بابەتتەندروستی

یەکەم گورچیلەی دەستکرد

یەکەم گورچیلەی دەستکرد، مرۆڤ لە دیالیز ڕزگار دەکات

ئەم سەرکەوتنە خەڵاتێکی ٦٥٠ هەزار دۆلاریی لە KidneyX وەرگرت. بە وتەی kidney.org نەخۆشییەکانی گورچیله، زۆرتر لە شێرپەنجەی مەمک یا شێرپەنجەی پرۆستات دەبنە هۆی مەرگ. بەراورد کراوە کە ٣٧ ملیۆن ئەمریکی یان ١٥%ی گەورەساڵانی ئەمریکا تووشی نەخۆشییەکانی گورچیله ببن؛ زۆرتر لە ١ کەس لە هەر ٧ گەورەساڵ. گەرچی چاندنەوەی گورچیله چارەیەکی باشه بۆ ئەم نەخۆشییە بەڵام داواکارییەکی لە ڕادەبەدەری لەسەرە. هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە کە لەش ئەم گورچیلە چێنراوە وەرنەگرێت و لە خۆی بکاتەوە. دیالیز ڕێگەیەکی بەردەسته بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم گرفته بەڵام تێچووی بۆ نەخۆشەکان یەکجار زۆرە و دژوار و ماندووکەرە.

به هاوکاریی وەزارەتی تەندروستیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (HHS) و ڕێکخراوەی نێفرۆلۆجیی ئەمریکا (ASN)، زانستوانانی زانستگەی کالیفۆرنیا لە شاری سەن فرانسیسکۆ، ڕێگەیەکی نوێیان بۆ ئەم گرفته دۆزیوەتەوە. ئەم داهێنانه کە بە Kidney Project ناسراوه، گورچیلەیەکی دەستکرده کە لە لەشی مرۆڤ دەچێنرێت. دوای سەرکەوتن لە تاقیکارییەکان، ڕێکخراوەی KidneyX خەڵاتێکی ٦٥٠ هەزار دۆلاریی پێشکەشی داهێنەرانی ئەم گورچیلەیە کرد. ڕۆی، یەکێک له زانستوانانی زانستگەی پزیشکیی کالیفۆرنیا دەڵێت: “نەخۆشەکان دوای چاندنی گورچیلەی دەستکرد، دەتوانن بە ئازادی بگەڕێن و لەچاو دیالیز ئاکامێکی باشتر وەربگرن”. ئەوەیش بەو مانایەیە که ئەو کەسە چیتر پێویستی به دیالیزێکی سەغڵەت و بێزارکەر نییه. ئەم گورچیلەیە هەروەها لەگەڵ سیستمی بەرگریی لەش دەحەوێتەوە و پێویست ناکات دوای نەشتەرگەری، دەرمانی سەرکوتکەری سیستمی بەرگری بدرێت بە نەخۆش تاکوو لەش ئەم گورچیلەیە له خۆی نەکاتەوە.

وەرگێڕ: کەریم بایرامی

پێداچوونەوەی زمانی: محەمەد محەمەدی

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button