بابەتتەندروستی

نیشانەکانی دڵەڕاوکێ

هەموومان بە هۆکاری جۆراوجۆر تووشی دڵەڕاوکێ دەبین.

زۆر جار دڵەڕاوکێ لەبەرامبەر دۆخێکی ڕاستەقینەیی وەکوو تووشبوون بە نەخۆشیی کۆرۆنا یان دۆخێکی خەیاڵیکراودا (وەکوو ئەوەیکە ئەگەر هەموو پارەکەمان لەدەست بدەین چ دەقەومێت؟) ڕوو دەدات. بەڵام پەرچە کردارەکان لە بەرامبەر ئەم دۆخانەدا درێژخایەن نین. ئەگەر نیگەرانی بەردەوام بوو و بۆ ماوەیەکی زۆر درێژەی هەبوو و توانای کۆنتڕۆڵکردنیمان نەما، وەکوو نەخۆشیی پۆلێن دەکرێت و دەبێت لەلای دەروونناس چارەسەری بکەین.

دڵەڕاوکێ دوو بەشی پێکهێنەری سەرەکی هەیە: نیگەرانی و دڵەخورپەی بەردەوام وەکوو ئەوەی بەردەوام چاوەڕوانی شتێکی خەراپ لە داهاتوودا دەکەین و هەروەها نیشانە جەستەییەکان.

نیشانە جەستەییەکانی پەیوەندیدار بە دڵەڕاوکێ بریتین لە: نائارامی و زووتێکچوون، کێشرانی ماسولکەکان و تێکچوونی خەو. بەڵام هەر وەکوو خەمۆکی، دڵەڕاوکێش لێکەوتەی لەسەر هەموو بەشەکانی لەش وەکوو دڵەکوتە، زرینگانەوەی گوێ و هتد دەبێت.

تووشبوون بە دڵەڕاوکێ لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا زیادی کردووە و ژنان تووشبوونیان بە زۆر هۆکاری جیاوازەوە زیاترە.

چۆن بزانین دڵەڕاوکێمان هەیە؟
دڵەڕاوکێ لەسەر جەستە و دەروون کاریگەری هەیە. ئەگەر نیگەرانیی لەڕادەبەدەر بۆ ماوەی بەردەوام تا شەش مانگ و هەروەها سێ دانە لە نیشانە جەستەییەکانی ژێرەوە مرۆڤ ئازار بدات، پێویستە سەردانی دەروونناس بکات.

نیشانەکان بریتین لە:
– نائارامی و زووتێکچوون
– شێوانی سەرنج و بیر
– زووهوروژان
– کێشرانی ماسولکەکان
– تێکچوونی خەو

بۆ هەست دەکەم دڵم خەریکە ڕابوەستێت؟
لە کاتی دڵەڕاوکێ و بەتایبەت لە هێرشی پانیکدا (ترسانی لەناکاو) نیگەرانیی زۆر، ماسولکەکان ماندوو دەکات و ئۆکسجینی زۆرتریان پێویستە بۆ ئەوەیکە جەستە چالاک ڕابگرن. هەر بەم هۆیەوە دڵ لە هێنان و بردنی خوێندا ماندوو دەبێت و تووشی دڵەکوتە دەبێت. دڵەکوتە وا لە دڵ دەکات کە بەخێرایی و بە گرمەگرم کوتە بکات. لە وەها دۆخێکدا هەناسەمان لێ دەبڕێت و بەتوندی هەناسە هەڵدەمژین. ئەم دۆخە زۆر لە ڕاوەستانی دڵ دەچێت.

بۆ بەردەوام نیگەرانم شتێکی ناخۆش ڕوو بدات؟
لە دڵەڕاوکێدا بەردەوام چاوەڕوانی شتێکی چاوەڕواننەکراو دەکەین. کاتێک بۆ ماوەیەکی زۆر دڵەڕاوکێی چارەسەرنەکراومان هەیە، هۆرمۆنەکانی ترس بەردەوام کار دەکەنە سەر مێشک و ئامادەی دۆخی شەڕ یان هەڵاتن دەبن. کاتێک سترێسمان لە سەرەوەیە، چۆنیەتیی هەناسەهەڵکێشان دەتوانێت جەستە هێور بکاتەوە.

ئایا دڵەڕاوکێ و ترس یەک شتن؟
دڵەڕاوکێ و ترس زۆر لە یەک دەچن بەڵام بۆ پسپۆڕانی بواری دەروونی، دوو شتی جیاوازن. ترس دژەکردەوەیەک بەرامبەر ڕووداوێک یان شتێکی واقیعییە. کاتێک ماڵەکەمان ئاگر دەگرێت، ئێمە ترس دەمانگرێت نەک دڵەڕاوکێ. چارەسەرەکانی ترس لە دڵەڕاوکێ جیاوازن، بۆیە پێویستە ئەم دووانە لێک جیا بکەینەوە.

وشە سەرەکییەکان:
Anxiety: دڵەڕاوکێ
Physical symptoms: نیشانە جەستییەکان
Worry: نیگەرانی
panic: ترسانی لەناکاو
Fear: ترس

ئامادەکار: ئەمیر عەبدوڵڵاپوور
چاودێری زمانی: حەسەن مووسازادە

سەرچاوە:

Moore, B.A., 2014. Taking Control of Anxiety: Small Steps for Getting the Best of Worry, Stress, and Fear. Washington, DC: American Psychological Association.

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button