بابەتزانستە بنەماییەکان

بەکتریاکان پاشماوەکانی دیۆکسایدی کاربۆن دەکەنە ماددەگەلی کیمیاییی بەنرخ

بەکتریاکان بە بۆنەی داشکاندنی لاکتۆز بۆ سازکردنی ماست ناسراون. ئێستا توێژەران لە زانکۆی “نۆڕس وێستڕن” و زانکۆی “لانزا تێک” لە بەکتریاکان بۆ داشکاندنی دیۆکسایدی کاربۆن بۆ سازکردنی ماددەی کیمیاییی پیشەییی بەنرخ کەڵک وەردەگرن.

لە لێکۆڵینەوەیەکی سەرەتاییدا، توێژەران وەچەیەکی نوێی بەکتریایان هەڵبژاردووە و ئەندازیاری و باشینەیان کردووە (هەژیکردن) و پاشان سەرکەوتووانە توانایی ئەویان بۆ گۆڕینی دیۆکسایدی کاربۆن بۆ ئەسێتۆن و ئایزۆپڕۆپانۆڵ نیشان داوە.

پێواژۆی هەوێنیی (مەیینی) گازەکان نەتەنیا گازە گوڵخانەیییەکان لە بەرگەهەوا دەسڕێتەوە، بەڵکوو بەرگری لە کەڵکوەرگرتن لە سووتەمەنییە بەردینەییگەلێکیش (فۆسیلی) دەکات کە بۆ بەرهەمهێنانی ئەسێتۆن و ئایزۆپڕۆپانۆڵ پێویستن.

تیمەکە پاش لێکدانەوەی سووڕی ژیان، زانیویانە کە ئەگەر بە شێوەی بەربڵاو کەڵکی لێ وەربگیرێت، کۆستەی کاربۆنی نەرێنی لەچاو پێواژۆ ئاسایییەکان دەتوانێت تا ١٦٠٪ زیاتر لە بڵاوبوونەوەی گازە گوڵخانەیییەکان پێشگری بکات.

ئەم لێکۆڵینەوەیە ڕۆژی ٢١ فێبریوەری لە گۆڤاری “بایۆتەکنۆلۆژی نەیچر”دا بڵاو بووەتەوە.

ماددەگەلی کۆستە و هەڵڕژاوی پیشەییی پێویست وەک ئەسێتۆن و ئایزۆپڕۆپانۆڵ بە بازاڕێکی جیهانیی زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلارەوە تا ڕادەیەک لە هەر شوێنێک دێنە بەرچاو.

ئایزۆپڕۆپانۆڵ کە بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک دژەگەن و بۆگەنسڕەوەیەک کەڵکی لێ وەردەگیرێت، یەکێک لەو دوو خاوێنکەرەوە پێشنیازکراوەکان لەلایەن ناوەندی تەندروستیی جیهانییەوەیە کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لە کوشتنی ڤایرۆسی کۆرۆنادا هەیە.

ئەسێتۆن ئاوێتەنێکی بەهێز بۆ زۆرێک لە پلاستیکەکان و ڕیشاڵە دەستکردەکان، ڕەزینگەلی پۆلیێستێر، کەرەستەگەلی خاوێنکاری و پاککەرەوەکانی ورشەی نینۆکە.

هەرچەند ئەم ماددە کیمیایییانە زۆر بەکەڵکن، بەڵام لە سەرچاوە بەردینەیییەکان بەرهەم دێن کە دەبنە هۆکاری بڵاوبوونەوەی دیۆکسایدی کاربۆن لە هەوادا.

توێژەران بۆ بەرهەمهێنانی ئەم ماددە کیمیایییانە، پێواژۆیەکی نوێی مەیینیی (هەوێنی) گازییان داڕشتووە.
ئەوان بە “کلۆستریدیوم ئاوتۆئێتانۆژێنیوم” کە بەکتریایەکی بێهەواژییە و لە “لانزا تێک” ئەندازیاری کراوە، دەستیان پێ کردووە. پاشان بە کەرەستەی بایۆلۆژیی دەستکرد بەکتریومەکەیان بۆ مەیینیی دیۆکسایدی کاربۆن و بەرهەمهێنانی ئەسێتۆن و ئایزۆپڕۆپانۆڵ داڕشتووەتەوە.

ئەم پێواژۆیە هیوایەکی گەورەیە بۆ پێشگری لە بەشێک لەو گازە گوڵخانەیییانەی لە ئێستاکەدا بڵاو دەبنەوە و بە لێکۆڵینەوەی زیاتر دەتوانرێت بە شێوەی پیشەیی بۆ بەرهەمهێنانی ماددە کیمیایییە بەنرخەکانی دیکە کەڵکی لێ وەربگیرێت.

Bacteria: بەکتریا
lactose: لاکتۆز
optimized: باشینەکردن (هەژیکردن)
strain: وەچە
acetone: ئەسێتۆن
isopropanol (IPA): ئایزۆپڕۆپانۆڵ
gas fermentation process: پێواژۆی هەوێنیی (مەیینی) گازەکان
life-cycle analysis: لێکدانەوەی سووڕی ژیان
carbon-negative platform: پلاتفۆڕمی (کۆستەی) کاربۆنی نەرێنی
solvent: ئاوێتەن
disinfectant: دژەگەن
antiseptic: بۆگەنسڕەوە
sanitizer: خاوێنکەرەوە
synthetic fiber: ڕیشاڵی دەستکرد
polyester resin: ڕەزینی پۆلیێستێر
Clostridium autoethanogenum: کلۆستریدیوم ئاوتۆئێتانۆژێنیوم
anaerobic bacterium: بەکتریای بێهەواژی

وەرگێڕان: فاڕووق ئەحمەدی
چاودێری زمانی: حەسەن مووسازادە

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button