بابەتتەندروستی

پاراستنی تەندروستیی دەروون لە دۆخی قەیراندا

تەندروستیی دەروونی لە هەموو کاتێکدا گرنگە بەڵام ئەو کاتەی کارەساتێک وەک بوومەلەرزە، لافاو یان گۆڕانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی ڕوو دەدات، پاراستنی تەندروستیی دەروونی ئەستەمترە و پێویستە زۆرتر لەبەر چاو بگیرێت. زۆرترین نەخۆشییە دەروونییەکان لە کاتی دۆخی نالەبار و پڕ لە کارەساتدا بریتین لە تێکچوونی پاش زەبری دەروونی (PTSD)، تێکچوونی دەروون، خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، تووڕەیی، تێکچوونی خەو و بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری ئەڵکۆڵ. لەم وتارەدا هەوڵەکانی پێویست بۆ تێک نەچوونی تەندروستیی دەروون باس دەکرێت. پاراستنی بواری دەروونی (خۆڕاگرتن) بۆ بەرز ڕاگرتنی تەندروستیی دەروون هەر کەس شێوەی تایبەت بە خۆی ڕەچاو دەکات بەڵام بە گشتی وەرزش کردن و خەوی پێویست وەک دوو فاکتەری گرنگ دەبێت لەبەر چاو بگیرێت. هەروەها هەبوونی پەیوەندیی باش لەگەڵ هاوکاران و خەڵکی تر، ڕێژەی دڵەڕاوکێ دادەبەزێنێت و باشتر دەتوانین دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەین. هەموو ئەو کارانەی دەبێتە دووربوونەوە لە هەواڵی ناخۆش و حەسانەوەی بیر جێگەی سەرنجی کارناسانی تەندروستیی دەروونە. لە کاتی کارەساتدا سەردانی دەروونناس و دەروون پزیشک زیاد دەبێت کە پێویستە دەرمانەکان لەگەڵ کەسایەتیی مرۆڤ و چۆنیەتیی بواری کارەساتەکە بگونجێت. کاوێژ نەکردن یەکێک لە هۆیە گرنگەکانی ڕاگرتنی تەندروستیی دەروونی لە دۆخی قەیراندا بەرگری لە «کاوێژکردن»ە. کاوێژکردن لە ئاژەڵاندا واتا دووبارە جووینی ئەو خۆراکەی پێشتر خواردوویانە و قووتیان داوە. بە پێی فەرهەنگی هەنبانەبۆرینە، کاوێژ بریتییە لە زۆر دووپاتکردنەوەی قسە. کاوێژکردنی هەواڵەکان واتا پێداچوونەوەی ڕووداوەکان و شیکردنەوەی بەردەوامی ئەوان کە ئاسەواری خراپ لەسەر دەروون دادەنێت و پێویستە بەرگریی لێ بکرێت. کاوێژکردن وەک چەوساندنەوە و بەردەوام تێ فکرین لە باسێک ڕوو دەدات کە ژیان تۆشی ناخۆشی دەکات. خواردن، خواردنەوە و خەو تووشی زەحمەت دەکات و مرۆڤ بێ قەرار دەبێت و دڵەڕاوکێ دەگرێت. کاتێک کاوێژ لە مێشکمان دەست پێ دەکات، دەبێت بە زووترین کات خوڕاوکەی بیر بوەستێت و بۆ ئاقارێکی دیکە بچێت. لە دواییدا، خۆڕاگرتن و پاراستنی تەندروستیی دەروونی تەنیا هەوڵێکی تاکەکەسی نییە و پێویستە ئەرکی کۆمەڵگا و بنەماڵەکان لەبەر چاو بگیرێت. هەروەها، بۆ ئەوەی کە پێشنیارەکان بتوانن کاریگەر بن دەبێت دەروونپزیشکەکان، دەروونناسان، پزیشکەکانی خێزان و چالاکانی کۆمەڵگە و هەموو کەسانی شارەزا، هەوڵەکانی خۆیان بگوازنەوە بۆ پاراستنی تەندروستیی دەروونی تاک و جڤاک.

Somatization: گۆڕینی دۆخێکی دەروونی بۆ کۆنیشانەیەکی

لەشی یان فیزیکی وەک دڵتەنگی

Obsession: چەوساندنەوە

Crisis: کارەسات

Post- traumatic stress disorder: تەنگەشەی پاش زەبری دەروونی

Tolerance: خۆڕاگرتن

Rumination: کاوێژکردن

نووسەر: ئەمیر عەبدوڵڵاپوور کارناسی باڵای دەروونناسیی کلینیکاڵ و بەرپرسی بەشی دەروونیی گەورەساڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە مەهاباد

سەرچاوە

 

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button