بابەتزانستە بنەماییەکان

بۆچی ئاسمانی شین لە کاتی ڕۆژئاوابووندا سوور دەبێت؟

ڕەنگی خۆر سپییە، واتە هەڵگری هەموو ڕەنگەکانی ناو پەلکەزێڕینەیە. بەڵام چ ڕوو دەدات کە ئەم ڕەنگە سپییە، دەبێتە هۆی زەردبوونی خۆر و شینیی ئاسمان و سووریی خۆرئاوا؟

هەموو ئەم گۆڕانکارییانە لە بەرگەھەوای زەویدا ڕوودەدات. لە بەرگەهەوادا تەنۆلکەی زۆر زۆر ورد هەیە. ئەم تەنۆلکانە تەنانەت لە درێژیی شەپۆلی ڕووناکیش بچکۆلەترن!
لە ڕووناکیی دیاردا، ڕەنگی سوور درێژیی شەپۆلەکەی زۆر لە ڕەنگی شین درێژترە. تەنۆلکە زۆر وردەکان بەپێی یاسای ڕەیلی، تیشکی ڕووناکی بڵاو دەکەنەوە. بەپێی یاسای ڕەیلی، هەرچی درێژیی شەپۆل کورتتر بێت، بڵاوبوونەوەی زیاترە. بۆ نموونە، ئەگەر درێژیی شەپۆلی ڕەنگی سوور دوو هێندەی ڕەنگی شین بێت، بەپێی ئەم یاسایە، تیشکە شینەکە ١٦ جار زیاتر لە تیشکە سوورەکە بڵاو دەبێتەوە.

کاتێک تیشکی سپیی خۆر لە بەرگەرھەوا تێپەڕ دەبێت، ڕەنگە شینەکەی زۆر زیاتر بڵاو دەبێتەوە و هەر بۆیە ئاسمان شین دەردەکەوێت. خودی خۆریش بە هۆی ئەوەی کە بەشێک لە تیشکە شینەکەی پرژوبڵاو بووەتەوە، زەرد دەردەکەوێت. لە کاتی ڕۆژئاوابووندا، چونکە تیشکی خۆر لە بەرگەهەوایەکی زیاتر تێپەڕ دەبێت و زۆرینەی ڕەنگی شین و تەنانەت شەپۆلە درێژترەکانیشی بڵاو دەبێتەوە، ڕەنگی ئاسمان و خۆر دەبێت بە مەیلەو سوور.

 

ئەی ئایا دەزانن بۆ هەور سپییە و ئاسمانی تەپوتۆزاوی زەرد؟

ئامادەکردن: ئاسۆ ڕەحیمزادەگان، خوێندکاری دکتۆرای فیزیکی ڕووناکی

وشەکان:
Reyleigh scattering بڵاوبوونەوەی ڕەیلی
Wave length درێژیی شەپۆل
Atmosphere بەرگەهەوا
Visible light ڕووناکیی دیار
Rainbow پەلکەزێڕینە

سەرچاوە
C. Bohren & D. Huffman, John Wiley & Sons 1983

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button