Close

ئایا ژیانی سەر زەوی لە بەردەسپاشەکانەوە هاتووە؟؟

هەر پێنج پاژی سەرەکی(زانیاریهەڵگڕ) ژیان دەتوانێت لە سپاشدا پێکبێت.

ژیان لەسەر زەوی لە هەندێک مولکولی پۆلیمەریی ناسراو بە دیۆکسی ڕیبۆنوکلیک ئەسید(دی. ئێن. ئێی) و ڕیبۆنوکلیک ئەسید(ئاڕ. ئێن. ئێی) ساز بووە. ئەو دوو کەرتە پێکهێنەرە ناو ئاخنی بنەمای گشت ئۆرگانیسمە زیندووەکانی سەر زەوین. هەروەها ئەو دووانەش لە پێنج پاژی زانیاریهەڵگڕن کە بریتین لە: نوکلیۆباسەکان کە خۆیان لە مولکولگەلی ئۆرگانیک(پورینەکان و پیریمیدنەکان) ساز بوون. بۆ چەندین دەیە، زانستوانان بەردەسپاشەکانیان بۆ دۆزینەوەی ئەو کەرتە پێکهێنەرانە دەکۆڵییەوە. تاکوو ئەمڕۆکە، ئەو هەوڵانە تەنیا توانیبوویان سێ دانە لەو پێنج نوکلێیۆباسانە لەسەر بەردەسپاشەکان بدۆزنەوە. بەڵام لە لێکدانەوەیەکی نوێدا کە بە پاڵپشتی ناسا لە زانکۆی هۆکایدۆی ژاپۆن بەڕێوەچووە ئەو دووەکەی تریش دۆزراوەتەوە. ئەو دۆزراوەیە دەتوانێت ئەو باسانە تەواو بکات، کە سەبارەت بە ئەوەن کە ئایا سەرچاوەی ژیان لە زەوی بووە یاخود بە هاتنی پێکهاتە بنەماییەکانی ژیان لەگەڵ بەردەسپاشێک بۆ زەوی دەستیپێکردووە(ناسراو بە پانسپێرمیا).
ئەو تاقمە توێژەرە کە پرۆفیسۆر یاسوهیرۆ ئۆبا ڕێبەرییان دەکات ماوەیەک لەمەوپێش ئەو وتارەکەی خۆیان لە گۆڤاری نەیچڕدا بڵاو کردووەتەوە.
پێنج دانە نوکلێیوباس کە دی. ئێن. ئێی و ئاڕ. ئێن. ئێی ساز دەکەن بریتین لە ئادێنین(A)، سیتۆسین(C)، گوانین(G)، تیمین(T) و یوراسیل(U)؛ کە جۆری A، G، C و T لە دی. ئێن. ئێیدا دەبینرێن و جۆرەکانی A، C، G و U لە ئاڕ ئێن ئێیدا. زانستوانان دڵنیا نین کە بۆ چی تاکوو ئێستا جۆرەکانی ترییان نەدۆزیوەتەوە.
هەر وەک چۆن ئۆبا لە چاوپێکەوتنەکەی ناسادا دەڵێت: ” پێم سەیرە کە بۆ چی پورینەکان و پیریمیدینەکان وەک دیتری پاژە هیدرۆکەربۆنییەکان و ئامینۆئەسیدەکان نین و لە بەردەسپاشە کەربۆنییەکاندا نەدۆزراونەوە. لە حاڵێکدا ئەو دوو پاژە لە پەرێزی دەرووزەویدا بە ئاسانی ساز دەکرێن و دەبووایە زۆر بە بەرفراوانی لە بەردەسپاشەکاندا بدۆزرێنەوە”.
بەپێی دۆزینەوەی ئۆبا و هاوکارەکانی هۆکاری نەدۆزرانەوەی ئەو دوو نوکلێیۆباسە (سیتۆسین و تیمین) ئەوەیە کە بە هۆی ناسکتر بوونی پێکهاتەکەیان پێش دەرکێشرانیان دەپڕووکێن. لە تاقیکارییە پێشووترکاندا نموونەگەلێکی بەردەسپاشیان لە فۆرمیک ئەسید گەرمدا ئاوێتە دەکرد تا بتوانن نوکلێیۆتیدەکان دەرکێشن و تاوتوێیان بکەن.
نووسەرێکی تری ئەو وتارە(دانی گڵاڤین) دەڵێت: ” ئەمڕۆکە ئێمە باش دەزانین پێش سەرهەڵدانی ژیان لەسەر زەوی، کۆمەڵێک نوکلێیۆباسەکان هەبوون. لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو تراوە دەرکێشراوە پێویستە چوون ناوئاخنی کۆمەڵێک مولکولی کەوناری ئۆگانیکییە کە دەتوانن سەرەداوێک بن بۆ بنچینەی ژیان لەسەر زەوی”.
هەرچەند گشت نوکلێیۆباسەکانی پێکهێنەری ژیان لەسەر زەوی دۆزرانەوە، بەڵام ئێستاش باسەکە کۆتایی نەهاتووە. ئێستاش زانستوانان ناتوانن بڵێن کە ژیان لە گۆمیلکەیەکی پێش-زیندەوەری سەری هەڵداوە یاخود بە یارمەتی مولکولە ئۆگانیکییەکانی سپاشەوە دەستی پێکردووە. بەڵام ئەو توێژینەوەیە بەشێکی تری ئەو گرفتەی چارەسەر کردووە. بۆ وێنە ئەو تاقمە ڕادەیەکی کەمی شەکرەکانو باسەکانی لە نموونەکەدا دۆزیوەتەوە و ئەوە پیشانمان دەدات کە مولکولە بنەماییەکانی ژیان زۆر بەرفراوانتر لە سپاشدا دەبینرێنەوە. ئەو وتارە بۆ توێژینەوەکانی داهاتوو دەتوانێت زۆر یارمەتیدەر بێت.

وشەکان:
Informational component:
پاژی زانیاریهەڵگڕ
Polymeric molecule: مولکولی پۆلیمەری
Deoxyribonucleic acid (DNA):
دیۆکسی ڕیبۆنوکلیک ئەسید(دی ئێن ئێی)
Ribonucleic acid (RNA):
ڕیبۆنوکلیک ئەسید(ئاڕ ئێن ئێی)
Building block: کەرتی پێکهێنەر
Organism: ئۆرگانیسم
Nucleobase: نوکلێیۆباس
Purine: پورین
Pyrimidine: پیریمیدین
Meteorite: بەردەسپاش
Hokkaido University: زانکۆی هۆکایدۆ
Compound: پاژ
Panspermia: پانسپێرمیا
Yasuhiro Oba: یاسوهیرۆ ئۆبا
Adenine: ئادێنین
Cytosine: سیتۆسین
Guanine: گوانین
Thymine: تیمین
Uracil: یوراسیل
Meteorite: بەردەسپاش
Carbonaceous meteorite:
بەردەسپاشی کەربۆنی
Amino acid: ئامینۆ ئەسید
Extraterrestrial: دەرووزەوی
Degrade: پرووکان
Formic acid: فۆرمیک ئەسید
Origin of life: بنچینەی ژیان
Prebiotic pond:
گۆمیلکەی پێش-زیندەوەری
Sugar: شەکر
Base: باس، تفت

وەرگێڕ: فاڕووق ئەحمەدی

سەرچاوە

Related Posts

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .