بابەتتەکنەلۆجیا

ناسا هۆشداری دا: سەتەلایتەکانی ستارلینک، بەر چاومان بەرەو دنیای دەرەوە دەگرن!

ناسا ڕایگەیاند زۆربوونی سەتەلایتەکانی ستارلینکی سپەیس ئێکس، دەسەڵاتی مرۆڤ بۆ دۆزینەوە و لادانی کارەساتێک کە لە ئاسمانەوە بۆمان دێت کەم دەکاتەوە.
سپەیس ئێکس دەیهەوێت نزیکەی ٣٠٠٠٠ سەتەلایتی ستارلینک بەرەو بۆشایی ئاسمان بنێرێت. ئەم سەتەلایتانه بە مانگانه ٥٠٠ دۆلار، ئەنتەرنێت دەدەن به کڕیاران. ئەم ژمارە سەتەلایتەش بە هاژەکەکانی کۆمپانیای سپەیس ئێکس دەگەنە بۆشایی ئاسمان.
بەڵام ناسا هەڵوێستێکی پێچەوانەی هەیە. ئەوان دەڵێن ئەم کارە دەبێته هۆی قەرەباڵغبوونی سووڕگەی زەوی.
ناسا بە هاوکاریی وەزارەتی بەرگری خەریکی تاوتوێی ٢٥٠٠٠ ئامرازە کە لە بۆشایی ئاسماندا ماونەتەوە، وەکوو وێستگەی نێونەتەوەیی، تەلەسکۆپی هابڵ، هەزاران سەتەلایت کە خەریکن بە دەوری زەویدا دەخولێنەوە و ژمارەیەکی زۆر زبڵ و پاشماوە. ئەگەر سپەیس ئێکس سەتەلایتەکانی خۆی بەڕێ بکات، ئەو ڕێژەیە دوو قات دەبێتەوە.
دۆناڵد کێسلێر، زانستوانی پێشووی ناسا، ساڵێک لەوە پێش بە گۆڤاری ساینتیفیک ئەمەریکەنی گوت: تەنانەت ئەگەر هیچ سەتەلایتێکی دیکەش زیاد نەکرێت، هەر ئێستاش ڕێژەی زبڵ لە بۆشایی ئاسماندا لە ئاستی سەرەوەی خۆی تێپەڕیوە.
مەترسیی پێکدادان:
سپەیس ئێکس دەڵێت سەتەلایتەکانی بە جۆرێک دەگەڕێن کە خۆ بە هیچ ئامرازێکی دیکە لە بۆشایی ئاسماندا نەدەن، بەڵام ناسا ئەوە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت سووڕگەی زەوی بە بەرنامەی سپەیس ئێکس ئەوەندە قەرەباڵغ دەبێت کە ئەگەری پێکدادانی ئامرازەکان بە هیچ شێوەیەک ناگاته سیفر.
بەپێی لێکۆڵینەوەی هیو لوویس لە زانستگەی ساوسهامپتۆن، تەنیا لە مانگی ژوەنی ساڵی ٢٠٢١دا، نزیکەی ١٦٣٠ حاڵەت تۆمار کراون کە سەتەلایتەکانی سپەیس ئێکس بە مەودای کەمتر لە یەک کیلۆمەتر نزیک به ئامرازەکانی دیکە تێپەڕیون.
ناسا دەڵێت سووڕگەی خولانەوەی سەتەلایتەکانی ستارلینک بە مەودایەکی زۆر کەمەوە لە ژێر وێستگەی نێونەتەوەییە و ئەگەری پێکدادان بەو سەتەلایتانە کە کەرستە و مرۆڤ بۆ وێستگە دەبەن یەکجار زۆره.
دیسەمبەری پارەکەش، چین ڕایگەیاند ٢ سەتەلایتی ستارلینک خۆیان بە وێستگەکەی ئەواندا -کە لە بەرزایی ٥٥٥ کیلۆمەتریدایە- داوه.
بەر چاومان دەگرێت:
هەر چەشنە سەتەلایت و ئامرازێک لە بۆشایی ئاسماندا، بەر چاومان بەرەو دنیای دەرەوەی زەوی دەگرێت. ئەوەش بۆ لێکۆڵینەوەکانی بۆشایی ئاسمان، زەوی و هەسارەکانی دیکە گرفت پێک دێنێت.
بڕیار وایە نزیکەی ٣٠%ی سەتەلایتەکانی ستارلینک لە سەرەوەی سووڕگەی تەلەسکۆپی هابڵ بخولێنەوە. تەلەسکۆپی هابڵ لە بەرزایی ٥٣٥ کیلۆمەتریدایە و بە دەوری زەویدا دەخولێتەوە. هەر ئێستاش سەتەلایتەکان، بەر بە ٨%ی وێنەکانی هابڵ دەگرن. زیادکردنی ١٠٠٠٠ سەتەلایتی دیکە لە سەرەوەی هابڵ، ئەم ڕێژەیە دەگەیەنێت به ١٦%.
سەتەلایتەکانی هەواناسی لە سووڕگەیەکی بەرزتردان و هەر ٣٠٠٠٠ سەتەلایتی ستارلینک دەکەونە نێوان ئەوان و زەوی. ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە له کۆکردنەوەی زانیاری بۆ پێشبینیی ئاووهەوا و ڕووداوەکانی سروشتی تووشی هەڵە ببن.

سووڕگه Orbit
هاژەک Rocket
Donald Kessler

وەرگێڕ: کەریم بایرامی
چاودێری زمانی: محەمەد محەمەدی

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button