بە سەما و هەڵپەڕین، باخەوانی و مەلەکردن یارمەتیی خۆتان بدەن تا سەرەڕای چوونە سەری تەمەن مێشکێکی باشترتان هەبێت
توێژینەوەکان دەڵێن: هەر وا کە تەمەنتان دەچێتە سەر، بە سەما و هەڵپەڕین، باخەوانی و مەلەکردن یارمەتیی خۆتان بدەن تا مێشکێکی باشترتان هەبێت.
پیاسەکردن، باخەوانی، مەلەکردن، هەڵپەڕکێ و تەواوی ئەو چالاکییانەی کە لە کاتی بێئیشیدا دەیکەین، لەوانەیە ڕێگری بکات لە کرژبوونی مێشک لە گەورەساڵاندا.
ئەو کەسانەی کە چالاکیی زیاتریان هەبێت، قەبارەی مێشکیان گەورەترە لەو کەسانە کە چالاکیی کەمتریان هەیە، کەواتە لەوانەیە چالاکیی جەستەیی خێرایی لەناوچوونی قەبارەی مێشک دابەزێنێت.
کرژبوونی مێشک لە تەمەنی ٦۰ یا ۷۰ ساڵیدا دەست پێدەکات و هەر بەم هۆکارەش ئاستی لێکدانەوە و توانای مێشکی کەم دەکات.
لە لێکۆڵینەوەیەکدا چالاکی زیاتر لە ۱٥۰۰ کەسی بەساڵاچوو کە بەڕێژەی مامناوەندی تەمەنیان ۷۰ ساڵ بوو، خرایە ژێر چاوەدێری و تاقیکردنەوە.
بە پێی سکەنی MRI، ئەو گەورەساڵانەی کە زۆرترین چالاکییان هەبوو، قەبارەی مێشکیان لە چاو ئەو کەسانەی کە چالاکییان نەبوو، لە سەدا ۱.٤ گەورەتر بوو. ئەم ئەنجامە هاوکاتە لەگەڵ دابەزینی خێرایی پیربوونی مێشک لە ماوەی٤ ساڵدا.
کرژبوونی مێشک دەتوانێت بە هۆی لەناوچوونی خانەکانی دەمار لە مێشک و نەخۆشییەکانی سیستەمی دەماری ڕوو بدات. هەروەها دڵەڕاوکێ ئاستی هۆرمۆنی سترێس و کۆرتیزۆل زۆر دەکات و بە هۆی ڕووداوی جەڵتە لەوانەیە ئازار بە مێشک بگەیێنێت. ئەم هۆکارانە دەبنە هۆی پیربوونی مێشک.
کەسانی بەساڵاچوو دەتوانن بۆ تەندروستیی مێشکیان، چالاکیی هێواش، مامناوەند یان دژوار (ئەو چالاکییانەی کە چێژی لێ وەردەگرن) لە بەرنامەی ڕۆژانەی خۆیاندا بگونجێنن. چالاکیی جەستەیی هەروەها مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی ئاڵزایمێر کەم دەکاتەوە.
نووسەر: Kristen Rogers
ئامادەکردن: ئەژین جەلالی
وشەکان:
کرژبوون shrinkage
سکەن scan
دەمار nerve
دەماری nervous
سترێس stress
کۆرتیزۆل Cortisol