ئێوە پرسیتانزانستە بنەماییەکان

ئێوە پرسیتان! پرسیار کراوە: مانگی ئێواران بۆچی گەورەتر لە مانگی نیوەشەو دیارە؟

بۆچی مانگ، کاتی هەڵهاتن یان ئاوابوون، زۆر گەورە دەردەکەوێت؟ ئێوارەی شەوی مانگی چواردە بڕۆ دەرەوە و شوێنێکی باش بدۆزەرەوە بۆ ئەوەی سەیری هەڵهاتنی مانگ بکەیت. کاتێک لە نزیک ئاسۆوە چاو لە مانگ دەکەیت، زۆر گەورە دەردەکەوێت. بەڵام ئەوە تەنیا لە مێشکی تۆدایە. لە ڕاستیدا، گەورەیی ڕواڵەتی مانگ وەهمە و پەیوەندی بە کاریگەریی بەرگەهەوا، ئەندازە (هەندەسە) یان فیزیک نییە. “وەهمی مانگ” ناوی ئەو فێڵەیە کە مێشک لێمان دەکات. وێنەکان دەیسەلمێنن کە پانایی مانگ کاتێک کە لە نزیک ئاسۆدایە و کاتێک لە بەرزایی ئاسماندایە یەکێکە . لەحاڵێکدا ئێمە وا هەست دەکەین کە مانگی نزیک لە ئاسۆ گەورەترە. ئەمە هۆکارەکەی دەگەڕیتەوە بۆ شێوازی پێواژۆکردنی زانیارییەکان لە مێشکماندا. واتە ئەو شتانەی کە ئەبینرێن، وەکوو زانیاریەک بە مێشک دەگەن و لە مێشکماندا پێواژۆ دەکرێن بەڵام لەکاتی پێواژۆکردنی ئەو زانیارییانە هەڵەیەک ڕوو دەدات کە دەبێتە هۆی گەورە دیتنی مانگی نزیک لە ئاسۆ. ئەگەرچی هەزاران ساڵە کە مرۆڤ ئاگاداری ئەو وەهمەیە، هێشتا ڕوونکردنەوەیەکی زانستی بۆ ئەم دیاردەیە نەدۆزراوەتەوە!

وێنەی ژمارە ١. مەودای نێوان چاودێر (لە ناوەندی هێڵی ئاسۆیی) و مانگ لە هەموو بەرزاییەکی مانگدا یەکسانە (بازنە سپییەکان). بەڵام هەرچی بەرزایی مانگ زیاتر دەبێت، بچووکتر دێتە بەرچاو .

چۆن وەهمی مانگ بسەلمێنین؟

باسکت بەرەو مانگ درێژ بکەوە و پەنجەی ئاماژەت بەرز بکەوە. بۆت دەردەکەوێت کە نینۆکت و مانگ نزیکەی یەک قەبارەن. یان هەوڵ بدە لە ڕێگەی کاغەزێکی لوولکراوەوە سەیری مانگ بکەیت. یان بچەمەوە و لەنێوان قاچەکانتەوە سەیری دواوە بکە کە مانگ ببینی؛ زانست شەرمی ناوێت! کاتێک بەم شێوەیە سەیری دەکەیت، مانگ لە هیچ شوێنێکدا ئەوەندە گەورە نانوێنێت کە پێشتر دیار بوو. ڕێگەیەکی وردبینانەتری دیکە بۆ پشکنینی قەبارەی مانگ ئەوەیە کە وێنەیەک لە مانگ بگریت کاتێک کە لە ئاسۆ نزیکە و کاتێکی دیکەش کە لە ئاسماندا بەرزە. ئەگەر گەورەنوێنیی کامێراکەت لە هەردوو حاڵەتەکەدا وەک یەک بهێڵیتەوە، بۆت دەردەکەوێت کە مانگ لە هەردوو وێنەکەدا پاناییەکی یەکسانی هەیە. لە ڕاستیدا، ڕەنگە کاتی نزیکبوون لە ئاسۆ، شێوازی مانگ کەمێک لە باری پاناییدا تێکبچێت. ئەمەش دەرئەنجامی ئەوەیە کە بەرگەهەوا وەک نیسکۆکێکی لاواز کار دەکات و دەبێتە هۆی شکانەوەی تیشکی ڕووناکی.

وێنەگرەکان دەتوانن “وەهمی مانگ”، بە گرتنی وێنەی مانگ لە ئاستێکی نزم لە ئاسۆدا، لەپاڵ بینا، شاخ، یان دار لە چوارچێوەی وێنەکەدا و بە بەکارهێنانی نیسکۆک درێژ، ھاوشێوە بکەن. بۆیە، لەبیرت بێت کاتێک وێنەیەکی سەرسووڕهێنەر دەبینیت کە مانگێکی زەبەلاح لە سەرووی دیمەنەکەوە نیشان دەدات: ئەو وێنانە بە یارمەتیی گەورەنوێنی لەسەر شتە دوورەکان کە لە نزیکی زەویدان، دروست کراون. بە واتایەکی تر مانگ لەو وێنانەدا گەورەتر دەردەکەوێت چونکە دیمەنێکی گەورەنوێنراوە.

وێنەی ژمارە ٢. لەم وێنەدا دوو دیمەن لە مانگ دەبینن کە لە ٩ی حوزەیرانی ٢٠١٧ گیراون. ئەوەی کە ڕەنگی پرتەقاڵییە و لە لای چەپی خوارەوەیە، لە کاتژمێر ٨:٣٠ی ئێوارە گیراوە. ئەوەی ڕەنگی خۆڵەمێشییە و لە لای چەپی سەرەوە دانراوە لە کاتژمێری ٩:٣٠ شەو گیراوە. ئەوەیتر لە لای ڕاستی خوارەوە دانراوە دووپاتکراوەی هەمان دیمەنی کاتژمێر ٩:٣٠ە و بۆ هەڵسەنگاندنی قەبارەی مانگ لە دوو باری پانی و بەرزی لە دوو شوێن لەسەر وێنەکە دانراوە. هێڵە سەوزەکان نیشان دەدەن کە پانایی مانگ لە هەر دوو کاتی ٨:٣٠ و ٩:٣٠ی ئێوارە یەکسانە. ئەگەرچی بەرزاییەکەی جیاوازە و شێوازی مانگی پرتەقاڵیی نزیکی ئاسۆ تۆزێک تێکدەچێت. ئەوەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شکانەوەی ڕووناکی لەلایەن بەرگەهەوای زەوییەوە.

وەهمی مانگ

وێنەگرەکان دەتوانن “وەهمی مانگ”، بە گرتنی وێنەی مانگ لە ئاستێکی نزم لە ئاسۆدا، لەپاڵ بینا، شاخ، یان دار لە چوارچێوەی وێنەکەدا و بە بەکارهێنانی نیسکۆک درێژ، ھاوشێوە بکەن. بۆیە، لەبیرت بێت کاتێک وێنەیەکی سەرسووڕهێنەر دەبینیت کە مانگێکی زەبەلاح لە سەرووی دیمەنەکەوە نیشان دەدات: ئەو وێنانە بە یارمەتیی گەورەنوێنی لەسەر شتە دوورەکان کە لە نزیکی زەویدان، دروست کراون. بە واتایەکی تر مانگ لەو وێنانەدا گەورەتر دەردەکەوێت چونکە دیمەنێکی گەورەنوێنراوە.

مانگ بەڕاستی لە نزیکی ئاسۆدا زیاتر زەرد دەردەکەوێت

لە ڕاستیدا نازانین! سەرەڕای ئەوەی کە خەڵک هەزاران ساڵە چاودێری ئەم وەهمە دەکەن، بەڵام هێشتا ڕوونکردنەوەیەکی زانستیمان بۆی نییە. بەگشتی، ڕوونکردنەوە پێشنیارکراوەکان پەیوەندییان بە یەک دوو بابەتی سەرەکییەوە هەیە کە چۆن لە ڕێگەی دیتن هەست بە جیهان دەکەین: مێشکمان چۆن هەست بە قەبارەی شتەکان دەکات کاتێک کە لێمان نزیکتر یان دوورترن، و شتەکان چەندە دوور مەزەنە دەکرێن کاتێک کە لە ئاسۆ نزیک دەبنەوە. وا دیارە مێشکمان نازانێت کە مەودای مانگ لە شەوێکی دیاریکراودا، لە هەر شوێنێکی ئاسماندا بێت، ئەوەندە ناگۆڕێت.

تووڵە ئاسۆییەکان

وێنەی ژمارە ٣. وەهمی پۆنزۆ: وا پێدەچێت کە تووڵە ئاسۆییەکان قەبارەیان جیاوازە، لە‌‌حاڵێکدا یەکسانن (سەرچاوە: ویکیپیدیا).

هەروەها هەندێک وا بیر دەکەنەوە کە ئەو شتانەش کە لە پێشەوەی دیمەنی مانگدان ڕۆڵ دەگێڕن. ڕەنگە دار و شاخ و باڵەخانەکان  فێڵ لە مێشکمان بکەن کە وا بیر بکەینەوە کە مانگ، لەوەی کە هەیە، هەم نزیکترە و هەم گەورەترە. کاریگەرییەک هەیە بە ناوی “وەهمی پۆنزۆ”، کە سەدەیەک لەمەوبەر دۆزرایەوە و باس لە چۆنییەتی کارکردنی ئەم شتە دەکات. لەم وەهمەدا، دیمەنێکت هەیە کە تێیدا دوو هێڵ کۆدەبنەوە، وەک هێڵی قەتار کە بەرەو دوورتر درێژ دەبنەوە (وێنەی ژمارە ٣). لەسەر ئەم هێڵانە دوو تووڵی ئاسۆیی بە درێژی یەکسان کێشراون.

جێگەی سەرسوڕمانە کە وا پێدەچێت کە تووڵە ئاسۆییەکان قەبارەیان جیاوازە. هۆکارەکەشی تێگەییشتن و فێربوونی مێشکی ئێمە لە چۆنییەتی کارکردنی مەودایە، کە ناچارمان دەکات بەم شێوەیە هەستی پێبکەین. ئەم کاریگەرییە پەیوەندی بە چۆنیەتی کارکردنی “لادیمەنی زۆرەکی” لە تابلۆکانەوە هەیە (وێنەی ژمارە ۴). بەڵام ئەمەش ڕوونکردنەوەیەکی تەواو نییە. چوونکە، کەشتیوانەکانی ناساش لە بۆشایی ئاسماندا “وەهمی مانگ” دەبینن، لە حاڵێکدا هیچ شتێکیان لە پێشەوەدا نییە کە ئاماژە بە دووری مانگ بکات. کەواتە، پێدەچێت کە هۆکارەکەی شتێک زیاتر لەمانە بێت.

لادیمەنی زۆرەکی

وێنەی ژمارە۴. لادیمەنی زۆرەکی: وادێتە بەرچاو کە خۆر لە دەستی ئەو کەسەدایە.

١. Zoom: گەورەنوێنی

٢. Lens: نیسکۆک

٣. Ponzo Illusion: وەهمی پۆنزۆ

٤. Forced Perspective: لادیمەنی زۆرەکی

نووسەر: پەریسا خاتریدەرچووی دکتۆرای فیزیکی پزیشکی

سەرچاوەکان:

https://solarsystem.nasa.gov/news/1191/the-moon-illusion-why-does-the-moon-look-so-big-sometimes/#:~:text=The%20Moon%20illusion%20is%20the,our%20brains%20process%20visual%20information

https://moon.nasa.gov/news/33/the-moon-illusion/

https://moon.nasa.gov/observe-the-moon-old/why-does-the-moon-look-so-big-when-it-rises/

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button