ئابووریبابەت

بەرهەمهێنان تاقە ڕێگەی وڵاتە هەژارەکان بۆ پەرەپێدان نییە.

پیشەییبوون بە سەرەکیترین ڕێگەی وڵاتە هەژارەکان بۆ پەرەسەندن دانراوە. زۆر کەس بڕوایان وایە کە وڵاتە هەژارەکان بۆ پەرەپێدانێکی سەرکەوتوو یان دروستکردنی سامان و بەرهەمێکی زیاتر، دەبێت دامەزراندنی هێزی مرۆیی لە کشتوکاڵەوە بگوازنەوە بۆ بەرهەمهێنان.

مێژوو دەیسەلمێنێت کە ئەمە بە گشتی ڕاستە: ئەمریکا و وڵاتە پەرەسەندووەکانی تر لە ماوەی شۆڕشی پیشەییدا، لە کشتوکاڵەوە بەرەو بەرهەمهێنان رۆیشتن. ئەمەش بوو بە هۆی زۆربوونی بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەت، سەرمایەگوزاریی جێگیر و تەنانەت گەشەی ژمارەی دانیشتووان.

بەشێکی زۆر لە توێژینەوە ئابوورییەکان بەمە گەیشتوون کە جیاوازیی نێوان وەبەرهێنەریی هێزی کار، کلیلی ڕوونکردنەوەی جیاوازیی زۆری نێوان ستانداردەکانی ژیان لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان و وڵاتە هەژارەکانە.

گواستنەوەی هێزی کار بۆ بەرهەمهێنان لەلایەن زۆرێک لە ئابووریزانەکانەوە وەکوو سەرچاوەیەکی گرنگی گەشەی گشتی لە وەبەرهێنەریی هێزی کاردا سەیر کراوە. ئەم گواستنەوەیە هەروەها ڕێگە بە وڵاتە هەژارەکان دەدات جیاوازیی نێوان وەبەرهێنەریی هێزی کاری خۆیان و وڵاتە دەوڵەمەندەکان کەم بکەنەوە.

ئەگەرچی وتارێکی نوێی ڕیچارد ڕۆجەرسۆن، چارلز و ماری ڕۆبەرتسۆن، پڕۆفیسۆری کاروباری گشتی و نێونەتەوەیی و هەندێک کەسی تر ڕاستیی ئەم بۆچوونە بۆ وڵاتە هەژارترەکانی ئەمڕۆ دەخاتە ژێر پرسیار.

پاش دروستکردنی کۆمەڵەدراوەیەک لە ئاستی وەبەرهێنەریی هێزی کاری لەبەراوردهاتوو بۆ کشتوکاڵ و بەرهەمهێنان، بۆیان دەرکەوت کە جیاوازیی نێوان وەبەرهێنەریی وڵاتە دەوڵەمەندەکان و وڵاتە هەژارەکان لە کەرتی بەرهەمهێناندا لە جیاوازیی نێوان وەبەرهێنەریی گشتی زۆرترە. ئەوان ٦٤ وڵاتی هەژاریان لە ماوەی ساڵی ١٩٩٠ تا ٢٠١٨ چاو لێ کردبوو.

ئەنجامەکان:
لە کاتێکدا کە گواستنەوەی کرێکارەکان لە کشتوکاڵەوە گرنگە، هیچ شتێکی تایبەت سەبارەت بە گواستنەوەیان بۆ بەشی بەرهەمهێنان نییە. ئەگەرچی توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە گواستنەوەی هێزی کار لە کشتوکاڵەوە بۆ بەرهەمهێنان دەبێتە هۆی هەندێک دەستکەوت، بەڵام ئەگەر گواستنەوەی هێزی کار بۆ کەرتەکانی تر وەکوو بازرگانی، گواستنەوە و خزمەتە کەسبوکارییەکان بووایە دەستکەوتەکان دەیانتوانی زۆرتر بن.

بۆ نموونە پەرەپێدانی خزمەت-ڕێبەر خەریکە بە ڕێژەیەکی ڕوولەزیادبوون پەرە دەستێنێت. ئەمەش دەبێتە هۆی دەستکەوتی زیاتر هەم لە وەبەرهێنەریدا و هەم لە دروستکردنی بەربڵاوی هەلی کار بۆ کرێکارە کەمتر شارەزاکان.
نموونە سەرکەوتووەکانی ئەمەش لە وڵاتانی خاوەنی داهاتی نێونج وەکوو کۆستاریکا و فیلیپیندا بینراوە کە بەپێی ڕاپۆرتێکی بانکی جیهانی، خزمەتە پرۆفێشناڵ و تەکنیکییەکان زیاتر لە نیوەی کۆی هەناردەکردنی خزمەتگوزاری پێک دەهێنن.

ڕۆجەرسۆن دەڵێت: “ئەنجامەکانمان بۆ وڵاتە هەژارەکانی وەکوو هیندوستانیش کە خەریکن پیشەییبوونەوە وەلا دەنێن و بەجێگەی ئەو خەریکن دەچنە ناو ئەو دۆخەوە کە لەوانەیە پێی بگوترێت پەرەپێدانی خزمەت-ڕێبەر، گونجاون. بە پێچەوانەی بڕوای خەڵک، ئەم وڵاتانە مەحکووم بەمە نین کە گەشەیەکی دڵساردکەرەوەیان لە وەبەرهێنەریدا هەبێت.”

وەرگێڕ: ئارمین شەریفی
چاودێری زمانی: موعین ئەحمەدی

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button