەڵ لە دەوروبەریان دڵنیا ببین.

نیشانەکانی ئاسمی چاودێرینەکراو چییە؟
نیشانەگەلێک وەک کۆخەی نیوەشەو لە کاتی خەو بۆ ماوەی چەند جار لە مانگێکدا یان کۆخە لە کاتی وەرزش هەرچەند خێرایی منداڵەکەتان کەم نەکاتەوە یان نیشانەگەلێک وەک کۆخە لەگەڵ نەخۆشیی دیکە کە پێویستە زیاتر لە دوو ڕۆژ لە حەفتەدا “ئاڵبوتڕۆڵ” بەکار بهێنن.

ئەو نیشانانەی کە پێتان دەڵێن منداڵی ئێوە پێویستی بە چاودێریی خێرای پزیشکی هەیە:
ئەگەر منداڵەکەتان هەر ۲۰ خولەک یان هەر ٢ کاتکۆ جارێک لە “ئاڵبوتڕۆڵ” کەڵک وەردەگرێت و ئارام نابێتەوە، پێویستە بەخێرایی بیگەیەنن بۆ نەخۆشخانە یان بۆ لای پزیشک.

هەرچۆنێک بێت هیچ کاتێک چاوەڕێی کاتی نائاسایی مەبن. ئەگەر ئێستا باری تەندروستیی منداڵەکەتان زۆریش باشە، زۆر گرنگە کە سەبارەت بە بەرنامەیەکی دەوا و دەرمان بۆ ئەو کاتانە، لەگەڵ پزیشکێک قسە بکەن و دڵنیا بن کە لە کاتی پێویستدا دەوا و دەرمانی گونجاوتان لەبەردەستدایە.

وشەکان:
Asthma: هەناسەبڕکەیی، ئاسم، تەنگیی هەناسە
Albuterol: ئاڵبوتڕۆڵ
Allergen: ئالێرژی، خرووکهێنەر

وەرگێڕ: فریا ڕەش ئەحمەدی
چاودێری زمانی: حەسەن مووسازادە

سەرچاوە: زانکۆی ڕاتگێرز

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button