بابەتتەکنەلۆجیا

ئایا تەقینەوەکەی بەیرووت بە هۆی چەکی ناوەکییەوە بوو؟

تەقینەوەکەی بەیرووت چۆن ڕووی دا؟
ئایا ئەو تەقینەوەیە بە هۆی چەکی ناوەکییەوە بوو؟

لە ئێوارەی سێشەمەی ١٤ی گەلاوێژدا تەقینەوەیەکی بەهێز، بەیرووتی پێتەختی لوبنانی هەژاند بە چەشنێک کە چەند سەد کەسی کوژراو و هەزارن برینداری لێکەوتەوە. شەپۆلی ئەو تەقینەوەیە کە بە هەورێکی کارگ‌ ئاسا داپۆشرا بوو تا ڕادەیەک بەهێز بوو کە لایەکی گەورەی شاری بەیرووتی خاپوور کرد و کۆمەڵیک ماڵ و بینای ئەو شارەی ڕووخاند. ئایا ئەو تەقینەوەیە بە هۆی چەکی ناوەکییەوە بوو؟ پرسیار ئەوەیە کە لە ڕوانگەی زانستییەوە هۆکاری ئەو تەقینەوە بەهێزە کە شەپۆلەکانی زۆرتر لە تەقینەوەی چەکە ناوەکییەکان دەچوو چی بوو و چۆن ڕووی دا؟
بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان هۆکاری ئەو ڕووداوە، تەقینەوەی ۲۷۰۰ تۆن نیتراتی ئامونیۆم بوو کە بەشێوەیەکی نەشیاو لە بەندەری سەرەکیی بەیرووت پاشەکەوت کرابوو. بەڵام ئەو ماکە کیمیاییە چییە و چۆن دەتوانێت تەقینەوەیەکی ئاوەها بەهێز ساز بکات؟
نیتراتی ئامونیۆم ماکێکی کریستاڵی سپییە کە NH₄NO₃ فرمووڵی کیمیاییەکەیەتی چەشنێک خوێی کیمیاییە کە لە ئامونیا و ئەسید نیتریک ساز دەبێت و بەشێوەیەکی بەربڵاو بۆ سازکردنی کۆدی کیمیایی بۆ کشتوکاڵ کەڵکی لێ وەردەگیرێت و بە شێوەی حەب یا دەنکۆڵەی بچووکی کونبێژ بەرهەم دێت. نیتراتی ئامونیۆم هەروەها لە کانگەکان بە تێکەڵکردنی ڕۆنی سووتەمەنی بۆ کاری تەقاندنەوە کەڵکی لێ وەردەگیرێت. ئەو ماکە کە لە ڕابردوودا بۆ سازکردنی تەقەمەنی و چەکی بەهێز وەک داینامیتی ئامونیایی کەڵکی لێ وەردەگیرا ماکێکی تەقەمەنیی بەهێزە.

ئامونیۆم نیترات بەتەنیا و لەخۆوە ناسووتێت و زۆرتر وەک سەرچاوەیەکی ئاکسیجنی زۆر بۆ بەگڕکردنی سووتانی سووتەمەنیی ترە. ئەگەر ئەو ماکە بە ڕێکوپێکی هەڵگیرێت و چاودێری بکرێت زۆر ئەستەمە بتەقێتەوە و بۆ تەقینەوەی لە پاشەکەوتدا پێویستە کۆمەڵێک هەڵەی نەخوازراو بکرێت و وادیارە ئەو هەڵانە لە بەیرووتیش ڕوویان داوە. لە ڕاستیدا ئەگەر ئەو ماکە لە دەفری بە تیرەی ژێر ۱m3 هەڵگیرێت ئەگەری تەقینەوەی نییە، بەڵام ئەگەر لە کۆگایەکی گەورەدا هەڵگیرابێت کە تیرەی قەیرانی خۆی تێپەڕاندبێت دەتوانێت لەخۆوە بتەقێتەوە. هێزی تەقینەوەی ماکەکان بەپێی چڕی بەرز دەبێتەوە و تەقینەوەی سووتەمەنییەکی خۆگر دەتوانێت زۆر بەهێزتر بێت لە تەقینەوەی ماکێکی تراو.
ئامونیۆم نیترات، ئاکسیجن بەڕادەیەکی زۆر چڕتر لە هەوای ئاسایی ساز دەکات و هەر ئەو دیاردەیەش توانایی تەقینەوە بۆ ئەو ماکە و سووتەمەنییەک کە لە پەنایەوە دەسووتێت ساز دەکات. هەرچەند لە تینی زۆر بەرزدا ئامونیۆم نیترات بەتەنیایی زۆر بەخێرایی شی دەبێتەوە و گازگەلێکی وەک ئۆکسیدەکانی ئەزۆت و هەڵماو بەرهەم دێنێت. بڵاوبوونەوەی خێرایی ئەو گازانەش دەتوانێت بۆ خۆی ببێتە هۆی تەقینەوە.
2NH4NO3 → 2N2 + O2 + 4H2O

ئامادەکردن:
فاڕووق ئەحمەدی

سەرچاوە:
I. https://www.scientificamerican.com/article/what-is-ammonium-nitrate-the-chemical-that-exploded-in-beirut/
II. https://www.sciencemediacentre.org/expert-reaction-to-beirut-explosion/
III. https://www.britannica.com/science/ammonium-nitrate

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button