بابەتتەندروستی

بۆچی تاتۆکان بۆ هەمیشە دەمێننەوە؟!

سەرەڕای ئەوەی کە هەر ڕۆژ بەشێک لە خانەکانی پێستی مرۆڤ دەمرن بەڵام دیسانەوە تاتۆکان دەمێننەوە، هۆکاری ئەم دیاردەیە چییە؟! بەپێی توێژینەوەیەک کە پسپۆڕانی بەرگریی فەڕەنسایی ئەنجامیان داوە، ئەو کەسانەی کە حەز بە تاتۆ دەکەن دەبێت بۆ مانەوەی  تاتۆکان زۆر لە سیستمی بەرگریی لەشیان مەمنون بن.

لە پەیپرێکی نوێدا کە ٦ی مارس لە جورناڵی پزیشکیی ئەزموونیدا بڵاو کراوەتەوە، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە ماددەی ڕەنگیی تاتۆ لە دێرمیسدا (توێی ناوەڕاستی پێست) لە ڕێگەی جۆرێک لە خانەی سپیی خوێنەوە هەڵدەگیرێت کە بە ماکرۆفەیج ناسراوە. کاتێک خانەکانی ماکرۆفەیج دەمرن، ئەو ماکە ڕەنگییەی کە هەڵیانگرتووە لە ڕێگەی خانەکانی دراوسێیانەوە جارێکی تر هەڵدەگیرێت. کاتێک ماددە ڕەنگییەکان لە ڕێگەی دەرزییەوە لە لەشتان دەدرێن خانەکانی ماکرۆفەیج وەک دوژمن و هێرشکەر دەیانناسن بۆیە بە خێرایی کۆ دەبنەوە و دەنکەکانی ڕەنگەکە قووت دەدەن.

لەو توێژینەوەیەدا نەخشێکی خەت خەتیان لەسەر جۆرێک مشکی ئەندازیاریکراوی تایبەت تاتۆ کرد، بە شێوەیەک کە بە سادەیی دەکرێت خانەکانی ماکرۆفەیج لە مشکەکەدا بکرێنە ئامانج و لە ناو ببرێن. دوای ماوەیەک لە کوتانی تاتۆتەکە دەرزییەکیان لە مشکەکە دا بۆ ئەوەی ئەو خانانە بمرن کە ڕەنگەکەیان لە خۆیاندا هەڵگرتووە بەڵام بۆیان دەرکەوت کە دیسانەوە تاتۆکە دەمێنێتەوە و لە بەین ناچێت، بەڵکوو لە ڕێگەی خانەکانی تری جۆری ماکرۆفەیجەوە ئەو ڕەنگانە هەڵدەگیرێن.

بۆ تاقیکاریی زیاتر بەشێک لە پێستی تاتۆکراوی مشکەکەیان لەسەر مشکی جۆری ئالبینۆ چاند. چەند هەفتە دوای تاقیکردنەوەکە بۆیان دەرکەوت کە خانەگەلی ماکرۆفەیجی مشکە وەرگرەکە زۆربەی ئەو ماددە ڕەنگییەی وەرگرتووە کە لە خانەکانی مشکە بەخشێنەرەکەوە ڕژاون.

توێژەران پێیان وایە کە ئەم کارەیان دەتوانێت لە لابردنی تاتۆدا، یارمەتیی پزیشکان بدات. لە ئێستادا لە ڕێگەی لەیزێرەوە ماددە ڕەنگییەکان دەشکێنرێن تاوەکوو ماکرۆفەیجەکان بە سادەیی  بیانگوازنەوە بۆ کۆئەندامی لیمفی کە لەو ڕێگەیەوە ماددەکە لە لەش دەر بکرێت. ئەم پرۆسەیە درێژخایەنە و چەندین ساڵی پێدەچێت. کوشتنی ماکرۆفەیجەکان بە شێوەیەکی بژاردەیی وەک ئەوەی لە مشکەکاندا ئەنجام درا دەتوانێت پێواژۆی لابردنی تاتۆکان بە لەیزێر خێراتر بکات. توێژەران هیواخوازن کە بە هاوکاریی پسپۆڕانی پێست ئەم گریمانەیە لەسەر مرۆڤ تاقی بکەنەوە.

وشەکان:

immunologist پسپۆڕی بەرگری
pigment  ماددەی ڕەنگی
dermis دێرمیس
macrophage ماکرۆفەیج
engineered  ئەندازیاریکراو
lymph system کۆ ئەندامی لیمفی
dermatologist پسپۆڕی پێست

process پێواژۆ

سەرچاوە:

https://www.livescience.com/61932-why-tattoos-last.html

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button